بەرپرسانی ئەمریکی هۆشداری توند دەدەنە عێراق بەڵام هێشتا هێرشەکانیش نەوەستاون

زووم:
بەهۆی زیادبوونی هێرشی گروپە چەکدارییە عێراقییەکانی نزیک لە ئێران بۆ سەر هێزکانی ئەمریکا، بەرپرسانی ئەو وڵاتە هەڕەشە و فشارەکانیان بۆ سەر حکومەتی عێراق زیاتر کردووە، لەم نێوەندەشدا حکومەت گیریخواردووە.

ئاژانسی ئاسۆشییەتد پرێس لە زاری بەرپرسێکی ئەمریکییەوە ئاشکرایکرد، ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەیدا لە سەرەتای ئەم مانگە داوای لە محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کردووە رێکاری زیادە بگرێتەبەر بۆ رێگری لە هێرشکردنەسەر هێزەکانی ئەمریکا.

ئاژانسەکە هەروەها لە زاری بەرپرسێکی عێراقییەوە بڵاویکردووەتەوە، ویلیام بێرنز، بەڕێوەبەری دەزگای هەواڵگریی ئەمریکا کاتێک سەردانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی کردووە هۆشداری بە سودانی داوە، کە عێراق تووشی “ئەنجامێکی کارەساتبار” دەبێتەوە ئەگەر حکومەت هەوڵی راگرتنی هێرشی سەر هێزەکانی ئەمریکا نەدات.

هێشتا ماوە، دوو رۆژ لەمەوپێشیش، لۆید ئۆستن، وەزیری بەرگریی ئەمریکا بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ سودانی کرد و رایگەیاند، ئەوان دەزانن کەتائیبی حزبوڵا و بزوتنەوەی نوجەبا هێرشەکانی سەر هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق و سوریا ئەنجام دەدەن و داوایلێکرد سنورێکیان بۆ دابنێت.

هەر دوای ئەوە و سەرباری سەرکۆنەکردنی هێرشەکان، سودانی وەک فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق فەرمانی کرد بەدواداچوون بۆ هێرشەکان بکرێت و بکەرانی بدۆزرێنەوە و بدرێنە دادگە، هەروەها هێزی پاسەوانی ناوچەکەشی گۆڕی.

لە سەرەتای دەستپێکردنی شەڕی چەکدارانی فەڵەستینی لە غەزەو سوپای ئیسرائیل لانیکەم 84 هێرش بۆ سەر بنکەکانی ئەمریکا لە عێراق و سوریا لەلایەن چەکدارانی عێراقی، کە ئێران پشتیوانیان دەکات ئەنجامدراوە، بۆ تۆڵەسەندنەوەی پشتیوانیکردنی واشنتۆن لە ئیسرائیل.

بەڵام هێرشەکان هەر نەوەستاون، ئەوەتا ئەمڕۆ دووشەممە، دووجار بنکەی سەربازیی عەین ئەسەد لە ئەنبار بۆردومانکراوە، کە هێزەکانی ئەمریکای تێدا ماوەتەوە.

هەواڵی زیاتر

Back to top button