ئیسرائیل دەستبەسەرداگرتنى گەورەترین جبەخانەى چەک لە غەزە رادەگەیەنێت

زووم:

سوپای ئیسرائبل رۆژی چوار شەممە رایگەیاند، دەستیان بەسەر گەورەترین جبەخانەی چەکی چەکدارانی فەڵەستین لە کەرتی غەزە گرتووە.

ئەفیخای ئەدرەعی گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل بۆ وڵاتانى عەرەبى لە ئەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی (ئێکس) گرتەیەکی ڤیدیۆیی بڵاوکردووەتەوەو رایگەیاندووە، لە باکووری غەزە دەستیان بەسەر گەورەترین جبەخانەی چەکی چەکدارانی فەڵەستینی گرتووە.

بە گوێرەی ئەو گرتە ڤیدیۆییەی گوتەبێژی سوپای ئیسرائبل بڵاویکردووەتەوە، دەردەکەوێت ئەو جبەخانەی دەستی بەسەردا گیراوە، چەندین جۆری چەک و موشەک و گولە تۆپ و گولەی ئارپی جی و تەنانەت موشەکی مەودا درێژ و تەنانەت فڕۆکەی بێفرۆکەوانیشی تێدابووە.

ئەفیخای ئەدرەعی لە لێدوانێکیشی رایگەیاندووە، ئەو جبەخانەی سوپای ئیسرائیل دەستی بەسەردا گرتووە، یەکێکە لە گەورەترین جبەخانەکانی چەکدارانی فەڵەستین لە غەزە.

گوتەبێژەکەی سوپای ئیسرائیل ئەوەشی راگەیاندووە، هەر لە شوێنی جبەخانەکەدا بەشێک لە چەک و تەقەمەنییەکەیان لەناوبردووەو ئەوەشی ماوەتەوە براون بۆ شوێنی تایبەتمەند، ئەوەش بۆ لێکۆڵینەوەو گەیشتنە ئەنجامی ئەوەی ئەو چەکانە دروستکراوی کوێن.

ئەو باسی لەوەش کردووە، ئەو جبەخانەیە لە شوێنێک دۆزراوەتەوە لە نزیک ناوچەی نیشتەجێبوون بووە، ئەمەش دەیسەلمێنێت، ئەو چەکدارانە ناوچەی دانیشتوان و کەسانی مەدەنی، بۆ ئامانجە سەربازییەکانی خۆیان بەکاردەهێنن.

 

 

 

هەواڵی زیاتر

Back to top button