دەریای سوور؛ شادەماری ئابووری جیهان لە بەردەم ناکۆکی هێزەکاندا

زووم:
لەدوای سەرهەڵدانی جەنگی غەزەوە، بایەخ و گرنگی دەریای سوور زیاتر دەرکەوت، هەرچەندە لە رووی جوگرافییەوە زۆر دوورە لە گۆڕەپانی جەنگەکە، بەڵام بووەتە بەشێکی گرنگ و دانەبڕاو لەو شەڕەی لە حەوتی ئۆکتۆبەرەوە لەنێوان سوپای ئیسرائیل و چەکدارانی فەڵەستین لە غەزە بەردەوامەو وەک دەگوترێت ئەو رێڕەوە ئابووری و ستراتیژییەی جیهان، کە بە “شادەماری ئابووری جیهان” بەناوبانگە، لە ئێستادا ئاستەنگی هاتوچۆ و ئابووری بۆ زۆربەی وڵاتانی جیهان دروستکردووە.

دەریای سوور، کە پێشتر پێیگوتراوە “دەریای قولزووم- یان- دەریای حەبەشە” لە باکوورەوە کەنداوی عەدەن و لە باشووریشەوە تەنگەبەری بابولمەندەب، هەردوو کیشوەری ئاسیاو ئەفریقا پێکەوە دەبەستێتەوە، درێژییەکەی 1900 کیلۆمەترەو پانترین شوێنیشی 204 کیلۆمەترە، تەسکترین شوێنی، کە بابولمەندەبە 19 کیلۆمەترە، کەمترین قووڵی 490 مەترەو و زۆرترینی 3 هەزارو 40 مەترە.

پشکی ئاوی عەرەبستانی سعودی لە دەریاکە، لە هەموو وڵاتان زیاترە و 1890 کیلۆمەتر سنووری ئاوی هەیە، کە 33.9%ی دەریاکەی بەردەکەوێت، ئیسرائیلیش 11.2 کیلۆمەتری هەیە و خاوەنی 0.2%ی دەریاکەیە.

ئیسرائیل ماوەیەکی زۆرە کار بۆ ئەوەدەکات لە کەنداوی عەدەنەوە رێڕوێکی دەستکرد دروستبکات بۆ ئەوەی رۆڵی نۆکەندی سویس کەمبکاتەوە و دەستبگرێت بەسەر رێڕەوی بازرگانی جیهانییدا

هەرچەندە ئیسرائیل ماوەیەکی زۆرە کار بۆ ئەوەدەکات لە کەنداوی عەدەنەوە رێڕوێکی دەستکرد دروستبکات بۆ ئەوەی رۆڵی نۆکەندی سویس کەمبکاتەوە و دەستبگرێت بەسەر رێڕەوی بازرگانی جیهانییدا، بەڵام هێشتا بۆی نەچووەتە بواری جێبەجێکردنەوە، لەگەڵ ئەوەشدا بەیەکێک لە قووڵایی ستراتیژییەکانی خۆی دەزانێت و سوورە لەسەر جێبەجێکردنی.

دەریای سوور لە رووی دابینکردنی خۆراکی دەریایی، پێداویستی کشتوکاڵی، مرواریی، دەریاوانی گرنگی زۆری هەیە، میسرییە کۆنەکان لە 2 هەزار ساڵ پێش زایینەوە وەک رێگەی بازرگانی بەکاریان هێناوە، لە قورئان و چیرۆکی حەزرەتی موساشدا باسکراوە، لەسەدەی شەشەمی زاینییدا داریوشی یەکەمی فارسەکان تیمێکی تایبەتی بۆ تاقیکردنەوەی رێگەی ئاوی بۆ ناردووە، بە هەڵکەندنی نۆکەندی سویسیش لە ساڵی 1859 و تەواوبوونی لە 1869 بایەخی ئەو دەریایە زۆر زیاتر بوو، لەو کاتەوە بەشێکی زۆری بازرگانی جیهان لەوێوە ئەنجامدراوە، لەبەر ئەوەی رێگەی بازرگانی رۆژهەڵات و رۆژئاوای بەڕێژەیەکی زۆر کەمکردووەتەوە.

هەریەک لە وڵاتانی سعودییە، ئوردن، ئیسرائیل و یەمەن لەکیشوەری ئاسیا، میسر، سودان، ئەریتریا، جیبۆتی و سۆماڵ لە کیشوەری ئەفریقیا، دەکەونە سەر دەریاکەو لەسنوورەکانی خۆیاندا دامەزراوەی تایبەتیان بۆدروستکردووە، کاروباری ئەمنی، بازرگانی، گەشتیاری و کشتوکاڵییەکانی رێکدەخەن، 26 شاری عەرەبستانی سعودییە، 21 شاری میسر، 3 شاری ئەریتریا و یەک شاری ئیسرائیل دەکەونە سەر کەنارەکانی دەریاکە.

لە رێگەی دەریای سوورەوە سەرجەم نەوتی وڵاتانی ئاسیا دەگەنە بازاڕەکانی ئەوروپا و ئەمریکا، وەک سەرچاوەکان باسیدەکەن، 60%ی نەوت و پێداویستی بازرگانی ئەوروپا و 25%ی نەوت و بازرگانی ئەمریکا لە رێگەی دەریای سوورەوە ئاڵوگۆڕدەکرێت.

لە رێگەی دەریای سوورەوە سەرجەم نەوتی وڵاتانی ئاسیا دەگەنە بازاڕەکانی ئەوروپا و ئەمریکا

بەپێی ئامارەکانی وڵاتی میسر، ساڵانە زیاتر لە 20 هەزار کەشتی بارهەڵگرو گەشتیاریی بەو دەریایەدا تێپەڕدەبن و 12%ی بازرگانی هەموو جیهانی لەسەرە.

وەک شارەزایان باسیدەکەن، هەرچەندە رێککەوتنی نێودەوڵەتی هەیە لەبارەی پاراستنی رێگەی ئاوی، بەڵام بەهۆی ناکۆکییەکانەوە ناچێتە بواری جێبەجێکردنەوە، لەچەند ساڵی رابردووشدا بەڕێژەی 400% بەکارهێنانی رێگەی ئاوی بۆ بازرگانی زیادیکردووە، لەگەڵ ئەوەشدا مەترسییەکانیش لەگەڵیدا زیادیانکردووە، بەجۆرێک گەورەترین کەشتی، کە بەهاکەی ملیارەها دۆلارە سەرەڕای بارەکەی، دەتوانرێت لەڕێگەی بەلەمێکی بچووکەوە، کە بەهاکەی چەند سەد دۆلارێکە، یان درۆنێکەوە ئاستەنگی گەورەی بۆ دروستبکرێت، کە ئێستا حوسییەکانی یەمەن ئەنجامی دەدەن.

لەبەر گرنگی دەریای سوور، بەردەوام چاوی زلهێزەکانی وەک ئینگلیز، فەرەنسا، رووسیاو ئەمریکای لەسەر بووە، لە جەنگی 1973 ی نێوان عەرەب و ئیسرائیل و جەنگی 1991 و 2003ی هاوپەیمانان لەدژی عێراق، رۆڵی سەرەکی و لەبەرچاوی هەبووە، “کۆمکاری عەرەبی” لە کۆتایی حەفتاکانەوە تا ئێستا داوادەکات هێزێکی هاوبەش لە وڵاتانی عەرەبی “بەتایبەتی ئەوانەیان کە دەکەونە سەر دەریاکە” دروست بکرێت، بەڵام ئەم بیرۆکەیە تا ئێستا جێبەجێنەکراوە، لە دوای 2008 یشەوە، کە چەتەکانی دەریا ببوونە هەڕەشە لەسەر هاتوچۆی دەریاکە، وڵاتانی ئەوروپا بیرۆکەی پێکهێنانی هێزێکی هاوبەشیان پێشنیارکردووە، بەڵام ئەویش نەچووەتە بواری جێبەجێکردنەوە.

شوێنی جوگرافی دەریای سوور، بووەتە هۆی ئاڵۆزی و ناکۆکی لەنێو وڵاتانی سەردەریاکە، کە پەیوەندییان بە موڵکداریی، تیرەگەریی، نەتەوەیی، رەگەزپەرستی و سیاسییەوە هەیەو دەکرێن بە دوو بەشەوە، بەشی یەکەمیان، ناکۆکییە راستەوخۆکانن، کە بریتین لە کێشەی عەرەب و ئیسرائیل، پەیوەندییە ئاڵۆزەکانی نێوان میسر و سودان، کێشەی سودان و ئەسیوبیا، کێشەی باشووری سودان، کێشەی نێوان ئەریتریا و یەمەن، داگیرکردنی جیبۆتی لەلایەن فەرەنساوە، ناکۆکی ئۆگادینی نێوان ئەسیوبیا و سۆماڵ.

 

شوێنی جوگرافی دەریای سوور، بووەتە هۆی ئاڵۆزی و ناکۆکی لەنێو وڵاتانی سەردەریاکە، کە پەیوەندییان بە موڵکداریی، تیرەگەریی، نەتەوەیی، رەگەزپەرستی و سیاسییەوە هەیە

 

هەرچی ناکۆکییە ناڕاستەوخۆکانیشە بریتین لەناکۆکی ئەو وڵاتانەی، کە دەکەونە سەر دەریای سوور لەگەڵ لایەنێکی تری پەیوەندیدار، لەوانەش، جەنگی کەنداو، پەیوەندییەکانی نێوان سودان و کینیا، پەیوەندییەکانی نێوان سودان و لیبیا، سودان و چاد، سۆماڵ و کینیا، لە ئێستاشدا کێشەی نێوان حوسییەکانی یەمەن و ئیسرائیل، کێشەی ئێران و ئیسرائیل و ئەمریکاو وڵاتانی دیکە.

دەریای سوور لە ستراتیژییەتی ئەمریکییەکاندا قووڵاییەکی گەورەی هەیە، چونکە دەتوانێت لەو رێگەیەوە پەیوەندییە ئابووری و سەربازییەکانی بە رۆژهەڵاتەوە ببەستێتەوە، لە سەردەمی هەر سەرۆکێکی ئەمریکاش دا بەشێک لە پلانەکانیان تایبەت بووە بە چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ دەریای سوور، لەدوا گۆڕانکاریشدا ئەمریکا هەوڵدەدات هێزێکی نێودەوڵەتی بە ئامادەبوونی 40 وڵات پێکبهێنێت بۆ پاراستنی کەشتیوانی لە دەریای سووردا و ئێرانیش لەبەرامبەردا هەڕەشەی توندیان لێدەکات، چونکە پێیانوایە ئەمریکا هێندەی تر ئابڵۆقەی سەروڵاتەکەی قورستر دەکات و رێگریی دەکات لە هەناردەکردنە یاسایی و نایاساییەکانی.

لەلایەکی تریشەوە هەریەک لە وڵاتانی رووسیا، فەرەنسا، بەریتانیا، چین، کۆریا، ژاپۆن و ئێران دیدگای تایبەتی خۆیان بۆ دەریای سوور هەیە و هەریەکەیان بەپێی پێداویستی ستراتیژیی خۆیان مامەڵەی لەگەڵ دەکەن.

 

هەواڵی زیاتر

Back to top button