دوای کوشتنی 12 پۆلیس.. گرووپی جەیشولعەدلی سونەکانی ئێران چییە و چی دەوێت؟

هەرچەندە ناوەکەی نوێ نییە، بەڵام دوای هێرشەکەی شەوی پێنجشەممەی رابردوو بۆسەر بنکەیەکی پۆلیس لە شاری راسک لە پارێزگای سیستان و بەلووچستان لە باشووری ئێران، جارێکی دیکە مشتومڕی مەترسییەکانی گرووپی چەکداریی جەیشولعەدل لەو وڵاتە دەستیپێکردەوە.

بەگوێرەی ئاماری فەرمی، لە هێرشەکەی راسکدا کە شارێکی سنورییە لەگەڵ پاکستان و ئەفغانستان، 12 پۆلیس کوژران و حەوتی دیکەش برینداربوون، هەرزوو گرووپە چەکدارییەکە بەرپرسیارێتی راگەیاند و گوتی، نزیکەی 50 پۆلیسیان کوشتووە.

جەیشولعەدل گرووپێکی چەکداری ئیسلامیی سونییە و دژی بە حکوومەتی ئێران دەجەنگێت، گرووپەکە خۆی بە “سوپای دادپەروەری و یەکسانی” و بەرگریکاری مافی سونە دەناسێنن، بە تایبەتی لە پارێزگای سیستان و بەلووچستان.

ئەم رێکخراوە ململانێی چەکداری و خوێناوی لەگەڵ هێزە سەربازی و ئەمنییەکانی ئێران هەبووە و بەرپرسیارێتی چەندین هێرشی چەکداری لە ناوچە سنوورییەکانی ئێران و پاکستان لە ئەستۆ گرتووە کە دواترینیان لە تشرینی یەکەمی ساڵی 2018دا بوو کاتێک بەرپرسیارێتی رفاندنی 12 پۆلیس و سەربازی لە هەمان پارێزگا لە ئەستۆگرت.

جەیشولعەدل پێشتر بە ناوی “جوندوڵا” دەناسرا کە پێکهاتبوون لە گروپە چەکدارییە سونەکانی بەلووچ و بۆ ماوەیەک لەگەڵ هێزەکانی ئێران شەڕیان دەکرد تا لە حوزەیرانی ساڵی 2010 عەبدولمالیک ڕیگی، سەرۆکی گرووپە دەستگیرکرا و لەسێدارەدرا، هەر ئەو کاتە بەرپرسانی ئێرانیش لەناوبردنی تەواوەتی گرووپەکەیان راگەیاند.

دوای ماوەیەک و لە ساڵی 2012دا، گرووپی چەکداریی جەیشولعەدل پێکهات و لە کاتی دروستبوونییەوە سەلاحەدین فاروقی سەرکردایەتی دەکات و ئامانجی گرووپەکەیان بە خەباتی جەماوەری بۆ مافەکانی گەلی بەلووچ بەستووەتەوە.

کۆماری ئیسلامی ئێران ئەم گرووپە بە تیرۆریست دەناسێت و دەڵێت، وەهابی و سەلەفین و لە لایەن ئەمریکا و ئیسرائیل پشتیوانییان لێ دەکرێت، تۆمەتێک کە ئەم دوو وڵاتەش ڕەتیدەکەنەوە و تەنانەت ئەمریکاش گرووپەکەی خستووەتە لیستی تیرۆرەوە.

ژمارەی چەکدارەکانی جەیشولعەدل لەنێوان 1000 بۆ 2000 کەسدایە و بە زۆری لە ناوچە سنورییەکانی نێوان ئێران-پاکستان و ئێران-ئەفغانستان بڵاوبوونەتەوە، بە بەردەوامی سوپای پاسدارانی ئێران هەڵمەت و ئۆپراسیۆنی سەربازی دژیان ئەنجام دەدات، لە ساڵی 2019شدا لەگەڵ پاکستان رێککەوتن کە هێزی هاوبەش لە سنوورەکاندا بڵاوبکەنەوە.

لە کاتی ناڕەزایەتییەکانی دوای کوژرانی ژینا ئەمینی و گوتارەکانی مەولانا عەبدولحەمید، بەناوبانگترین پیاوی ئایینی سونە لە ئێران، جارێکی دیکە ناوی جەیشولعەد هاتەئاراوە کاتێک کۆمەڵێک هاوڵاتی بەلووچ لە خۆپێشاندان تەقەیان لێکرا و میدیا و کاربەدەستانی ئێران ڕووداوەکەیان خستە ئەستۆی گرووپی “جەیشولعەدل”.

بەڵام گرووپەکە راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و گوتی، “لەکاتی ناڕەزایەتییەکاندا هیچ دەستوەردانێکی کردەیی و سیاسییان لە بزووتنەوەی مافخوازانەی هاوڵاتیان لە سەرتاسەری ئێراندا نەبووە.”

ئەم گرووپە دەڵێن، تا بەلووچ و سونەکانی ئێران مافەکانیان بەدەست نەهێنن، بەردەوام دەبن لە شەڕ دژی حکوومەتی ئێران.

 

هەواڵی زیاتر

Back to top button