ئەمساڵ گەرمترین ساڵی تۆمارکراوی مێژووی مرۆڤایەتییە

زووم، ئاژانسەکان

ناوەندی کۆپەرنیکۆسی ئەوروپی رایگەیاند، ئەمساڵ گەرمترین ساڵ بووە لە مێژووى مرۆڤایەتییدا، هەوڵەکانی پێشووش بۆ رێگرى لە بەرزبوونەوەی زیاتری پلەکانی گەرما و گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا، کاریگەرییەکی ئەوتۆیان نەبووە.

ناوەندی کۆپەرنیکۆسی ئەوروپی راپۆرتێکی لەبارەی پلەکانی گەرما لە ساڵی 2023دا بڵاوکردەوە، بەگوێرەى داتا تۆمارکراوەکان، لەو کاتەوەی داتاکانی تایبەت بە کەشوهەوا تۆماردەکرێن، ئەمساڵ گەرمترین ساڵی زەوی بووە. پلەی گەرمبوونی جیهان واتا جیاوازیی نێوان تێکڕای ئەو پلە گەرمییەی کە لە ئێستادا لە جیهان هەیە بەراورد بەو پلەیەی کە لەپێش سەردەمی شۆڕشی پیشەسازیی فەرەنساوە تۆمارکراوە، کە دەکاتە ساڵانی 1880کان.

ناوەندەکە ئاشکرایکردووە، لە 2023دا، شەش مانگی لەسەریەک و دوو وەرزی ساڵەکە، ئاستی پێوانەییان لە پلەی گەرمادا بەراورد بە ساڵانی رابردوو تۆمارکردووە، واتا لە مانگی حوزەیرانی ئەمساڵەوە، تا مانگی تشرینی دووەمی رابردوو، هەموو مانگەکان بەراورد بە هاوتاکانیان لە ساڵانی رابردوودا، بەرزترین پلەکانی گەرمایان تۆمارکردووە.

بەگوێرەى راپۆرتەکەی کۆپەرنیکۆس، دوو رۆژی مانگی رابردوو، پلەکانی گەرمای زەوی، بەراورد بە سەردەمی پێش شۆڕشی پیشەسازی، دوو پلەی سیلیزی بەرزتر بوون، بە گشتیش، ئەمساڵ پلەکانی گەرما 1.46 پلە بەرزتر بوون لە ساڵانی پێش شۆڕشی پیشەسازی.

پێشتر، ناوەندە تایبەتمەندەکانی کەشوهەوا، هۆشدارییان دابوو، کە ساڵی 2023 گەرمترین ساڵی مێژووی تۆمارکراوی مرۆڤایەتی دەبێت، دواجار هەر ئەوەش روویدا، ئەمساڵ، بەڕەکەی لەژێر پێی ساڵی 2016 دەرهێنا و خۆی وەکو گەرمترین ساڵ ناساند.

2023 گەرمترینی 100 هەزار ساڵی رابردووشە

زیاتر لەوەش، زانایانی بەشدار لە توێژینەوەکانی تایبەت بە بەرزبوونەوەی پلەی گەرمای زەوی، دەڵێن، بەگوێرەى ئەو داتایانەی دەستیانکەوتووە لە نموونە وەرگیراوەکانی چینە سەهۆڵییەکان و بازنەی درەختەکان و داتا وەرگیراوە هاوشێوەکانیان، پێدەچێت ساڵی 2023 گەرمترین ساڵی گۆی زەوی بێت لە نزیکەی 100 هەزار ساڵی رابردوودا.

راپۆرتی ناوەندە ئەوروپییەکە لەبارەی گەرمترین ساڵی تۆمارکراوی مرۆڤایەتییەوە، هاوکاتە لەگەڵ لوتکەی (COP28)ـی تایبەت بە گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا، کە لە دوبەی کارەکانی بەردەوامە و تائێستا وڵاتانی بەشدار بڕیاریان داوە نزیکەی 35 ملیار دۆلار بۆ بەرەنگاربوونەوەی گۆڕانکارییەکان و بەرگرتن لە گەرمتربوونی زیاتری زەوی، دابینبکەن.

هەواڵی زیاتر

Back to top button