هه‌واڵگریی ئه‌مریكا: نیوه‌ی ئه‌و چەکانەی ئیسرائیل بەکاریهێناون “هەڕەمەکی و نائاڕاستەکراو” بوون

به‌گوێره‌ی هه‌ڵسه‌نگاندن و راپۆرتێكی نوێی هه‌واڵگریی ئه‌مریكا، نزیكه‌ی نیوه‌ی ئه‌و چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نی و موشه‌كانه‌ی كه‌ ئیسرائیل له ‌كه‌رتی غه‌زه‌ به‌كاریهێناون، چەکی ‌هه‌ڕه‌مه‌كی و نائاراسته‌كراو بوون .

راپۆرته‌كه‌ له‌لایه‌ن نوسینگه‌ی به‌رێوبه‌ری هه‌واڵگریی نیشتمانی ئه‌مریكا ئاماده‌كراوه‌ و تێیدا هاتووه‌، 40% بۆ 45%ـی ئەو 29000 مووشه‌كه‌ ئاسمان بە زەمین و بۆمبانەی كه‌ ئیسرائیل به‌كاریهێناوه‌ ئاڕاسته‌كراو یان وورد نه‌بوون له‌ پێكانی ئامانجه‌كاندا، ئه‌وه‌ش مه‌ترسیه‌كی گه‌وره‌تری بۆ سه‌ر هاوڵاتیانی مه‌ده‌نی دروستكردووه.

له ‌كاردانه‌وه‌ی راپۆرته‌كه‌دا، نییەر دینار، گوته‌بێژی سوپای ئیسرائیل به‌ سی ئێن ئێنی ئەمریکی گوتووە، ” ئێمه‌ ئه‌و جۆره‌ چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نیامان به‌كارنه‌هێناوه‌.”

به‌ڵام شاره‌زایانی سه‌ربازیی بۆ سی ئێن ئێنی دووپاتیانکردووەتەوە ئیسرائیل بۆمبی نائاڕاسته‌كراوی هێنده‌ی ئه‌و ژماره‌ی كه‌ هه‌واڵگری ئه‌مریكا له ‌راپۆرته‌كه‌یدا ئاماژه‌یپێداوه‌ به‌كارهێناوه‌.

رۆژی دووشه‌ممه‌ی رابردوو جۆ بایدنی سه‌رۆكی ئه‌مریكا رایگه‌یاند، ئیسرائیل تێوه‌گلاوه‌ له‌ “بۆمبارانی هه‌ڕه‌مكی”  له‌ كه‌رتی غه‌زه‌ و بههۆیه‌وه‌ پشتیوانی نێوده‌وڵه‌تی له‌ده‌ستداوه‌.

بڵاوبوونه‌وه‌ی ئه‌و راپۆرته‌ له‌كاتێكدا په‌یوه‌ندییه‌كانی ئیسرائیل و ویلایه‌ته ‌یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا به‌ ساته‌وه‌ختێكی هه‌ستیاردا تێده‌په‌رێت به‌هۆی ناره‌زایه‌تی ئه‌مریكا له‌ چۆنێتی به‌رێوه‌بردن و ئاراسته‌كردنی ئۆپراسیۆنه‌كه‌ سه‌ربازییه‌كانی سوپای ئیسرائیل دژی حه‌ماس لە غەزە.

هەواڵی زیاتر

Back to top button