پوتین خۆی کاندیددەکاتەوە.. نزیکەی چارەکە سەدەیەک لە سەرکردایەتیکردنی رووسیادا

زووم:
ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکی ڕوسیا ڕایگەیاند، خۆی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی وڵاتەکەی کاندید دەکات، کە بڕیارە ساڵی 2024 بەڕێوەبچێت، کە ئەگەر دەربچێتەوە دەتوانێت لانیکەم تا ساڵی 2036 لە دەسەڵاتدا بمێنێتەوە.

ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردوو پەرلەمانی ڕووسیا ڕۆژی 17ی ئازاری 2024ی بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ڕووسیا دیاری کرد، کە دواتریش پوتین رایگەیاند، خۆی بۆ ئەو خولەی تری سەرۆکایەتی کاندید دەکات.

جگە لەو خولەی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی رووسیا، کە لە ساڵی داهاتوو بەڕێوەدەچێت، بەپێی ئەو گۆڕانکارییانەی خۆی لە دەستووردا کردوویەتی، پوتینی (٧١ ساڵ) دەتوانێت بۆ خولێکی دیکەش خۆی کاندید بکات، کە هەر خولێکی ٦ ساڵە، دوای کۆتایی هاتنی خولی ئێستای لە ساڵی داهاتوودا.

ئەو سەرکردەی رووسیا، لە سەرەتای هەزارەی سێهەمەوە حوکمڕانی ڕووسیای گرتە دەست، کە لە چوار هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیدا سەرکەوتنی بەدەستهێناوە.

پوتین لە مانگی ئابی ساڵی ١٩٩٩، لە ژێر سایەی یەکەم سەرۆکی ڕووسیا دوای ڕووخانی یەکێتی سۆڤیەت، بۆریس یێڵتسین، کرا سەرۆک وەزیران.

لە ٧ی ئایاری ٢٠٠٠ پوتین بە بەدەستهێنانی لەسەدا ٥٣ دەنگەکان لە هەڵبژاردنەکاندا سەرکەوتنی بەدەستهێنا و یەکەم خولی خۆی بۆ ماوەی ٤ ساڵ وەک سەرۆکی روسیا دەستپێکرد.

لە مانگی ئازاری ساڵی ٢٠٠٤ پوتین بۆ خولی دووەم لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیدا سەرکەوتنی بەدەستهێنا.

لە ماوەی دوو خولی یەکەمی سەرۆکایەتیدا، ڤلادیمێر پوتین دەستی بەسەر پەرلەماندا گرت، پارێزگارەکانی ناوچەکەی خستە ژێر کۆنترۆڵی مۆسکۆ، مەکتەبی ئاسایشی فیدراڵی بەهێزتر کرد و دەستی بەسەر میدیاکاندا گرت و لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکان و سەرکردەکانی لاواز کردو بەشێکیانی لە وڵات دەکرد.

لە مانگی ئایاری ساڵی 2008 پوتین لەلایەن دیمیتری مێدڤیدیڤ، سەرۆکی نوێی وڵاتەکەیەوە وەک سەرۆک وەزیران دەستنیشانکرا، بەو پێیەی دەستوور ڕێگری لێدەکرد بۆ خولی سێیەمی سەرۆکایەتی لەسەر یەک خۆی کاندید بکات، بەڵام وەک سەرۆکی دیفاکتۆی ڕوسیا مایەوە.

لە مانگی ئازاری ساڵی ٢٠١٢، پوتین بۆ خولی نوێی سەرۆکایەتی ٦ ساڵە هەڵبژێردرا، ئەوەش دوای هەموارکردنی دەستوور.

لە مانگی تەمموزی ٢٠٢٠دا، ڕیفراندۆمێک لەسەر هەموارکردنی دەستووری پێشنیارکراوی پوتین ئەنجامدرا و ڕێگەی پێدرا لە ساڵی ٢٠٢٤ەوە بۆ دوو خولی سەرۆکایەتی خۆی کاندیدبکاتەوە.

هەواڵی زیاتر

Back to top button