گروپە چەکدارییەکانی عێراق لە سوودانی “نیگەرانن”

زووم:
هێرشە موشەکییەکانی گروپە چەکدارییەکانی عێراق بۆ سەر بنکەکانی ئەمریکا و وەڵامە سەربازییەکانی واشنتنیش بۆ ئەو گروپانە، پەیوەندی نێوان ئەو گروپانە و محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراقی بەرەو ئاڵۆزی بردووە، بەتایبەت دوای ئەوەی ئیلینا رۆمانسکی باڵیۆزی ئەمریکا ئاشکرایکرد، حکوومەتی عێراق ئاگاداری هێرشەکەی ئەمدواییەی گروپە چەکدارییەکان بووە لە کەرکوک.

باڵیۆزی ئەمریکا لە لێدوانێک رایگەیاند، وڵاتەکەی وەک “بەرگری لە خۆکردن” هێرشیکردووەتە سەر ئەو گروپانەی، بەرپرسی هێرشەکانی رابردوو بوون.

باڵیۆزەکەی ئەمریکا لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی “ئێکس” راشیگەیاند، زانیارییەکان وردن و جێگای گرنگیپێدانی زۆرن، ئەو زانیارییانە جارێکی دیکە دەنێردرێنەوە، کە تایبەتە بە گرتنەبەری رێکاری سەربازی دژ بەو گروپانەی، بەرپرسن لە هێرشی بنکە سەربازییەکان.

شەوی یەکشەممەی رابردوو، سوپای ئەمریکا بنکەیەکی هەڵدانی فڕۆکەی بێفرۆکەوانی لە نزیک کەرکوک بۆردومانکرد، بەهۆیەوە 5 چەکداری سەر بە “بزووتنەوەی نوجەبا” کوژران، کە بە گوێرەی فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا، ئەو چەکدارانە هەوڵی ئەنجامدانی هێرشیان بۆ سەر بنکەی سەربازی هەریر لە هەولێر داوە.

رۆژنامەی عەرەبی جەدید لەو بارەوە بڵاویکردووەتەوە، ئەو هێرشە بە یەکەم هێرشی ئەمریکا دادەنرێت، کە چاوەڕوان دەکرێت پەیوەندی ئەمریکا و ئەو گروپانەی نزیک لە ئێران لە لایەک و پەیوەندی نێوان حکومەتی عێراق و ئەو گروپانە لەلایەکی دیکەوە ئاڵۆزتر بکات.

ئەو گروپانە لە ماوەی دوو مانگی رابردوودا، بەردەوامی و بە بەکارهێنانی موشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرشەکانیان دژ بە بنکەکانی ئەمریکا ئەنجامدەدەن، بەشێوەیەک لە 16ی ئۆکتۆبەری رابردووەوە تائێستا زیاتر لە 60 هێرشیان ئەنجامداوە.

هەرچەندە باڵیۆزی ئەمریکا رایگەیاند، هێرشەکەی کەرکوک و کوژرانی 5 چەکدار بە ئاگاداری فەرماندە سەربازییەکانی بەغداد بووە، بەڵام حکومەتی عێراق تا ئێستا هیچ راگەیاندراو، یان لێدوانێکی فەرمی لەو بارەیەوە بڵاونەکردووەتەوە.

هاوکات هاوپەیمانی چوارچێوەی هەماهەنگیش هیچ هەڵوێستێکی دەرنەبڕیوە، کە ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی جۆرێک لە ناکۆکی لەسەر هێرشەکان بۆ سەر بنکەکانی ئەمریکا لەگەڵ ئەو گروپانەبوونی هەیە، ئەوەش بە گوێرەی راپۆرتی رۆژنامەکە.

دابەشبوونی هاوپەیمانی چوار چێوەی هەماهەنگی
دوو سەرچاوەی نزیک لە بڕیاربەدەستی بەغداد بۆ رۆژنامەی عەرەبی جەدید دووپاتیانکردووەتەوە، حکومەتی عێراق هۆشداری بە گروپەکان داوە، بەتایبەت بزووتنەوەی نوجەبا، کە ئەگەر هەیە چەکدارەکانیان لە باکوور و خۆرئاوای عێراق بە ئامانج بگیرێن، بەڵام فەرماندەکانی ئەو بزووتنەوەیە هۆشدارییەکەیان بە هەند وەرنەگرتووە.

یەکێک لە سەرچاوەکان راشیگەیاندووە، چوارچێوەی هەماهەنگی دابەشبووە لە نێوان بەردەوامی هێرش بۆ سەر ئەمریکا، لەگەڵ داوای هێورکردنەوەی دۆخەکە، بۆیە تائێستا چوارچێوەی هەماهەنگی نەگەیشتوونەتە هەڵوێستێکی یەکگرتوو.

ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەش کردووە، زۆرینەی ئەندامانی چوارچێوەی هەماهەنگی دژی ئەو کارانەن، کە بزووتنەوەی نوجەبا پێی هەڵدەستن، بەڵام کاریگەری ئێران وایکردووە هیچ رێکارێک دژ بە بزووتنەوەکە نەگیرێتە بەر، یان نابێت بەشێوەیەک مامەڵەی لەگەڵ بکرێت لە فەرمانەکانی دەوڵەت دەرچووە.

هەرچی پەیوەست بە پەیوەندی ئەو گروپانە و محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانەوە هەیە، “لە چەند هەفتەی رابردوودا پەیوەندییەکانیان ئاڵۆزبووە، بەتایبەت لەگەڵ کەتیبەکانی سەید شوهەدا، حزبوڵڵای عیراق، نوجەبا، بەڵام عەسائیبی ئەهلی حەق بە گوێرەی بژاردە دیپلۆماسییەکان مامەڵە لەگەڵ ئەمریکادا دەکات و چەک بەکارناهێنێت، کە ئەمەش شتێکی باو نیە، بۆیە ئەمانە ئاماژەی ئەوەن کە دابەش بوون لە هەڵوێستی شیعەکاندا بوونی هەیە”، ئەوەش هەر بە گوێرەی راپۆرتەکەی رۆژنامە عەرەبییەکە.

لەو بارەیەشەوە، محەمەد زیادی ئەندامی چوارچێوەی هەماهەنگی دەڵێت: هەڵوێستی عێراق لەسەر بوونی هێزەکانی ئەمریکا ئەوەیە، کە کۆتایی بە بوونی هێزی داگیرکاری بهێنرێت، ئەمەش پاڵپشتە بە بڕیاری پەرلەمانی عێراق، کە تا ئێستا حکومەت جێبەجێینەکردووە.

ئەو روونیکردەوە، دەستدرێژی بۆ سەر حەشدی شەعبی لەکەرکوک و ناوچەکانی دیکە رەتکراوەیە، هەروەها وەڵامی فەرمی لەوبارەیەوە دەبێت.

هاوکات سەرمەد بەیاتی پسپۆڕی ئەمنی ئاماژە بەوە دەکات، حکومەتی سۆدانی لە مامەڵەی لەگەڵ “مقاوەمەی ئیسلامی” رووبەڕووی لەمپەربووەتەوە، بەتایبەت لە ژێر یەک فەرماندەیی رووندا نین، بۆیە قورسە کۆنترۆڵ بکرێن، دووپاتیشیکردەوە، “حکومەت بەردەوام هەوڵدەدات، بگات بە لێکتێگەیشتنێک بۆ وەستانی هێرشەکانی ئەو گروپانە”.

بەیاتی دەشڵێت: وەڵامی ئەمریکا چاوەڕوانکراوە، چونکە واشنتن چەند جارێک سۆدانی ئاگادارکردووەتەوە، کە وەڵامی دەبێت ئەگەر هێرشەکان بەردەوامبن، بەڵام وادیارە حکومەتی عێراق نەیتوانیوە کۆنتڕۆڵی ئەو گروپانە بکات.

 

هەواڵی زیاتر

Back to top button