رەئیسی دەچێتە مۆسکۆ و سەردانەکەشی بە “مەترسیدار” وەسفدەکرێت

زووم:
بڕیارە رۆژی پێنج شەممە ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆک کۆماری ئێران لەسەر داوای ڤلادیمێر پۆتین سەرۆک روسیا، سەردانی مۆسکۆ بکات و لەبارەی هەندێک تەوەری سەرەکییەوە گفتوگۆی تایبەتی ئەنجامبدەن، لەسەر سەردانەکەش کۆشکی سپی ڕایگەیاند، ئێران بەنیازە “موشەکی بالستی بداتە رووسیا، بۆ ئەوەی لە جەنگی ئۆکرانیادا بەکاریبهێنێت”.

ئەو سەردانەی ئیبراهیم رەئیسی لە رۆژی پێنجشەممە بۆ مۆسکۆ، دووەم سەردانییەتی لەدوای دەستبەکاربوونی وەک سەرۆک کۆماری ئێران، سەردانەکەشی لێکدانەوەی زۆری بۆ کراوەو لەنێو میدیا جیهانی و عەرەبییەکاندا شیکاریی جۆراوجۆری بەدوای خۆیدا هێناوە، کە هەندێک پێیانوایە “زەنگی مەترسیدارە” و هەندێکی دیکەش وای لێکدەدەنەوە “بۆ دەربازکردنی ئێرانە لە ئابڵۆقە ئابوورییەکانی ئەمریکا لەسەر وڵاتەکەی”.

گۆڤاری “ناشناڵ ئینترست” لەو بارەوە لە راپۆرتێک بڵاویکردەوە، سەردانەکەی ڕەئیسی بۆ مۆسکۆ “زەنگی ئاگادارکردنەوەیە بۆ رۆژئاوا”، هەروەها ئاماژەی بەوەش کردووە، “پەیوەندی 20 ساڵەی نێوان ئەو دوو دەوڵەتە جێگەی مەترسییە بۆ رۆژئاواییەکان”.

سەردانەکەی ڕەئیسی بۆ مۆسکۆ “زەنگی ئاگادارکردنەوەیە بۆ رۆژئاوا”

ئەو گۆڤارە باسی لەوەش کردووە، یەکێک لە بەرنامەی کاری سەردانەکەی رەئیسی بریتییە لە نوێکردنەوەی ڕێککەوتنەکەی ساڵی 2001ـی نێوان مۆسکۆ و تاران، کە لەبوارەکانی “ئاسایش، گواستنەوە و بازرگانی” دا واژوویان کردووەو لە کۆتایی ئەمساڵدا وادەکەی بەسەردەچێت.

گۆڤارە ئەمریکییەکە باسی لەوەش کردووە، ڕێژەی هاوردەکانی روسیا لە ئێرانەوە دووبەرامبەر بووەتەوە و لە 2%ەوە بەرزبوەتەوە بۆ 4%ی هاوردەکانی لە وڵاتانی دیکەوە، لە لایەکی تریشەوە، ئێران سوورە لەسەر بەرزکردنەوەی قەبارەی بازرگانییەکانی لەگەڵ رووسیا و دەیەوێت بیگەیەنێتە 25 ملیار دۆلاری ئەمریکی.

گۆڤارەکە جەختی لەوەش کردووەتەوە، نوێکردنەوەی ڕێککەوتنەکەی نێوان هەردوو وڵات تەنها لە بواری ئەمنی و بازرگانیدا نابێت و بەدووری نازانێت بازرگانی چەک و تەقەمەنیشی تێبکەوێت.

هاوکات جۆن کیربی، ڕێکخەری پەیوەندییەکانی ئەنجوومەنی ئاسایش لە کۆشکی سەرۆکایەتی ئەمریکا (کۆشکی سپی) لەبارەی سەردانەکە ڕایگەیاندووە، رووسیا دەویەوێت موشەکی بالستی لە ئێران وەربگرێت بۆ ئەوەی لە جەنگەکەیدا لە دژی ئۆکرانیا بەکاریبهێنێت، ئاژانسی رۆیتەرزیش ئەو ئەگەرەی بەدوور نەزانیوەو لە راپۆرتێک ئاشکرایکردووە، پێدەچێت موشەکەکانیان بۆ جەنگی ئۆکرانیا بێت.

رووسیا دەویەوێت موشەکی بالستی لە ئێران وەربگرێت بۆ ئەوەی لە جەنگەکەیدا لە دژی ئۆکرانیا بەکاریبهێنێت

جۆن کیربی، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا ڕایگەیاندووە، پێشتر ئێران فڕۆکەی بێفرۆکەوان و موشەکی زیرەک و پێداویستییەکانی تۆپخانەی خستووەتە بەردەستی رووسەکان، ئەمجارەش لەوانەیە ئێران بیەوێت “هەنگاوی لەمە زیاتر بهاوێژێت و موشەکی بالیستی بداتە رووسیا تا بتوانن هێرشی سەر ئۆکرانیای پێ زیادبکەن”.

بەرپرسەکەی کۆشکی سپیش ڕاشیگەیاندووە، ئێران بەنیازە بە بەهای ملیارەها دۆلار پێداویستی سەربازی لە نمونەی هەلیکۆپتەری هێرشبەر و کۆپتەر و فڕۆکەی ڕاهێنان لە روسیا بکڕێت.

لای خۆیشییەوە، دیمتری پسکۆڤ گوتەبێژی کۆشکی سەرۆکایەتی روسیا “کرملین”، ڕێگەیاندووە: هاوکارییەکانی نێوان رووسیا و ئێران لەبواری سەربازییدا هونەرین و سەبارەت بە هاوردەکردنی موشەکی بالیستیش لە ئێرانەوە “قسەیەکمان بۆ وتن نییە”.

لە هەواڵێکی پێگەی میدڵ ئیست نیوز-یشدا لەسەر سەردانەکە ئاماژە بەوە کراوە، یەکێکی تر لە تەوەرەکانی سەردانەکەی رەئیسی، باسکردنە لە پێشهاتە نوێیەکانی جەنگی نێوان ئیسرائیل و حەماس و هەڵوێستی هەردوو وڵات لەوبارەیەوە.

پێگەکە لە ڕاپۆرتێکدا باسی لە ئەگەری تێوەگلانی ئێران کردووە لە جەنگەکەدا، بەو پێیەی حوسییەکانی یەمەن و حیزبوڵای لوبنان لەو جەنگەدا دەستێوەردانیان کردووە و رۆژئاواییەکانیش ئەو حیزبانە بە بەشێک لە درێژکراوەی سیاسەتەکانی ئێران دەزانن و ئیرانی پێتاوانباردەکەن.

یەکێکی تر لە تەوەرەکانی گفتوگۆی نێوان هەردوو سەرۆک، پەیوەست دەبێت بە بواری پەرەپێدانی چەکی ئەتۆمی ئێران

ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەش کردووە، گروپی ڤاگنەری رووسی لەبەر ڕۆشنایی سیاسەتەکانی کرملیندا “دەستوەردانیان لە جەنگی غەزەدا کردووە و زانیاری زۆریان لە بارەی جەنگی هەواییەوە داوە بە حیزبوڵای لوبنانی نزیک لە ئێران”.

هەندێک لە سەرچاوەکانیش باس لەوە دەکەن، یەکێکی تر لە تەوەرەکانی گفتوگۆی نێوان هەردوو سەرۆک، پەیوەست دەبێت بە بواری پەرەپێدانی چەکی ئەتۆمی ئێران، چەند رۆژێک پێش ئێستاش رافاێڵ گروسی بەڕێوەبەری ئاژانسی وزەی ئەتۆم هۆشداری ئەوەیدا، کە نابێت جەنگی غەزە وامان لێبکات چاومان لەسەر پێشڕەوییەکانی چەکی ئەتۆمی ئێران لابچێت.

کۆشکی سپی لە مانگی ئایاری ڕابوردووەوە جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە ئێران و روسیا بەشێوەیەک سەرقاڵی بەرەو پێشبردنی پەیوەندییە سەربازییەکانیانن، کە پێشینەی نەبووە و ئەو کارەشیان زیان بە دراوسێکانی هەردوو وڵات دەگەیەنێت.

 

هەواڵی زیاتر

Back to top button