کۆمسیۆن رێگەی نەدا وەزیری ناوخۆی عێراق دەنگ بدات

کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان رێگەی نەدا عەبدولئەمیر شەمەری، وەزیری ناوخۆی عێراق لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکاندا دەنگ بدات.

ئاکام فەهمی، زوومی بەغداد رایگەیاند، بەیانی ئەمڕۆ شەمەری بۆ دەنگدان لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان سەردانی هۆتێل ڕەشیدی بەغداد کە تایبەت کراوە بە دەنگدانی کەسایەتییە سیاسی و حکومییەکان، بەڵام کارمەندانی کۆمسیۆن بە پاساوی بەسەرچوونى کارتى بایۆمەتری، رێگەیان نەدا دەنگ بدات.

گوتیشی، بڕیارە وەزیری ناوخۆ لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەنووسیدا روونکردنەوە لەسەر رووداوەکە بدات.

هاوکات هەر ئەمڕۆ کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند، ئەو کەسانەی کارتی دەنگدانیان وەرنەگرتووەتەوە دەتوانن تاوەکو کاتژمێر شەشی ئێوارە کارتەکانیان وەربگرنەوە بۆئەوەی بتوانن دەنگ بدەن.

حەسەن هادی، ئەندامی تیمی راگەیاندن لە کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان بە ئاژانسی فەرمیی عێراقییەی راگەیاند، تائێستا 600 هەزار دەنگدەر لە سەرانسەری وڵات کارتی دەنگدانیان وەرنەگرتووەتەوە، بۆیە تاوەکو کاتژمێر شەشی ئێوارەی ئەمڕۆ وەرگرتنەوەی کارتەکە بەردەوام دەبێت.

گوتیشی، هاوڵاتیان دەتوانن سەردانی نوسینگەکانی کۆمسیۆن لە بەغداد یاخود پارێزگاکانی خۆیان بکەن بۆ وەرگرتنەوەی کارتەکان تاوەکو بتوانن ئەمڕۆ دەنگ بدەن.

حەسەن هادی جەختیکردەوە کە  زیاتر لە حەوت هەزار و 166 ناوەندی دەنگدان کراونەتەوە بۆئەوەی پێشوازی لە 16 ملیۆن دەنگدەر بکەن.

هەواڵی زیاتر

Back to top button