دادگای کۆلۆڕادۆ ترەمپی لە دەنگدانی بەرایی سەرۆکایەتی بێبەشکرد

هەنگاوێکی مێژوویی

لە بڕیارێکی دەگمەن و مێژوویدا، دادگەی باڵای ویلایەتی کۆلۆڕادۆی ئەمریکا بڕیاری دا دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی وڵاتەکە لە دەنگدانی بەرایی سەرۆکایەتی ئەمریکا لەو ویلایەتەدا دوربخاتەوە. ئەمەش مانای وایە ترەمپ ناتوانێت لە هەڵبژاردنی گشتیی سەرۆکایەتیدا، کە ساڵی داهاتوو بەڕێوەدەچێت، لەو ویلایەتە خۆی کاندید بکات.

ئەو تۆمەتەی کە دادگەکە داویەتە پاڵ ترەمپ پەیوەندی بە هەمان کەیسی تێوەگلانی ناوبراوەوە هەیە لە رووداوەکانی کاپیتۆل هۆڵ لە ساڵی 2020، کە گوایە ترەمپ لایەنگرانی هانداوە هەڵبکوتنە سەر کۆشکی کاپیتۆڵ هۆڵ لەدوای ئەوەی رازینەبوو بە ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی کە تێیدا ترپەم لەبەرامبەر بایدندا دۆڕاندیی و نەیتوانی دووبارە ببێتەوە بە سەرۆکی وڵات.

بەگوێرەی بڕیارەکەی دادگە، ترەمپ گونجاو نییە بۆ خۆکاندیدکردن لەو ویلایەتە، چونکە لە یاخیبوونەکانی سێ ساڵ لەمەوبەری کاپیتۆل هۆڵ تێوەگلاوە. ئەمەش یەکەمجارە کە بەگوێرەی دەستوری ئەمریکا، کاندیدێکی سەرۆکایەتی بە شیاوی پۆستەکە نەزانرێت.

دوای بڕیارەکە، هەڵمەتی بانگەشەی ترەمپ بڕیارەکەی دادگەی بە دژی دیموکراسی ناوبرد و بەڵینیدا تانە لە بڕیارەکە بدات. لایەنگرانی ترەمپ دەڵێن ڕکابەرە دیموکراتەکانی ترەمپ باوەڕیان بە “سەرۆکایەتی شکستخواردووی بایدن” نەماوە و ئێستاش هەموو کارێک دەکەن بۆ ئەوەی دەنگدەرانی ئەمریکی بوەستێنن لەوەی لە ئۆفیسەکەی بیخەنە دەرەوە. ئاماژەیان بەوەشکرد “دیکتاتۆرییەکان ئاوا لەدایک دەبن.”

ئەوەی کە جێگەی نیگەرانییە بۆ ترەمپ تەنها بڕیارەکە نییە لەو ویلایەتە، بەڵکو ترسی ترەمپ لەوەیە کە بڕیاری هاوشێوە لە ویلایەتەکانی دیکەی ئەو وڵاتەدا بدرێت و ترەمپ بەتەواویی لە خۆکاندیدکردن بۆ دووبارە بەدەستهێنانەوەی پۆستی سەرۆکایەتی دوربخرێتەوە، چونکە چەندین هەوڵی هاوشێوە لە ویلایەتەکانی نیو هامپشایەر، مینێسۆتا و میشیگەن دراون بەڵام شکستیان هێناوە.

بڕیارەکە کە شەوی رابردوو دەرچوو، تا مانگێکی دیکە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە ئەگەر تانەی لێ نەدرێت، هاوکات بڕیارەکە تەنها بۆ هەڵبژاردنی بەرایی ویلایەتی کۆلۆرادۆیە و هیچ ویلایەتێکی دیکە ناگرێتەوە.

دەنگدانی بەرایی سەرۆکایەتی لە 5ی ئازاری ساڵی داهاتوو بەڕێوەدەچێت کە تیایدا دەنگدەرانی پارتی کۆمارییەکان کە پارتەکەی ترەمپە، کاندیدی دڵخوازیی خۆیان هەڵدەبژێرن لەنێو پارتی کۆمارییەکاندا. هاوکات بڕیارەکە پێدەچێت کاریگەریی هەبێت لەسەر هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی مانگی تشرینی دووەمی ساڵی داهاتوو.

دوای ئەوەی ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ساڵی 2020 راگەیەندران و دۆناڵد ترەمپ نەیتوانی بەسەر جۆ بایدندا سەربکەوێت، کەوتە تانەدان لە پرۆسەی هەڵبژاردنی وڵاتەکەی و دامودەزگای هەڵبژراردنی بە ئەنجامدانی ساختەکاریی تۆمەتبار کرد. ئەمەش وایکرد لایەنگرانی ترەمپ هەڵبکوتنە سەر کۆشکی کاپیتۆڵ هۆڵ، کە شوێنی یاسادانانی ئەمریکا و کۆنگرێسی وڵاتەکەیە. ئەو کاتەی کە ئەندامانی کۆنگرێس خەریکی رێکارەکانی متمانەدان بوون بە جۆ بایدن وەک سەرۆک، سەدان کەس لە لایەنگرانی ترەمپ هەڵیانکوتایە سەر باڵەخانەکە و دواتر بە زەبری هێز بڵاوەیان پێکرا.

هەواڵی زیاتر

Back to top button