هەدەپ کورتکراوەی ناوەکەی کردە پارتی “دەم”

زووم
پارتیی دیموکراسی و یەکسانیی گەلان (هەدەپ) کورتکراوەی ناوی نوێی پارتەکەیان گۆڕی بە “دەم”، کە وشەیەکی کوردییە.

ئایشەگول دۆغان، گوتەبێژی پارتیی دیموکراسی و یەکسانیی گەلان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا ئاماژەی بە تانەکەی دادگەی باڵا کرد سەبارەت بە کورتکراوەی ناوی پارتەکەیان و رایگەیاند، ”کورتکراوەی ناوی پارتەکەمان لەجیاتی هەدەپ، دەبێتە پارتی دەم”.

ئەو گوتیشی، “هەوێنی پارتەکەمان گەلە نەک ناو، دەم بریتییە لە سەردەم. دەم بریتییە لە کات”.

لە پەیامێکیشدا، کە لە هەژماری پارتەکە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراوەتەوە ئاماژە بەوە کراوە، کورتکراوەی ناوی پارتەکەیان لە هەدەپەوە کردووەتە پارتیی دەم، “دەم واتە دەمی ئازادی”.

بەهۆی ناڕەزایەتی و تانەی دادگەی باڵا لە کورتکراوەی هەدەپ بەوەی لە کورتکراوەی هادەپ نزیکە، کە لە ساڵی 1991دا بڕیاری داخستنی دراوە، پارتی دیموکراسی و یەکسانیی گەلان ناچار بە گۆڕینی کورتکراوەی ناوەکەی کرا.

دوایین کۆنگرەی پارتیی دەم لە 14ـی تشرینی یەکەمی رابردوو بەڕێوەچوو، ناوی پارتەکە لە پارتی چەپی سەوز (یەسەپە)ـوە بۆ پارتیی دیموکراسی و یەکسانیی گەلان (هەدەپ) گۆڕدرا و هەریەک لە تونجەر باکرهان و تولای هاتیمۆغوڵڵاری ئۆروچ وەک هاوسەرۆک هەڵبژێردران.

هەواڵی زیاتر

Back to top button