مەسک تویتەرى کڕی و تێسلا دەفرۆشێت

بە بەهای نزیکەی چوار ملیار دۆلار پشکى کۆمپانیاکە دەفرۆشێت

بەگوێرەى تۆمارەکانی چاودێری دارایی ئەمریکا، ئیلۆن مەسک، خاوەنی کۆمپانیای تێسلا، 19.5 ملیۆن پشکی دیکەی کۆمپانیاکەی، کە دروستکەری ئۆتۆمبێلی کارەباییە، بە بەهای 3.95 ملیار دۆلار فرۆشتووە.

ئەم هەواڵە لە کاتێکدایە، کە کەمتر لە دوو هەفتە، مەسک وەک دەوڵەمەندترین پیاوی جیهان لە گرێبەستێکدا تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەری بە بڕی 44 ملیار دۆلار کڕی.

لە سەرەتای ساڵی 2022ەوە، نرخی پشکەکانی تێسلا زیاتر لە 50% دابەزیوە.

ئێستا کۆمپانیای تێسلا خەریکی کشانەوەی زیاتر لە 40 هەزار ئۆتۆمبێلە لە بازاڕەکانی ئەمریکا بەهۆی ئەوەی کێشەیەک لە کارەبای سوکانەکانیاندا هەیە.

هۆکاری دوایین فرۆشتنی پشکی کۆمپانیاکە لەلایەن مەسکەوە، کە لە هەفتەی رابردوودا رویدا نەزانراوە.

لەو کاتەوەی، کە سەرەتای ئەمساڵ رایگەیاند پشکێکی لە تویتەر کڕیوە، مەسک بە بەهای نزیکەی 20 ملیار دۆلار پشکى تێسلای فرۆشتووە.

لە مانگی نیسانی ئەمساڵدا 8.5 ملیار دۆلاری پشکەکانی تێسلای فرۆشتووە و لە مانگی ئابدا نزیکەی 7 ملیار دۆلاری دیکەی فرۆشتووە.

دوای کڕینى تویتەر لە مانگی رابردووەوە، مەسک نزیکەی 50%ی هێزی کاری کۆمپانیاکە کەمکردووەتەوە.

مەسک لە تویتێکدا ئاماژەی بەوەدا “هیچ بژاردەیەکی نییە” جگە لە کەمکردنەوەی کارمەندانی کۆمپانیاکە، چونکە کۆمپانیاکە رۆژانە زیاتر لە چوار ملیۆن دۆلار زیان دەکات.

نوێترین هەنگاوی پلاتفۆرمی تویتەر بریتییە لە وەرگرتنی مانگانە هەشت دۆلار لەو بەکارهێنەرانەی نیشانەی پشتڕاستکردنەوەیان هەیە، کە بە سەحە شینەکە ناسراوە.

هەواڵی زیاتر

Back to top button