دیندار زێباری: 31 کەس بە تۆمەتی توندوتیژی دژی رۆژنامەنووسان سزا دراون

رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکانی حكومه‌تی هه‌رێم رایگه‌یاند، لەمساڵدا لێکۆڵینەوە لە هەشت کەیسی توندوتیژی دژی رۆژنامەنووسان کراوە و بەهۆیەوە 31 کەس سزا دراون.

دیندار زێباری لە گوتارێکیدا لە دووەمین کۆنفرانسی پلانی نیشتمانی بۆ مافەکانی مرۆڤ لە بەغدا چەند داتا و زانیارییەکی خستەڕوو و گوتی، “یاداشتێکی لێکتێگەیشتن لە نێوان سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان و وەزارەتی ناوخۆ ئامادەکرا بۆ ئاسانکاری کاری ڕۆژنامەوانی، مۆڵەتیش درا بە 144 کەناڵی تەلەفزیۆنی، لەوانە 36 کەناڵی مانگی دەستکرد و  108 کەناڵی ناوخۆیی و 155 ڕادیۆ.”

گوتیشی، “لە بواری پێشێلکارییەکان بەرامبەر بە ڕۆژنامەنووسان هەشت کەیس لێکۆڵینەوەی لەسەر کرا و سزا بەسەر 31 کەسدا سەپێنرا بە تۆمەتی توندوتیژی دژی رۆژنامەنووسان.”

هەر لە گوتارەکەیدا، دیندار زێباری گوتی، حکومەتی ھەرێم ستراتیژی نیشتیمانی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی ساڵی 2021-2025ی پەسەند کردووە بۆ بەدیھێنانی حوکمڕانییەکی کاراتر و شەفافتر.

ئاماژەى بەوەشکرد،لە ساڵی 2023دا، 334 دۆسیە رەوانەی دادگاکان کران و بڕیاری دادوەری لە دژی 77 فەرمانبەری پلە کاری جیاواز دەرچووە، هەروەها پڕۆژەی (هەژماری من)ی دەستپێکرد، بەم پێیەش سەرجەم فەرمانبەران لە کۆتایی ساڵی 2024دا هەژماری بانکییان دەبێت.”

رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکانی حكومه‌تی هه‌رێم، ئاماژەی به‌ مافەکانی ئافرەتان و رایگه‌یاند، سەرۆکی حکومەتی هەرێم رەزامەندی دەربڕیوە بۆ دابینکردنی یەکەی نیشتەجێبوون بۆ داڵدەدانی ئەو ئافرەتانەی قوربانیی توندوتیژی بوون و لە شەڵتەرەکاندا دەژین، لەلایەکی دیکەوە ئافرەتان بەشدارییەکی کارایان لە دەسەڵاتی دادوەری و دەزگای داواکاری گشتیدا، لە بارەوە (65) دادوەر و (65) داواکاری گشتی و زیاتر لە (200) یاریدەدەری دادوەری و (500) لێکۆڵەری دادوەری ئافرەتن.

لەبوارى روبەروبوونەوەى مادەى هۆشبەر، ژمارەی ئەو کەسانەی بەکارهێنەران و بازرگانی کردن بە ماددە هۆشبەرەکان، ئاشکراکرد کەسزادراون بریتین 2676 کەس.

باسی لەوەشکرد، حکومەتی هەرێم گرنگی زۆر بە دۆسیەکانی بازرگانیکردن بە مرۆڤ دەدات، لێکۆڵینەوە لەسەر 138 دۆسیەی بازرگانیکردن بە ئەندامەکانی جەستەی مرۆڤ و بازرگانیکردن بە منداڵ و بەقاچاخبردن و بەکارهێنانی مرۆڤ بۆ دەرۆزەکردن کراوە.

دیندار زێباری ئەوەشی ئاشکراکرد، 432 کۆمپانیا لەسەر ئەو دۆسیانە داخراون یاخود لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ دەکرێت یاخود سزادراون، هەروەها نزیکەی هەزار کۆمپانیا چاودێریییان خراوەتە سەر.

هەواڵی زیاتر

Back to top button