هەواڵگریی ئەمریکا: 87% سەربازانی رووسیا لە شەڕی ئۆکرایندا گیانیان لەدەستداوە یاخود برینداربوون

زووم:

بەگوێرەی راپۆرتێکی دەزگای هەواڵگریی ئەمریکا (CIA)، %87ی ئەو سەربازانەی روسیا، کە لەشەڕی ئۆکرایندا بەشدارییان کردووە گیانیان لەدەستداوە، یان برینداربوون.

کەناڵەکە هەندێک لەو بەڵگەنامە نهێنییانەی دەزگای هەواڵگری، کە ئاراستەی کۆنگرێسی ئەمریکا کراون دەستکەوتووەو هەر بە گوێرەى بەڵگەنامەکان،  رووسیا دوو لەسەر سێی تانکەکانیشی لە شەڕی ئۆکرایندا لەدەستداوە.

کەناڵەکە ئاماژەى بەوەش کردووە، سەرەڕای ئەو زیانە گیانی و ماددییە گەورانەی بەر وڵاتەکەی کەوتووە، سەرۆکی رووسیا، ڤلادیمیر پوتین سوورە لەسەر بەردەوامی فشارەکانی بۆ پشڕەویکردنی سوپاکەی لە شەڕی ئۆکرایندا، ئەمەش لەکاتێکدایە، لەسەرەتای ساڵی داهاتوودا، شەڕی نێوان ئەو دوو وڵاتە پێ دەنێتە ساڵی دووەمەوە.

بەرپرسانی ئەمریکا لەبارەی شەڕەکەوە بەردەوام هۆشدارییان داوە، کە ئۆکراین بەردەوام زەرەرمەندی یەکەم دەبێت و زۆر بە لاوازیی دەمێنێتەوە، هەرچەندە سوپای ئۆکراین لە چەند مانگی رابردوودا هێرشێکی پێچەوانەی بۆ کۆنترۆڵکردنەوەی ناوچە داگیرکراوەکانی دەستپێکرد، بەرپرسانی ئەمریکاش پێیانوایە کیڤ دەستکەوتی گەورە لە هێرشەکانیدا بەدەستناهێنێت.

راپۆرتەکەی هەواڵگریی ئەمریکا لە ئێستادا لە کۆنگرێسە، کە ئەندامانی پارتی کۆمارییەکان رەتیدەکەنەوە چیتر ئەمریکا هاوکارییەکانی بۆ ئۆکراین بنێرێت، بەڵام ئیدارەی جۆ بایدن دەستیان بە فشاری چڕوپڕ کردووە بۆ ئەوەی لەڕێگەی کۆنگرێسەوە بەردەوامی بە ناردنی هاوکارییەکان بۆ ئۆکراین بدات.

رووسیا هەموو هەوڵێکی خۆی داوە بۆ ئەوەی بەردەوامی بە هێرشەکانی بۆ سەر ئۆکراین بدات سەرەڕای ئەوەی گورزی گەورە بەر سوپاکەی کەوتووە، ئەمەش لە رێگەی کەمکردنەوەی بەشێک لە ستانداردی سوپاکەی و پەنابردنەبەر جبەخانەکانی سەردەمی سۆڤیتەوە بووە.

بەگوێرەی راپۆرتەکەی هەواڵگریی ئەمریکا،  جەنگ، بەشێوەیەکی زۆر خێرا هەوڵەکانی رووسیای بۆ مۆدێرنیزەکردنی هێزە زەمینییەکانی 15 ساڵ بردووەتە دواوە.

راپۆرتەکە ئاماژەی بەوەکردووە، لەو 360,000 سەربازەی رووسیا ناردوونییەتە بەرەکانی جەنگ لە ئۆکراین، 315,000 سەربازییان گیانیان لەدەستداوە، یان برینداربوون.

سەرەڕای ئەوەش لە کۆی 3,500 تانک 2,200ـیانی لەدەستداوە، هاوکات لەکۆی 13,600 ئۆتۆمبێلی سەربازیی 4,400ـیان تێک شکێنراون، ئەمەش دەکاتە لەدەستچوونی %32ـی ئەو ئۆتۆمبێلانە.

راپۆرتەکە ئاشکراشیکردووە، رووسیا زیاتر لە چارەکێکی جبەخانەکانی لەدەستداوە و ئەمەش کاریگەرییەکی زۆری کردووەتە سەر ئۆپەراسیۆنەکانی سوپای ئەو وڵاتە لە ناو خاکی ئۆکرایندا، بەشێوەیەک تا ئێستا دەستکەوتی گەورەی لە جەنگەکەدا تۆمارنەکردووە.

سوپای رووسیا بەر لە دەستپێکردنی شەڕەکە خاوەنی نزیکەی 900,000 سەربازی چالاک بووە، کە خۆی لە سەربازی زەمینیی، ئاسمانیی، ئۆپەراسیۆنی تایبەتیدا دەبینێتەوە، بەڵام لەسەرەتای دەستپێکردنی شەڕەکەوە، رووسیا رایگەیاند، دەیەوێت ئەو ژمارەیە بگەیەنێتە 1.5 ملیۆن سەرباز.

 

هەواڵی زیاتر

Back to top button