دەزگای هەڵبژاردنی پارتی و یەکگرتوو لە کەرکوک: کێشە لە ئامێرەکانی پەنجەمۆردا هەیە

بەگوێرەی لێدوانی بەرپرسانی هەڵبژاردنی پارتی و یەکگرتوو لە کەرکوک، ئامێرەکانی پەنجەمۆر لە چەند بنکەیەک کێشەیان هەیە و هاوڵاتیان بێبەش دەبن لە دەنگدان.

سامان ڕەشید، ڕێپێدراوی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی تایبەت بە زوومی ڕایگەیاند، لە ساتی دەستپێکردنی پرۆسەکەوە کێشەی هونەری دروست بووە لە چەند بنکەیەک و ئامێری پەنجەمۆرەکە پەنجەمۆری هاوڵاتیان نەخوێندووەتەوە.

سامان رەشید جەختیکردەوە کە تیمی هونەری کۆمسیۆن بە بەردەوامی سەرقاڵی چاککردنی کێشەکانن.

لەو بارەیەوە جوان حەسەن، بەرپرسی بنکەی هەڵبژاردنی یەکگرتوو لە کەرکوک لە لێدوانێکدا بۆ زووم جەختی لە بوونی کێشە لە ئامێرەکانی پەنجەمۆردا کردەوە و رایگەیاند، کێشەکە وادەکات هاوڵاتیان لە مافی دەنگدان بێبەش ببن.

گوتیشی، یەکێک لە کێشەکانی دیکە ئەوەیە بەشێک لە هاوڵاتیان بە باجی کۆنەوە سەردانی بنکەکانی دەنگدان دەکەن کە ئەمەش دووبارە هاوڵاتیان بێبەش دەکات لە پرۆسەکە.

لە دەنگدانی تایبەتی ئەنجوومەنی پارێزگاکان کە شەممەی رابردوو ئەنجام درا، چەند ئامێرێکی دەنگدان لە چەند بنکەیەکی پارێزگاکان کێشەیان تێکەوت و ئەنجامی کۆتایی نەناردەوە بۆ ناوەندی سەرەکی، ئەوەش ناڕەزایەتی خەڵک و لایەنە سیاسییەکانی لێکەوتەوە.

دواتر کۆمسیۆن لە راگەیەنراوێکدا دانی بە کێشەکەدا نا و جەختیکردەوە کە لەگەڵ کۆمپانیای دابینکەری ئامێرەکاندا کە کۆمپانیایەکی کۆرییە کێشەکەیان چارەسەرکردووە و جەختیکردەوە کە لە دەنگدانی گشتیدا ئەو کێشەیە رووناداتەوە.

هەواڵی زیاتر

Back to top button