هۆکارى دابەزینى نرخى دۆلار بەرامبەر دینار چییە؟

زووم:

نرخى هەر 100 دۆلارێکى ئەمریکى بۆ نزیکى 154 دینارى عێراقى دابەزى، کە نزمترین ئاستى سێ مانگى رابردووەو بە قسەى شارەزایەکى ئابووریش، دابەزینى نرخەکەى لەم چەند رۆژەدا، پەیوەندى بە رێککەوتنى نێوان بانکى ناوەندیى عێراق و وەزارەتى گەنجینەى ئەمریکا هەیە.

ئەمڕۆ یەکشەممە، لە بازاڕەکانى هەرێمى کوردستان نرخى دۆلار دابەزینى بەخۆوە بینى، بە شێوەیەک هەر 100 دۆلارێک بە 154 هەزار و 400 دینار مامەڵەى پێوەکرا، ئەو نرخەش لە 26ى ئەیلوولى رابردووەوە تۆمارنەکراوە.

جەبار گۆران، گوتەبێژی بازاڕی دراوی شاری سلێمانی لەبارەى دابەزینى نرخى دۆلار لەئەمڕۆو رۆژانى رابردووش، بۆ زووم گوتى: رێككەوتنی نێوان عێراق و ئەمریكا لەلایەك و خستنەڕووی دۆلارێكی زۆر لایەن بانكەكانەوە لەلایەكی ترەوە، هۆكاری سەرەكی دابەزینى نرخى دۆلارە بەرامبەر دینار.

جەبار گۆران، کە شارەزاى ئابووریشە، گوتیشى: پێشبینی دەكرێت نرخی دۆلار بە ناجێگیری بمێنێتەوە و لەگەڵ نزیكبوونەوە لە ساڵی نوێ بەهای دۆلار روو لە بەرزبوونەوە بکاتەوە، ئەوەش بەهۆى زیادبوونى پشووەکانى سەرى ساڵ، هۆكاری دووەمیش بەهۆی گەشتکردنى هاووڵاتیان بۆ دەرەوە، کە ئەوەش وادەکات خواست لەسەر دۆلار زیاد بکات و نرخەکەى روو لە بەرزبوونەوە بکات.

هەفتەى رابردوو بانکى ناوەندى عێراق و وەزارەتى گەنجنەى ئەمریکا لە دوبەیی ئیمارات کۆبوونەوە، کە بە گوێرەى راگەیەنراوێکى بانکى ناوەندیى عێراق، لەو کۆبوونەوەیە وەزارەتى گەنجینەى ئەمریکا پشتگیرى خۆى بۆ رێکارەکانیان دووپاتکردووەتەوە.

هەر بە گوێرەى راگەیەنراوەکە، بانکى ناوەندى دووپاتیکردووەتەوە، لە ساڵى نوێدا (2024) یەدەگى فیدڕاڵى بەردەوام دەبێت لە ناردنى دۆلارى پێویست بۆ بانکى ناوەندى عێراق، ئەوەش بۆ پڕکردنەوەى پێداویستییەکانى بە دۆلار.

لەبارەى نرخى دۆلار لە ساڵى نوێدا، بەتایبەتى دواى جێبەجێکردنى تەواوى رێکارەکانى بانکى ناوەندى عێراق، جەبار گۆران گوتى: لە دوای سەری ساڵەوە ئەگەر عێراق تەواوی مامەڵەی دراو بە دینار بكات و پەنا بۆ دراوی دیكە ببات و بەو دراوانە مامەڵە لەگەڵ وڵاتانی دیكە بكات، نرخی دۆلار زیاتر لە ئێستای دادەبەزێت.

ماوەى رابردوو بۆ رێگرى لە بەرزبوونەوەى نرخى دۆلار، بانکى ناوەندى بڕیاریدا، لە ساڵى نوێوە، دەست بە چەند رێکارێک دەکات، کە گرنگترینیان ئەوەیە، سەرجەم مامەڵە ناوخۆییەکان دەکات بە دینار، هەروەها لەگەڵ چەند وڵاتێکیش رێککەوتووە، بۆ ئەوەى مامەڵەى بازرگانى بە دراوى تر بکەن، جگە لە دۆلار.

هۆگر هەڵگورد – زوومى سلێمانى

 

هەواڵی زیاتر

Back to top button