گرنگترین مادەکانی دەستوورەکەی رۆژاڤای کوردستان بخوێنەوە

زووم:

ئەنجومەنی گشتی ئیداره‌ی خۆبه‌ڕێوه‌به‌ری رۆژاڤای کوردستان دوێنێ سێشەممە 12ـی کانوونی یەکەمی 2023 لە دانیشتنێکی تایبەتدا “پەیمانی کۆمەڵایەتی” پەسەندکرد کە بریتییە لە دەستوورێک بۆ بەڕێوەبردنی رۆژاڤای کوردستان و لە 134 مادە پێکهاتووە، گرنترین خاڵەکانی بریتین لە:

  • ئیداره‌ی خۆبه‌ڕێوه‌به‌ری شه‌رعییه‌تی خۆی له‌ ئیراده‌ی گه‌ل و كۆمه‌ڵگه‌وه‌ وه‌رده‌گرێت له‌سه‌ربنه‌مای به‌شداریی ئازاد و یه‌كسان و له‌میانی هه‌ڵبژاردنی دیموكراسییەوە.
  • هه‌موو زمانه‌كانی سنووری جوگرافیای باكوورو رۆژهه‌ڵاتی سوریا یه‌كسانن.
  • ئاڵای خۆبه‌ڕێوه‌به‌ری شانبه‌شانی ئاڵای كۆماری سوریای دیموكرات دادەنرێت.
  • ئیداره‌ی خۆبه‌ڕێوه‌به‌ری زه‌مانه‌تی مافه‌كانی گه‌لی كورد ده‌كات له‌وانه‌ سیاسی، ئابووری و كەلتووری.
  • سه‌رچاوه‌ سروشتییه‌كان موڵكی گشتین، به‌ یاسایی و یه‌كسانی دابه‌شده‌كرێت.
  • ئیداره‌ی خۆبه‌ڕێوه‌به‌ری پابه‌نده‌ به‌ جاڕنامه‌ی جیهانیی مافه‌كانی مرۆڤ.
  • سزای له‌سێداره‌دان رێگه‌پێدراونییه‌.
  • هه‌موو كه‌س ئازاده‌ لە دەربڕینی بیروڕا و بۆچوونه‌كانی.
  • هه‌موو كه‌س مافی كۆبوونه‌وه ‌و رێپێوان و ده‌ربڕینی ناڕه‌زایه‌تی هه‌یه‌.
  • ژن مافی به‌شدارییكردنی یه‌كسانی هه‌یه‌ له ‌سه‌رجه‌م بواره‌كاندا.
  • خوێندن به‌خۆڕاییه‌ بۆ سه‌رجه‌م قۆناغه‌كان و هەر‌دوو قۆناغی بنه‌ڕه‌تی و ناوه‌ندی ناچاریی و به‌زۆره‌.
  • تاپۆكردن و خاوه‌ندارێتی به‌مه‌به‌ستی گۆڕێنی دیمۆگرافیای دانیشتوان رێگه‌پێنه‌دراوه‌.
  • هەموو خزمەتگوزارییە تەندروستییەكان بێبەرامبەر و بەخۆڕایین.
  • ئیدارەی خۆبه‌ڕێوه‌به‌ری پشت بە سیستمی هاوسەرۆكایەتی دەبەستێت لە هەموو بوارەكانی سیاسی، كۆمەڵایەتی و ئیدارەی.
  • پارێزگاریكردن و پاراستنی سیستمی ژینگەیی ئەركی هەموو هاوڵاتیانە.
  • دەستەبەركردنی ئازادی بیروبۆچوونی سیاسی بۆ سەرجەم گەلان و پێكهاتەكان تاكەكەسەكان، لەنێویاندا دامەزراندن و پێكهێنانی پارتی سیاسی.
  • دەستەبەركردنی ئازادی میدیا و راگەیاندن و بڵاوكراوەو رۆژنامەگەری.
  • هەموو كەس مافی دەستڕاگەیشتن بە زانیاری هەیە.
  • هێزەكانی “سوریای دیموكرات” هێزی بەرپرسیار و پاراستنی ئیدارەی خۆسەری و دیموكراتین.
  • بودجەی گشتی لەلایەن ئەنجومەنی گەلەوە رەزامەندی لەسەر دەدرێت و بەشێوەیەكی یەكسان بەسەر ناوچە و كانتۆنەكاندا دابەشدەكرێت.
  • كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان كۆمسیۆنێكی سەربەخۆ دەبێت.
  • شێوەی پەیوەندییەكان لەگەڵ كۆماری سوریای دیموكرات و ناوچەكانی دیکە لە هەموو ئاستەكاندا بەگوێرەی ئەم دەستوورە دیاریدەكرێت.
  • سیستمی راپرسی بۆ یەکلاکردنەوەی هەموو بابەتە چارەنووسسازەكان پەیڕەودەكرێت.
  • رێگە بە وەبەرهێنان دەدرێت بە مەرجێک نەبێتە هۆی قۆرخكاری و زیان بە ئابووری كۆمەڵایەتی و ژینگە نەگەیەنێت.
  • ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری پابەندە بە ئازادكردنی ناوچە داگیركراوەكان بە لابردنی ئاسەوەری هەموو گۆرانكارییە دیمۆگرافییەكان.
  • ئەم دەستوورە دەكرێت هەموار بكرێتەوە ئەگەر سازان و رێكکەوتن لەسەر دەستوورێكی دیموكراتی بۆ سوریا کرا.

هەواڵی زیاتر

Back to top button