“میری لێبووردن” کۆچی دواییکرد

نەواف ئەحمەد سەباح، ئەمیری کوەیت کە بە “میری لێبووردن” ناسرابوو لە تەمەنى 86 ساڵیدا کۆچی دواییکرد و شێخ مشعەل ئەحمەد جابر کە زڕبرایەتی جێگەی گرتەوە.

میر مشعەل، تەمەن 83 ساڵ، لەلایەن میر نەوافەوە چەندین پۆستى گرنگ و هەستیاری پێدرابوو، لەوانەش بەرپرسی دەزگای ئاسایش و هەواڵگریی وڵاتەکە، ئەو خۆی زۆر دووگرتبوو لە ناکۆکییە تووندەکانی نێو بنەماڵەی شاهانە.

 

“میری لێبووردن”

میری کۆچکردوو تەنها سێ ساڵ حووکمی وڵاتی کرد،  چەندین بڕیاری لێبووردنی داوە، ئەم بڕیارانە وایکرد نازناوی میری لێبووردنی پێببەخشن.

مانگى رابردوو، ئەنجوومەنى وەزیرانى کوەیت بە نوسراوی میر نەواف ئاگادار کرایەوە کە بڕیاری لێبووردن بۆ هەموو ئەو زیندانییانە دەربچێت کە بە تۆمەتى سیاسی و بیرووڕای جیاوازی سیاسی بەندکرابوون، لە ساڵی 2021یشدا هەمان بڕیاری دابوو.

بەدر سەیف، مامۆستای یاریدەدەری مێژوو لە زانکۆی کوەیت بە ئاژانسی فرانس پرێسی گوتووە، میر نەواف کەسێکی هێمن، پشودرێژ و خاکی بوو، خۆدەرخەر نەبوو.

دەوڵەتى کوەیت کە خێزانى سوباح حوکمڕانى دەکەن لە ساڵی 1962ـەوە کار بە پەیڕەوی پەرلەمان دەکەن، بەڵام لەو مێژووەوە، زۆرجار ئەنجومەنى یاسادانان جێگەى پەرلەمانی گرتووەتەوە.

لەکاتى دیاریکردن و هەڵبژاردنى نوێنەرانى پەرلەمان و وەزیرەکانى حکومەتیشدا، خێزانى سوباح بڕیاردەری سەرەکى ناو پرۆسەى سیاسی ئەو وڵاتە بوون.

کوەیت، کە بە یەکێک لە وڵاتە هەرە دەوڵەمەندەکانی نەوت هەژمار دەکرێت، لەروی سیاسییەوە ناسەقامگیرە و هۆکارەکەشی دەگەڕێتەوە بۆ جیاوازى و ناکۆکی ناو ئەندامانى خێزانى شاهانە، هەڵپەى گەورەى وەبەرهێنان و بازرگانى نەوت هۆکاری سەرەکی کێشەکانن.

لەماوەى حوکمی میر نەوافدا، پێنج جار حکومەتی ئەو وڵاتە پێکهینراوەتەوە و سێ جار هەڵبژاردنى پەرلەمان بەڕێوەچووە، لە نێو ئەندامانى خێزانى شاهانەش، نەبوونى ئەو باوەڕ و متمانەیە بە یەکدی، هەندێکیانى بەرەو ئەوە بردووە کە یەکدی بە پیلانگێڕی و  سوودمەندبوون تۆمەتبار بکەن.

ئەو بارودۆخەی نێو خێزانى میر رەنگدانەوەى خراپی لەسەر ئابووریی کوەیت هەبووە کە نەتوانن جگە لە نەوت سەرچاوەى داهات زیادبکەن، ئەوەش بە روونى لە ئەنجوومەنی هاوکاری کەنداو رەنگی دایەوە کاتێک کوەیت نەیتوانى پڕۆژەى هەبێت بۆ جۆراوجۆرکردنى ئابوریی و راکێشانى وەبەرهێنانی بیانى بۆ وڵاتەکە.

 

هەواڵی زیاتر

Back to top button