مێرمنداڵێکی بەریتانی دوای شەش ساڵ لە ونبوونی لە وڵاتێکی دیکە دۆزرایەوە

زووم:

چیرۆکی ونبوونی ئەلێکسی تەمەن 17 ساڵانی بەریتانی جیاوازترە، چونکە دوای شەش ساڵ لە ونبوونی، لە وڵاتێکی دیکە دۆزرایەوە.

ئەلێکس لە شاری تۆلۆزی باشوری رۆژئاوای فەڕەنسا دۆزرایەوە، پۆلیسی بەریتانیا سەرقاڵی لێکۆڵینەوەیە لە هۆکارەکانی ونبوونی، هەروەها گێڕانەوەیەتی بۆ نێو خێزان و کۆمەڵگەکەی.

چیرۆکی ئەلێکس پڕە لە دەردەسەری، پێشتر دادگەی بەریتانیا مافی چاودێریکردن و بەخێوکردنی بە نەنکی سپاردبوو، چونکە بەپێی راپۆرتە پزیشکییەکان، بارودۆخی دایکی ناجێگیر بوو.

بەڵام ئەی چیرۆکەکە چۆنە؟!

کاتێک ئەلێکس تەمەنی تەنها 11 ساڵ بوو، میلانی باتی دایکی مۆڵەتی پشوو وەردەگرێت بۆ گەشتیکی وڵاتی ئیسپانیا و داوا دەکات بۆ ماوەی 15 رۆژ ئەلێکس بۆ ئەو گەشتە ببات لەگەڵ خۆی و داپیرەشی رازی بوو.

کاتێک ماوەی گەشتەکە تەواو دەبێت، ئەلێکس ناگێڕێتەوە بۆلای نەنکی کە لە مانجستەر دەژی و دواتر لە 10ی ئابی 2017ـەوە گەڕان بۆ ئەلێکس و دایکی دەستپێدەکات.

شەش ساڵی تەواو ئەلێکس و دایکی لە گەڕیدەییدا ژیان بەسەر دەبەن، لە هیچ جێگەیەک شەش مانگ زیاتر بە جێگیری نەماونەتەوە.

کاتێک دایکی بە ئەلێکس دەڵێت دەچنە فینلەندا، ئەلێکس رازی نابێت و بڕیار لە دایکی هەڵبێت و بەرەو شاری تۆڵۆز بەڕێدەکەوێت.

ئەلێکس ماوەی چوار رۆژ بە پێ دەبڕێت، لە باغ و دارستانەکان خواردن دەخوات و دەمێنیتەوە.

رێککەوتی 13ی ئەم مانگە و لە کاتژمێر سێی بەرەبەیاندا، فابیان ئاکسیدنی کە شۆفێرێکی تەکسیی فەرەنسییە ئەلێکس دەدۆزێتەوە، فابیان دەڵێت، ئەلێکس بەژێر بارانێکی بەخوڕدا رێی دەکرد، سەرەتا سڵی دەکرەوە لەوەی گفتوگۆ بکات، دواتر پێ گوتبوو کە ئەو  رفێنراوە.

فابیان دەشڵێت، زۆر دڵخۆشم توانیومە هاوکاری بکەم، ئەو بەمنی گوت کە دەخوازێت خوێندن تەواو بکات و ببێتە ئەندازیار.

ئەنتوان لۆروا، جێگری داواکاری گشتیی تۆڵۆز لە فەڕەنسا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنووسیدا گوتی، ماوەی شەش ساڵ ئەلێکس و دایکی ژیانێگی گەڕیدەییان هەبووە، لە نیوەشەوێکی چوارشەممەی رابردوودا لەلایەن شۆفێرێکی فەرەنسییەوە لە شاری تۆڵۆز و لەسەر رێگایەکی خێرا دۆزراوەتەوە.

ئاشکرایکرد کە هێشتا دایکی ئەلێکس نەدۆزراوەتەوە و بەگوێرەی زانیارییەکان لە وڵاتی فینلەندایە.

بەگوێرەی راپۆرتە پزیشکییەکان، ئەلێکس تەندروستییەکی باشی هەیە و هێمن و لەسەرخۆیە، خاوەنی زیرەکییەکی باڵایە،  پێناچێت هیچ گیروگرفت و ئازار و ناڕەحەتییەکی بینیبێت لەماوەی شەش ساڵ ونبونی لە نەنکی.

هەواڵی زیاتر

Back to top button