لەسەر ئاستی عێراق لیستەکەی عامری یەکەم و مالکی دووەمە

زووم:

لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق و بەپێی ئەنجامە بەراییەکان، هاوپەیمانییەکەی هادی عامری زۆرترین کورسیی بەدەستهێناوە، دوای ئەو لیستەکەی نوری مالکی دێت، لە لیستە کوردستانییەکانیشدا یەکێتی زۆرترین کورسیی دەستخستووە، لەنێو سوننەکانیشدا لیستی تەقەدومی محەمەد حەلبووسی یەکەمە.

کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردەکان لیستی هاوپەیمانی و حزبە براوەکانی سەر ئاستی عێراقی لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان بڵاوکردەوە، بەپێی ئەنجامە بەراییەکان، هاوپەیمانیی نەبنی، کە هادی عامری سەرۆکایەتیی دەکات، بە 43 کورسی یەکەمی سەر ئاستی عێراقە، هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسای نوری مالیکیش دووەمە بە دەستخستنی 35 کورسیی ئەنجومەنی پارێزگاکان، هاوپەیمانیی (قوی الدولە الوطنية)، کە عەممار حەکیم سەرۆکایەتیی دەکات و حەیدەر عەبادیش تیایدا بەشدارە، بە 23 کورسی لە پلەی سێیەمدایە.

هەرچی تایبەتە بە لیست و هاوپەیمانییە کوردستانییەکان، یەکێتیی نیشتمانی بە بەدەستهێنانی هەشت کورسیی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق لە پلەی یەکەمدایە، پارتی دیموکراتی کوردستانیش بە شەش کورسی دووەمە و هیچ هێزێکی دیکەی کوردستانی کورسیی بەدەستنەهێناوە.

لەنێو هێز و پارتە سونییەکانیشدا، هاوپەیمانیی تەقەدوم، کە محەمەد حەلبووسی سەرۆکایەتیی دەکات، توانیویەتی لە سەرتاسەری عێراقدا 22 کورسی بباتەوە و یەکەمی پێکهاتەی سوننەیە، لە سەر ئاستی کۆی عێراقیش چوارەمە.

رۆژى دوو شەممەى رابردوو هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکان بەرێوەچوو، رۆژى سێ شەممەش کۆمسیۆن ئەنجامى بەرایی هەڵبژاردنەکەى راگەیاندو بڕیارە چەند رۆژى داهاتووش تەواوى ئەنجامەکان بە فەرمى رابگەیەنێت.

 

 

 

هەواڵی زیاتر

Back to top button