زلهێزانی ئەوروپا داوای ئاگربەستی درێژخایەن لە غەزە دەکەن

زووم:

وادیارە تەنها لێدوانەکانی جۆ بایدنی سەرۆکی ئەمریکا نییە لەبارەی جەنگی غەزەوە، کە بەدڵی ئیسرائیل نەبێت، بەڵکو هەڵوێستی وڵاتانی بەریتانیا، فەرەنسا و ئەڵمانیاشی هاتەسەر و هەرسێ وڵات داوای ئاگربەست و کۆتاییهێنان بە شەری غەزە دەکەن.

لەوبارەیەوە، هەریەک لە دەیڤد کامیرۆن، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا و ئانالینا بایربۆک، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا لە وتارێکدا لە رۆژنامەی سەندەی تایمزی بەریتانی هەڵوێستی خۆیان لەبارەی راگەیاندنی ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و حەماس دەربڕی، هەردوو وەزیرەکە جەختدەکەنەوە، ئامانجی ئەوان تەنها ئەوە نییە ئەمڕۆ جەنگ رابگیرێت، بەڵکو داوای ئاگربەستێک دەکەن کە چەندین رۆژ، ساڵ و نەوە بخایەنێت.

هەڵوێستی وەزیرانی دەرەوەی بەریتانیا و ئەڵمانیا لەکاتێکدایە، سێشەممەی رابردوو لە دەنگدانی دەستەی گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکاندا، نە دەنگیان بە بەڕاگەیاندنی ئاگربەست دا، نە دژیشی وەستانەوە و بایکۆتی پرۆسەی دەنگدانەکەیان کرد، بەڵام لە هەڵوێستی نێو وتارەکەیاندا، داوای دەستبەجێ ئاگربەستێکی درێژخایەن دەکەن.

 

وەزیری دەرەوەی فەرەنساش هەمان هەڵوێستی هاوتا بەریتانی و ئەڵمانییەکەی هەیە

 

وەزیری دەرەوەی فەرەنساش هەمان هەڵوێستی هاوتا بەریتانی و ئەڵمانییەکەی هەیە، لە سەردانێكیدا بۆ تەلئەبیب، کاترین مۆڵۆنا، وەزیرە فەرەنسییەکە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەنوسیدا لەگەڵ ئێڵی کۆهێن-ی هاوتا ئیسرائیلییەکەی، رایگەیاند، پاریس زۆر بە قووڵی نیگەرانە لە دۆخی ناوچەکە و ژمارەیەکی زۆر لە هاووڵاتیی مەدەنی کوژراون، ئەمە جگە لەوەی نابێت قوربانیانی 7ی ئۆکتۆبەری هێرشەکەی حەماسیش لەبیربکرێن، بۆیە وەزیری دەرەوەی فەرەنسا ویستی پاریسی بۆ ئاگربەستێکی درێژخایەنی مرۆیی راگەیاند.

هەڵوێستی وەزیرە فەرەنسییەکە لەکاتێکدایە، شەوی رابردوو پاریس بەتوندی ئیدانەی هێرشێکی ئیسرائیلی بۆ سەر غەزە کرد، کە تێیدا کارمەندێکی وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا گیانی لەدەستدا، بۆیە مۆڵۆنا، رایگەیاند، “دەبێت بیرێک لەو بارودۆخە بکرێتەوە”.

لەبەرامبەر داواکەی وەزیری دەرەوەی فەرەنسا، هاوتا ئیسرائیلییەکەی رایگەیاند، داواکارییەکان بۆ راگەیاندنی ئاگربەستی شەڕی وڵاتەکەی لەگەڵ حەماسدا “نابەرپرسارانەن و خەڵاتێکن” بۆ حەماس.

 

داواکارییەکان بۆ راگەیاندنی ئاگربەستی شەڕی وڵاتەکەی لەگەڵ حەماسدا “نابەرپرسارانەن و خەڵاتێکن” بۆ حەماس

 

لەو بارەیەوە، کۆهێن رایگەیاند، “ئاگربەست یارمەتیمان نادات لە ئازادکردنی بارمتەکان و دەمانباتەوە هەمان ئەو راستییەی، کە لە پێش 7ی ئۆکتۆبەر لەگەڵیدا دەژیاین”، روو لە وەزیرە فەرەنسییەکە وتیشی، “ئەگەر رێکخراوێکی تیرۆرستی خۆشحاڵ بێت بە بڕیارێکی ئێوە، مانای وایە ئێوە بڕیارێکی هەڵەتان داوە”، وەک ئاماژەیەک بۆ بڕیارنامەکەی نەتەوەیەکگرتووەکان، کە بە کۆی 153 دەنگ پەسەندکرا و داوای راگەیاندنی ئاگربەست دەکات لە غەزە.

پشتیوانیی ئەو سێ وڵاتە ئەوروپییە بۆ ئاگربەست، دەبێتە بەشێکی دیکە لەو گوشارە نێودەوڵەتییانەی رووبەڕووی ئیسرائیل بوونەتەوە بۆ وەستانی شەڕ لە غەزە، لەکاتێکدا ئەمریکای هاوپەیمانی سەرەکیی ئیسرائیلیش لەماوەی رابردوودا لەزاری جۆ بایدنی سەرۆکەوە رەخنەی لە بۆردومانەکانی ئیسرائیل لەسەر غەزە گرت و بە بۆردومانی بێ جیاکاری وەسفیکردن، وەک ئاماژەیەک بۆ ئەوەی ئیسرائیل جیاوازیی لەنێوان حەماس و هاوڵاتییانی مەدەنیدا ناکات، بۆیە هۆشدارییدا لەوەی ئەگەر هەیە ئیسرائیل پشتیوانییە نێودەوڵەتییەکانی لەدەستبدات.

هەواڵی زیاتر

Back to top button