ئەمریکا بەسەی کۆتایی بۆ ئیسرائیل کرد و “جەنگ دەچێتە قۆناغێکی نوێوە”

فشار و هۆشدارییەکانی بەرپرسانی کۆشکی سپی بۆ ئیسرائیل روونتر و چڕتربوونەتەوە، جەیک سولیڤان، راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمەریکا رایگەیاند، جەنگی غەزە دەچێتە قوناغێکی نوێوە و گفتۆگۆیان لەگەڵ تەلئەبیب کردووە کە توندی و چڕی هێرشەکانیان بۆسەر کەرتی غەزە کەمبکەنەوە.

ئەمڕۆ هەینی جەیک لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنووسیدا لە تەلئەبیبی پایتەختی ئیسرائیل بە رۆژنامەنووسانی گوت، لە قۆناغی نوێی جەنگی غەزەدا سەرنجی زیاتر لەسەر کوشتن و بە ئامانجگرتنی سەرکردەکانی حەماس دەبێت.

سولیڤان گوتیشی، “لەگەڵ مەحمود عەباس، سەرۆکى دەسەڵاتى فەلەستینى گفتۆگۆدەکەین سەبارەت بە پشتیوانیکردنی هێزە ئەمنییەکانى فەلەستین لە کەرتى غەزە، چونکە فەلەستین پێویستى بە خۆنوێکردنەوە هەیە لە شێوازى حوکمڕانى و نوێنەرایەتى خەڵکەکەى.”

پێشتر کۆشکى سپی رایگەباند، سولیڤان لەگەڵ ئیسرائیلییەکان گفتوگۆی کردووە بۆ خاوکردنەوەی هێرشەکانى سەر کەرتى غەزە.

هاوکات جۆن کێربی، گوتەبێژی کۆشکى سپی ئەمەریکا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنووسیدا گوتی، سولیڤان باسی لە قۆناغێکی نوێ کردووە، بەمزووانە ئەو قۆناغە دەستپێدەکات بەڵام جەختیکردەوە کە ” ناتوانم باس لەو کاتە بکەم کە ئەو قۆناغەى تێدا دەستپێدەکات.”

بەڵام نوسینگەی سەرۆکوەزیرانى ئیسرائیل رایگەیاند، ناتانیاهۆ بە راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمەریکای گوتووە کە “ئیسرائیل بەردەوام دەبێت لە جەنگی دژ بە بزوتنەوەى حەماس تا سەرکەوتنى تەواو بەدەست دەهێنن.”

بەگوێرەى ئەو راگەیەنراوە، ناتانیاهۆ لەگەڵ سولیڤان باسی لە هێرشە هەرێمییەکان جەنگی غەزە کردووە، بەتایبەت شەڕی بەوەکالەتى ئێران، لە نمونەى حزبوڵای لوبنان و حوسییەکانى یەمەن.

هاوکات رۆژنامەى نیویۆرک تایمز لە زاری چەند بەرپرسی ئەمریکییەوە دەڵێت، بایدن لەوە تێدەگات کە هەوڵەکانى ئیسرائیل بۆ لەناوبردنی چەکدارانى حەماس بووە لەو چەند هەفتەی رابردوودا، بەڵام دەیەوێت ئەو هەڵمەتە فراوانە بۆسەر حەماس لە سێ هەفتەى دیکەدا کۆتایی پێبھێنێت.

هەروەها تۆڕی هەواڵی سی ئێن ئێن ئاماژەی بەوەکردووە کە گرژییەک لەنێوان بایدن و ناتنیاهۆ دروست بووە کە جۆ بایدن خۆی باجەکەى دەدات، باجەکەشی ئەوەیە کە پشتگیری ئیسرائیلی کردوە لە جەنگی غەزە.

ئەو تۆڕە سەبارەت بە سەردانەکەى راوێژکارەکەى ئەمەریکا نوسیویەتی، سەردانەکەى سولیڤان بۆ تەلئەبیب لەکاتێکدا بووە کە تەلئەبیب کاری بە راسپاردەکانى ئەنتۆنى بلینکنی وەزیری دەرەوەى ئەمەریکا نەکردووە بۆ پاراستنى گیانى هاوڵاتیان لە غەزە.

 

هەواڵی زیاتر

Back to top button