لەمساڵدا 45 رۆژنامەنووس لە جیهاندا کوژراون و کەمترە لە ساڵی رابردوو

تارمایی کوشتن واز لە گیانی رۆژنامەنووسان ناهێنێت، لەمساڵدا و بەپێی ئاماری رێکخراوی رۆژنامەنووسانی بێسنوور، 45 رۆژنامەنووس لە کاتی جێبەجێکردنی کارەکانیان کوژراون، بەڵام هێشتا ئامارەکە کەمترە لە ساڵی پار کە 61 رۆژنامەنووسی تێدا کوژرابوو.

رێکخراوی رۆژنامەنووسانى بێسنوور (RSF) کە بارەگاکەی لە پاریسى پایتەخى فەڕەنسایە ساڵانە راپۆرتى خۆى سەبارەت بە قوربانییەکانى رۆژنامەنووسان لە سەرتاسەرى جیهان ئامادەدەکات.

لەمساڵدا، زۆرترین قوربانى رۆژنامەنووسان لە جەنگى نێوان ئیسرائیل و حەماسدا بووە و تێیدا 17 رۆژنامەنووس کوژراون.

ئاماری ئەمساڵ کەمترینە کە لە ساڵی 2002ـەوە تۆمارکرابێت کە 33 رۆژنامەنووس کوژرابوون، زۆرترین ئاماریش لەنێوان ساڵانى 2012 و 2013 لە شەڕى ناوخۆى سوریا و عێراق تۆمارکراوە کە گەیشتووەتە 140 حاڵەت.

کریستۆف دیلۆر، سکرتێرى رێکخراوى رۆژنامەنووسانى بێسنوور دەربارەى کوژرانى 17 رۆژنامەنووس و میدیاکار لە شەڕى غەزە رایگەیاند، رۆژنامەنووسانیش وەک هاوڵاتى مەدەنی دەکرێنە ئامانج و دەبنە قوربانى.

ئاماژەى بەوە کردووە، “ژمارەى ئەو رۆژنامەنووسانەى لەکاتى ئەرکەکانیان لە غەزە کوژراون رێژەیەکى زۆرە، داوامان پێشکەش بە دادگاى سزاى نێودەوڵەتى کردووە تاوەکو بەدواداچوون بۆ کوژرانى رۆژنامەنووسەکانى جەنگى غەزە بکرێت.

لەبارەى دەستگیرکردنى رۆژنامەنووسان، تورکیا و ئێران زۆرترین ناویان هاتووە و لە ریزبەندى سێیەم وڵاتن. لە ساڵی 2023دا، تورکیا 43 رۆژنامەنووس و ئێران 58 رۆژنامەنووسی دەستگیرکردووە، هەروەها لە سەرتاسەرى جیهانیش 569 رۆژنامەنووس دەستگیرکراون.

رێکخراوەکە ئاماژەى بەوەشکردووە لە تورکیا رۆژنامەنووسى کورد بە رێژەیەکى بەرچاو دەستگیردەکرێن، لە ساڵى 2022دا تاوەکو نیسانى 2023، 13 رۆژنامەنووسى کورد لەو وڵاتە دەستگیرکراون.

 

هەواڵی زیاتر

Back to top button