نزیکەى پێنج هەزار سەربازى ئیسرائیلى لە غەزە برینداربوون

زووم:

پێگەى یەدیعوت ئەحرۆنۆت ئاشکرایکرد، لە سەرەتای شەڕی کەرتی غەزە تا ئێستا، نزیکەی پێنج هەزار سەربازی سوپاى ئیسرائیل برینداربوون.

پێگەکە ئاشکراشیکرد، بەلایەنى کەمەوە رۆژانە 60 سەرباز برینداردەبن، کە دواى برینداربوونیان رەوانەى نەخۆشخانەو ناوەندەکانى پزیشکى دەکرێن بۆ وەرگرتنى چارەسەرى پێویست.

ماڵپەڕەکە لە زاری لیمۆر لوریای بەرپرسی بەشی چاکسازی لە وەزارەتی ئاسایشی ئیسرائیل بڵاویکردەوە، نەخۆشخانەکانی ئیسرائیل پەلەدەکەن لە چارەسەر و دەرکردنی بریندارەکان، ئەوەش بەهۆى زۆرى ژمارەیان، کە دەیانەوێت بە بەردەوامى شوێنى ترهەبێت بۆ وەرگرتنى بریندارەکان.

ئاماژەی بەوەشکردووە، زۆربەی بریندارەکان بەدەست برینێکی سەختەوە دەناڵێنن، ئەمەش بەهۆى سەختى شەڕەکان لە کەرتى غەزە.

ئەو ژمارەى پێگە ئیسرائیلییەکە بڵاویکردووەتەوە، یەکدەگرێتەوە لەگەڵ ئەو ژمارەیەى چەند رۆژى رابردوو، رۆژنامەى “هارتز” بڵاویکردەوە، کە رایگەیاندبوو، زیاتر لە دوو هەزار سەربازى ئیسرائیلى لە شەڕەکانى باکوورى کەرتى غەزە برینداربوون، کە رۆژ بە رۆژیش ئەو ژمارەیە روو لەزیادبوون دەکات، بەتایبەتى دواى دەستپێکردنى ئۆپەراسیۆنەکانى سەر باشوورى غەزە.

 

هەواڵی زیاتر

Back to top button