رێڕەوی تەمومژاوی دۆسییەی ئەتۆمی ئێران

زووم:
چاودێرانی کاروباری ئێران دەیانەوێت وەڵامی ئەم پرسیارەیان دەستبکەوێت، کە ئایا رێکەوتننامەی ئەتۆمی ئێران لەگەڵ وڵاتانی رۆژئاوا لە رووی پراکتیکییەوە مردووە؟

ئەم پرسیارەو کردنەوەی کۆدی وەڵامەکەی دوای هێرشەکەی چەکدارانی فەڵەستینی لە غەزە لە 7ی ئۆکتۆبەر و وەڵامی دواتری ئیسرائیل بۆ هێرشەکە زیاتر ئاڵۆزبووە.

هەرچەندە هەڕەشەکانی ئێران دژی ئیسرائیل زیاتر رووکەشین، بەڵام جوڵەی حزبوڵڵای هاوپەیمانی و گروپە چەکدارییەکانی تری لە عێراق و سوریا جددییە و حساب بۆ کراوە، کە دوای چەند هێرشێکی ئەو گروپانە بۆ سەر بنکەو بارەگا سەربازییەکانی ئەمریکا لە عێراق و سوریا، واشنتنیش هاوشێوەی تەلئەبیب هێرشی کردە سەر پێگەی میلیشیا نزیکەکانی ئێران لە رۆژهەڵاتی سوریاو چەند ناوچەیەکی تر.

لە ئەگەرى نەمانی پردی پەیوەندی سەربازی لە نێوان تاران و ئەو گروپانە، ئەوە هێرشەکانییان دژی بنکەکانی ئەمریکا لە عێراق و سوریا و دەریای ناوەڕاست و دەریای عەرەبیش زیاتردەبێت

ئێستا گریمانە هەیە، لە ئەگەرى نەمانی پردی پەیوەندی سەربازی لە نێوان تاران و ئەو گروپانە، ئەوە هێرشەکانییان دژی بنکەکانی ئەمریکا لە عێراق و سوریا و دەریای ناوەڕاست و دەریای عەرەبیش زیاتردەبێت، بەم هۆیشەوە گرژییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران زۆرتر دەبن و دانوستانەکانی نێوانیان دەستپێناکاتەوە، کە ماوەیەک لە پشتی دەرگا داخراوەکان بەڕێوەچوو، بۆیە ئەمەش گومانی ئەوە زیاتردەکات رژانی خوێن بەهۆی ململانێکانی ئیسرائیل و فەلەستین بۆ چەند ساڵێکی دیکە بەردەوامدەبێت و لە کۆتاییدا دەبێتە هۆی بەهێزبوونی تاران لە رووی سەربازییەوە، بەتایبەتی لە بەرهەمهێنانی چەکی ئەتۆمی.

لێکدانەوەی ئەتۆمی
سەرەڕای گفتوگۆکانی رابردوو، تا ئێستا ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم ناتوانێت چاودێری و پشکنین بۆ بەشێک لە دامەزراوە سەرەکییەکانی ئێران بکات، ئاژانسەکە لە ئەیلولی مانگی رابردوودا ئاشکرایکرد، ئێران رێژەی ئاسایی پیتاندنی یۆرانیۆمی تێپەڕاندووە، ئەگەر بڕیاربدات، ئەوا توانای دروستکردنی کڵاوەی ئەتۆمیشی هەیە.

لەگەڵ ئەوەشدا تاران بەردەوامە لە هەڵوێستەکەی و رێگا بە پشکنەران نادات بچنە ئەو ناوچانەی، کە خۆیان مەبەستیانە، ئەمە جگە لەوەی وەڵامی پرسیارە گرنگەکانی ئاژانسەکەش ناداتەوە.

لە راپۆرتێکی مانگی ئەیلولی ئاژانسەکەدا هاتووە، بەهۆی ئەوەی ئێران چارەسەرکردنی کێشەکان ڕەتدەکاتەوە، بۆیە توانای چاودێریکردنی بەرنامە ئەتۆمییەکەیان لەدەستداوە، هەروەها بەبێ کامێرای چاودێری و سەردانیکردنی پشکنەران ناتوانن گواستنەوەی کەرەستە ئەتۆمییەکان و زۆری لایەنی دیکەش ئاشکرابکەن.

رێژەی پیتاندنی یۆرانیۆم و کۆگاکردنی گەیشتووەتە لە %60، کە کێشەکەی 122 کیلۆ گرامە

ئاژانسەکە ئەوەش ئاشکرادەکات، رێژەی پیتاندنی یۆرانیۆم و کۆگاکردنی گەیشتووەتە لە %60، کە کێشەکەی 122 کیلۆ گرامە، ئاماژە بەوەش دەکات، ئێران ئێستاش توانای ئەوەی هەیە 40 کیلۆگرام یۆرانیۆم لە رێژەی 60% بەکاربهێنێت، ئەمەش رێژەیەکی بەرزە، چونکە “ئەو یۆرانیۆمە پیتێنراوە بەسە بۆ ئەوەی لە ماوەی 12 رۆژدا چەکی ئەتۆمی لێدروست بکات”.

هەر بە گوێرەی راپۆرتی ئاژانسەکە، لە ئێستادا ئێران پێویستی بە یەک لەسەر سێی یۆرانیۆمە پیتێنراوەکانی هەیە، کە کۆگای کردووە و رێژەکەی لە 60%، بەڵام بۆ ئەوان قورسە ئەو پێشێلکارییانە بە خێرایی ئاشکرابکەن، ئەگەر هاتوو ئێران بەردەوامبێت لە رێگری لە پشکنەران.

لە ئێستادا ئێران پێویستی بە یەک لەسەر سێی یۆرانیۆمە پیتێنراوەکانی هەیە

لە راپۆرتەکەدا ئەوەش هاتووە، ئێران دەتوانێت لە ماوەی یەک مانگدا ئەوەندە یۆرانیۆم بەرهەمبهێنێت، کە بتوانێت بەهۆیەوە چەکی ئەتۆم دروستبکات، ئەمەش رێژەی پاڵفتەکردن دەگاتە لە 90%، ئەم کارەشی بۆ دروستکردنی 5 کڵاوەی ئەتۆمیی دیکەیە، بۆیە یۆرانیۆمە پیتێنراوەکانی بەسە بۆ ئەوەی بتوانێت بە کۆی گشتی 6 کڵاوەی ئەتۆمی دروستبکات، کە لە مانگی ئایاری 2023وە دەستی بە دروستکردنیان کردووە.

ئێران دەتوانێت ئەوەندە یۆرانیۆم بپیتێنێت، کە بەهۆیەوە بتوانێت لە ماوەی یەک مانگدا 6 کڵاوەی ئەتۆمی دروستبکات

راپۆرتەکە روونیشیکردووەتەوە، ئێران دەتوانێت ئەوەندە یۆرانیۆم بپیتێنێت، کە بەهۆیەوە بتوانێت لە ماوەی یەک مانگدا 6 کڵاوەی ئەتۆمی دروستبکات، هەروەها 8 کڵاوە لە ماوەی دوو مانگدا و 9 کڵاوەش لە ماوەی سێ مانگدا دروستبکات، بۆیە دۆخەکە مەترسیدارە.

چیرۆکی وەهمی و گەیشتن بە ئامانج
وا دیارە ئێران چیرۆکێکی وەهمی، بەڵام واقیعیشی ئامادەکردووە، بۆ ئەوەی بگات بە چەکی ئەتۆمی، بەشێوەیەک لە مانگی تەموزی رابردوودا رێکخراوی وزەی ئەتۆمی ئێران ئاشکرایکرد، تواناکانیان بەرزدەکەنەوە بۆ ئەوەی بتوانن 20 گێگاوایت وزەی ئەتۆم بەرهەمبهێنن.

ئەمە لە کاتێکدایە، باس لەوە دەکرێت، لە وێستگەی بوشەهر زیاتر لە 60 ملیار کیلۆوات/ کاتژمێرێکدا بەرهەمدەهێنێت، هەروەها محەمەد سەلامی سەرۆکی دەستەی وزەی ئەتۆمی ئێران دەڵێت: بنیاتنانی وێستگەی کارۆن لە خوزستان دەستی بەکارەکانی کردووە، کە ئەم کارەی ئێران تەنها بۆ ئەوە نییە ڕاهێنان بە دەستی کاری ئەتۆمی بکات و پسپۆڕی زیاتر وەربگرن، بەڵکو وەک خۆئامادەکردنیکە بۆ ئەوەی سبەی لە پەیماننامەی بڵاونەبوونەوەی چەکی ئەتۆم بکشێتەوە.

لە کاتی ئێستادا لە بەرژەوەندی ئێرانە پارێزگاری لە رێکەوتننامەی ئەتۆمی بکات

ئەگەر گریمانەی ئاڵۆزبوونی زیاتری پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا بکەین، هەروەها فەرەنسا ئەڵمانیا و بەریتانیا سزای بەسەردا بسەپێنن، ئەوە ئێران هەڕەشەکەی جێبەجێدەکات و لە بەڵێننامەی بڵاونەبوونەوەی چەکی ئەتۆم دەکشێتەوە و رێگای بەرهەمهێنانی چەکی ئەتۆم دەگرێتەوە.

لەگەڵ ئەوەشدا، لە کاتی ئێستادا لە بەرژەوەندی ئێرانە پارێزگاری لە رێکەوتننامەی ئەتۆمی بکات، لەگەڵ کۆگاکردنی یۆرانیۆمی پینێنراوی ئاست بەرز، هەروەها دەتوانێت لە دامەزراوە نهێنییەکانیدا کڵاوەی ئەتۆمی بەرهەمبهێنیت، ئەگەر رۆژئاوا نەیانتوانی بڕیارێکی یەکلاکەرەوە بدەن، ئەوە گریمانەی شەڕ زیاتر دەبێت.

 

 

هەواڵی زیاتر

Back to top button