سوپاى ئیسرائیل گەورەترین لیواى سەربازى دەباتە غەزە

زووم:

جوڵەى لیواى کەفیرى سوپاى ئیسرائیل بەرەو بەرەکانى شەڕ لە کەرتى غەزە، پرسیارى لەسەر قەبارەى هێرشەکانى ئەو سوپایە لەباشوورى کەرتەکە دروستکردووە، کە چەند رۆژێکە دەستیپێکردووە، بەو پێیەى ئەو لیوایە، خاوەن تایبەتمەندییەکى بەرزن لە کێوماڵى زەمینى بۆ بەرەکانى جەنگ و گەورەترین لیواى سەربازى ئەو وڵاتەشن.

لیواى کەفیر، لە ساڵى 2005 دامەزراوەو بە لیواى (900)ى پیادەش لە سوپاى ئیسرائیل ناودەبرێت، ئەوەش بە گوێرەى پێگەى فەرمى سوپاى ئیسرائیل.

هەر بە گوێرەى پێگەکە، ئەو لیوایە، گەورەترین لیواى پیادەى سوپاى ئیسرائیلە، کە سەربازەکانى بە چەند قۆناغێکى سەختى راهێنان و ئۆپەراسیۆنى تایبەت تێدەپەڕن، تا دەبنە سەربازى چالاکى لیواکە.

لیوای کەفیر لە چەند کەتیبەیەک پێکدێت، ئەوانیش کەتیبەی نەهشۆن (٩٠)، سامسۆن (٩٢)، حەرۆف (٩٣)، دۆشێڤات (٩٤)و کەتیبەی نەتزا یەهودا (٩٧).

 

بە گوێرەى رۆژنامەى تایمز ئۆف ئیسرائیل، ئەو کەتیبانەى لیواى کەفیر دابەشى چەند یەکەیەکى سەربازى بوون، کە ئەوانیش بریتین لە یەکەى شەڕکەر، یەکەى تانک و زرێپۆشەکان، یەکەى هەواڵگرى و یەکەى ئەندازیارى و پزیشکى.

راهێنانى یەکەکانى ئەو لیوا سەربازییە، لەسەر شێوازى شەڕى شارەکان و کۆڵان بە کۆڵانە، هەروەها راهێنانکردن بۆ شەڕکردن لە ناوچە قەرەباڵغ و ئاڵۆزەکاندا، کە ئەرکى سەرەکى لیواکەن لەشەڕەکاندا.

لیوای کەفیر بە لیوایەکى سەرەکى لەناو سوپاى ئیسرائیل دادەنرێت بۆ پاراستنى ئاسایشى وڵاتەکەو “بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر” و ئەو مەترسییانەى رووبەڕووى ناوچەکانى ئیسرائیل دەبنەوە.

هەر بە گوێرەى رۆژنامەى تایمز ئۆف ئیسرائیل، ئەو لیوا سەربازییەى سوپاى ئیسرائیل وەها راهێنراون، دەتوانن لە هەر بارودۆخێکی کەشوهەوا، یان ژینگەیەک، جا شەو بێت، یان ڕۆژ شەڕ بکەن، هەروەها ئامادەکراویشن بۆ تێکەڵکردن لەگەڵ هەر یەکەیەکى ترى سەربازى، کە لەشەڕدابن لەگەڵ هێزەکانى بەرانبەر.

هاوکات لیوا سەربازییەکەى سوپاى ئیسرائیل وەهاش راهێنراون، بتوانن لەسەر ئاستى تاکیش لە رووبەرێکى دیاریکراودا شەڕ بکەن و بەرەنگارى هەر مەترسییەک ببنەوە، کە لەکاتى جیادا رووبەڕوویان دەبێتەوە.

لە ماوەی چوار مانگ و نیو مەشقی سەرەتاییدا، سەربازەکان فێری بنەماکانی دیسیپلینی سەربازی دەکرێن و راهێنانى لەشجوانی و تواناى جەستەییان پێدەکرێت، لەهەمان کاتدا لە راهێنانەکاندا شارەزا دەبن لە بەکارهێنانی چەکی جۆراوجۆری وەک تفەنگی هێرشبەری ئێم ٤ و ئێم ١٦.

 

دوای مەشقی سەرەتایی، سەربازەکان سێ مانگ مەشقی پێشکەوتوو ئەنجامدەدەن، کە گرنگی بە شەڕی شارەکان دەدەن و وەک گروپێکی یەکگرتوو راهێنانیان پێدەکرێت، هەروەها سەربازانی لیواکە فێرى “زمانی عەرەبی” دەکرێن، کە ئەوەش وایان لێدەکات باشتر لەگەڵ فەلەستینییەکان مامەڵە بکەن و بۆ هەر دۆخێک ئامادەبن، کە لە هەر ناوچەیەکى فەڵەستین تێیدەکەون.

دەستەى پەخشی ئیسرائیلی “کان” ڕۆژی سێشەممە لە ڕاپۆرتێکدا  بڵاویکردەوە، لیواى کەفیر راسپێراون بۆ بەشداری لە ئۆپەراسیۆنە زەمینییەکان لە قوڵایی کەرتی غەزە و باشوورى ئەو کەرتە، کە بۆ یەکەمجارە لە دوای دامەزراندنی ئەو لیوایە لە ساڵی ٢٠٠٥ ئەرکێکى وەهایان پێبدرێت.

ڕۆژنامەی تایمز ئۆف ئیسرائیلیش ئاشکرایکرد، بەشدارپێکردنى ئەو لیوایە لە شەڕەکانى کەرتى غەزە، بەتایبەتى لەباشوورى ئەو کەرتە پەیوەندى بە قورسى و فراوانى ئۆپەراسیۆنەکە هەیە، کە چەند رۆژێکە دەستیپێکردووە.

هەواڵی زیاتر

Back to top button