سودانى بۆ هێزە چەکدارەکان: ئازادن دەنگ بە کێ دەدەن

دەنگدانى تایبەت تاوەکو کاتژمێر 6:00ـى ئێوارە بەردەوام دەبێت

محەمەد شیاع سودانی، فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق لە پەیامێکیدا بۆ هێزە چەکدارەکان دەڵێت، ئازادن دەنگ بە کێ دەدەن و مافى خۆتانە کێ هەڵدەبژێرن.

کاتژمێر حەوتى بەیانی ئەمڕۆ پرۆسەى دەنگدانى تایبەت بۆ هەڵبژاردنى  ئەنجومەنى پارێزگاکانى عێراق دەستیپێکرد، بنکەکانى دەنگدان تاوەکو کاتژمێر شەشى ئێوارە کراوە دەبن و دواتر پرۆسەى دەنگدانى تایبەت کۆتایی دێت.

سودانى نامەیەکى ئاراستەى هێزە چەکدارەکان کردووە، بەبۆنەى دەستپێکردنی پرۆسەى دەنگدانى تایبەتەوە، ئەو دەڵێت، ستایشی هەوڵەکانى هێزە چەکدارەکان دەکەین، کە دەیانەوێت پرۆسەکانی هەڵبژاردن بپارێزن.

سودانى داواشیان لێ دەکات بەشداریی دەنگدانی تایبەت بکەن بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان و ئازادن کێ هەڵدەبژێرن، بەبێ ئەوەى کەس مافى هەبێت دەستوەردان لە مافى دەنگدانتاندا بکات.

هاوکات عەبدولئەمیر شەمەریی، وەزیری ناوخۆی عێراق بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی راگەیاند، رێوشوێنى ئەمنى بە توندوتۆڵی بەڕێوەدەچێت و تائێستاش هیچ پێشێلکارییەکى نایاسایی تۆمارنەکراوە.

بەگوێرەى ئامارى کۆمیسیۆنی باڵاى سەربەخۆیی هەڵبژاردنەکان، زیاتر لە ملیۆنێک دەنگدەرى تایبەت ئەمڕۆ مافى دەنگدانیان هەیە، 565 ناوەندى دەنگدان و دوو هەزار و 367 وێستگەى دەنگدانیان بۆ ئامادە کراوە بۆ ئەوەى دەنگ بدەن.

عیماد جەمیل، سەرۆکی تیمی راگەیاندنى کۆمسیۆن دەڵێت، ئەو دەنگە تایبەتانەى لەدەرەوەى شوێنى نیشتەجێبوونى خۆیانن و لەنێو کەمپەکاندان، ژمارەیان 48 هەزار و 260 کەسە و دابەشکراون بەسەر 35 ناوەندی دەنگدان و 120 وێستگەدا دەتوانن دەنگ بدەن.

بەگوتى عیماد جەمیل 495 هەزار و 168 کەس وەک نوێنەرى لایەن و رێکخراو و ئاژانسەکان چاودێریی پرۆسەکە دەکەن، 322 هەزار و 436 کەسیان ناوخۆیین و هەزار و 857 کەسیان چاودێری نێودەوڵەتین.

300 میدیاکاری نێودەوڵەتى و دوو هەزارو 254 میدیاکارى ناوخۆیی رووماڵی پرۆسەکە دەکەن.

کۆمیسیۆنى هەڵبژاردنەکان، بۆ بەڕێوەبردنى پرۆسەکە 220 هەزار کارمەندی لەسەرانسەرى عێراقدا دامەزراندووە، ئەوەش بەگوێرەى پێوستى بەسەر پارێزگاکاندا دەبەشی کردوون.

بەگوێرەى یاساى هەڵبژاردنەکانى عێراق، هەر چوار ساڵ جارێک هەڵبژاردنى ئەنجومەنى پارێزگاکان بەڕێوەدەچێت، بەڵام 10 ساڵە لە سەرجەم پارێزگاکانى عێراق و 18 ساڵیشە لە کەرکوک هەڵبژاردن ئەنجام نەدراوە، ئەم هەڵبژاردنەش بۆ زۆرێک لە هێزە عێراقییەکان چارەنووسساز دەبێت و لە کەرکوکیش ململانێیەکی ناوخۆیی و نێودەوڵەتى لە ئارادایە و کوردیش بە چوار لیستى جیاواز بەشدارى پرۆسەکەى کردووە.

بریارە رۆژى 18ـى ئەم مانگە، لەسەرانسەرى پارێزگاکانى عێراق دا –جگە لە هەرێمی کوردستان- دەنگدانى گشتیى بۆ دیاریکردنى 275 ئەندامى ئەنجومەنى پارێزگاکان بەڕێوەبچێت، بۆ ئەو ژمارە کورسییەش 5 هەزارو 970 کەس کێیەرکێ دەکەن، کە هەزار و 660 کاندیدیان ژنن.

هەواڵی زیاتر

Back to top button