هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق دەستیپێکرد

کاتژمێر 7:00ـى بەیانى پرۆسەى دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق دەستیپێکرد و تاوەکو کاتژمێر 6:00ـى ئێوارە بەردەوام دەبێت، ئەنجامەکانیش دوای 24 کاتژمێر لە کۆتاییهاتنی هەڵبژاردنەکە رادەگەیەندرێت.

بەگوێرەى ئامارى کۆمسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بۆ هەڵبژاردنەکە نزیکەی 16 ملیۆن کەس مافى دەنگدانیان هەیە، 7 هەزار و 766 ناوەندی دەنگدانیش لە تەواوی عێراقدا هەن، کە 38 هەزار وێستگە لەخۆدەگرن.

بۆ ئەم هەڵبژاردنە، لەنێو 39 هاوپەیمانى و 29 حزبدا، 5 هەزار و 970 کەس خۆیان بۆ ئەنجومەنى پارێزگاکان کاندیدکردووە، 66 کاندیدى سەربەخۆش هەن.

کۆمسیۆن راشیگەیاندووە، 500 رێکخراوى نێودەوڵەتى و ناوخۆیی بۆ چاودێریکردنى پرۆسەکە ناویان تۆمارکراوە، زیاتر لە 900 تیمى چاودێریکردن لە سەرجەم پارێزگاکانى عێراق و ناوەندەکانى دەنگدان دانراون بۆ چاودێریکردنى پرۆسەکە و تۆمارکردنی سەرپێچییەکان.

جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق راگەیاند، دەنگدانەکە تاوەکو کاتژمێر شەشی ئێوارە بەردەوام دەبێت و ئامێرە ئەلیکترۆنییەکانی دەنگدان کاتژمێر شەش دادەخرێن.

گوتەبێژەکەی کۆمسیۆن دەڵێت، ئەنجامەکانی دەنگدانی تایبەت و گشتی لە یەککاتدا و دوای جیاکردنەوە و ژماردنی دەنگدانی گشتی، لەماوەی 24 کاتژمێردا ئاشکرادەکرێن، ئەوەش بەگوێرەی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان، دواتر قۆناغی وەرگرتنی سکاڵا و تانەکان لە ئەنجامەکانی هەڵبژاردن دەستپێدەکات.

 

هەواڵی زیاتر

Back to top button