نرخی خانووبەرە و کرێ لە ئێران خەڵکی ئەو وڵاتەى گرفتار کردووە

کرێکارێک بە حەقدەستی 10 مانگ یەک مەتر خانوبەرەی پێدەکڕدرێت

زووم:

خەمی شوێنی نیشتەجێبوون و بەرزی نرخ و کرێی خانووبەرە یەخەی خەڵکى ئێرانی گرتووە، بەتایبەت کەمدەرامەت و هەژاران.

شتێکیش ئێستا بووەتە بنەما، نیوەی داهاتی خەڵک بۆ کرێ و چەند مانگێکیش لە ساڵدا بە گەڕان بەدوای خانوودا بەسەردەبرێت.

نوسینگەی سەرژمێریی ئێران ژمارەی کرێچییەکانی ئەو وڵاتەی بە نزیکەی 25 ملیۆن کەس خەمڵاندووە، بەڵام مۆجتەبا یوسفی، ئەندامی لیژنەی مەدەنیی پەرلەمانی ئێران، لە ماوەی رابردوودا رایگەیاند، نزیکەی 51%ی دانیشتووانی ئێران لە خانووی کرێدا دەژین، بۆیە بە لێکدانەوەکەی پەرلەمانتارەکەی ئێران بێت، ژمارەی کرێنشینانی وڵاتەکە نزیکەی 45 ملیۆن کەسن.

تارانی پایتەخت، نزیکەی نیوەی خەڵکەکەی کرێچین، نرخی یەکەیەکی نیشتەجێبوونیش لە تاران بە بەراورد بە ساڵی رابردوو بە ڕێژەی 86% زیادیکردووە، وەک ئەوەی ناوەندی ئاماری ئێران ئاشکرایکردووە.

ناوەندەکە راشیگەیاندووە، ئاستی هەڵاوسانی ساڵانە گەیشتووەتە بەرزترین ئاستی لە ماوەی چوار ساڵی رابردوودا.

لە ئەمساڵدا تێکڕای نرخی یەک مەتر چوارگۆشەی خانووبەرە لە تاران گەیشتە 80 ملیۆن تمەن، کە دەکاتە هەزار و 600 دۆلار، نرخێک، نزیکەی  10 هێندە زیاترە لە کەمترین ئەو حەقدەستە مانگانەیەی ئەنجومەنی باڵای کار بۆ کرێکارانی رۆژانەی دیاریکردووە، واتا کرێکارێک بە حەقدەستی 10 مانگ ئەوکات دەتوانێت یەک مەتر چوارگۆشە خانوبەرە لە تاران دەستبخات.

لە ساڵانی رابردوودا بەرزبوونەوەی نرخی خانووبەرە لە ئێران بووەتە هۆی شەپۆلێکی بێماڵی و سەرهەڵدانی دیاردەی خەوتن لەسەر شەقامەکان، لەسەر پاسەکان و لە سەربانەکان، ئەمە جگە لە کۆچی مووچەخۆرانی کەمدەرامەت و هەژار لە شارەکانەوە بۆ شارۆچکە و ناوچە پەراوێزەکان.

 

 

هەواڵی زیاتر

Back to top button