پوتین: خۆم بۆ هەڵبژاردنەکانى سەرۆکایەتى کاندید دەکەمەوە

نزیکەى چارەکە سەدەیەکە لە دەسەڵاتدایە

زووم، ئاژانسەکان:

ئەمڕۆ هەینى ئاژانسى “تاس”ـى روسى بڵاویکردەوە، ڤلادیمیر پوتین سەرۆکى روسیا رایگەیاندووە، خۆى بۆ هەڵبژاردنى سەرۆکایەتیی 2024 کاندید دەکاتەوە.

ئاژانسەکە دەڵێت، پوتین ئەم هەواڵەى لەمیانى رێوڕەسمێکدا لە کۆشکى کرێملین راگەیاند کە بۆ رێزلێنان لەو سەربازانە رێکخرابوو بەشدارییان لە جەنگى ئۆکرایندا کردووە.

پوتین لەگەڵ ئەوەى نزیکەى چارەکە سەدەیەکە لە دەسەڵاتدایە، بەڵام تائێستا لەنێوخۆى روسیادا پشتیوانییەکى فراوانى لێدەکرێت.

یاخیبوونە کورتخایەنەکەى مانگى حوزەیرانى رابردوو کە لەلایەن یەڤگینى پریکۆژینى سەرکردەى گروپى “ڤاگنەر”ـەوە ئەنجامدرا، مشتومڕى زۆرى دروستکرد کە رەنگە پوتین دەسەڵات لەدەستبدات، بەڵام بەبێ هیچ زیانێک لە قەیرانەکە هاتە دەرەوە.

هەڵبژاردنەکانى سەرۆکایەتیی روسیا

  • دوێنێ پێنجشەممە، ئەنجومەنى فیدراڵى کە باڵاترین ژوورى پەرلەمانى روسیایە، لە کۆبوونەوەیەکدا 17ـى ئازارى 2024ـى وەکو رۆژى بەڕێوەچوونى هەڵبژاردنەکانى سەرۆکایەتیی روسیا دیاریکرد.
  • لە بڕیارەکەدا کە بەکۆى دەنگ پەسەندکرا “17ـى ئازارى 2024 وەکو رۆژى هەڵبژاردنى سەرۆکاتیی روسیا دیاریکرا، ڤالێنتینا ماتڤیێنکۆ سەرۆکى ئەنجومەنەکە رایگەیاند، “هاوکات لەگەڵ دەرچوونى ئەم بڕیارەدا بانگەشەى هەڵبژاردن دەستپێدەکات”.
  • ماتڤیێنکۆ گوتى، گرنگى ئەم هەڵبژاردنە هاوشێوەى بڕیارى “لکاندنى ناوچەکانى لۆهانسک و دۆنێتسک و خێرسۆن و زاپۆریژیایە بە خاکى روسیاوە”.
  • ماتڤیێنکۆ: سەربارى سەختى بارودۆخى دەرەکى و هەوڵەکانى دوژمن بۆ لاوازکردنى روسیا، بەڵام ئێمە پابەندین بە بنەما سەرەکییەکانى دەستوور و هەموو ماف و ئازادییەکان بۆ هاوڵاتیان مسۆگەر دەکەین.
  • راشیگەیاند، “هاوڵاتیان و کۆمەڵگەکەمان ئێستا لە هەر کاتێکى دیکە یەکگرتووترن” لەبارەى دەسەڵاتى پوتینەوە، “ئەرکى دەوڵەتە لە ئاستى ئەو متمانەیەدا بێت و رێگریی لە بچووکترین ئیستفزازی بکات”.

هەواڵی زیاتر

Back to top button