واشنتن پۆست پلانی ئەمریکای بۆ “غەزەی دوای جەنگ” ئاشکراکرد

ئیدارەی بایدن پێی وایە سەرکردایەتی ئێستای فەلەستین، دوای دووبارە پێداچوونەوە، حکومڕانی غەزە بکات، هەرچەندە بیرۆکەکە لەلایەن ئیسرائیل و زۆرێک لە فەلەستینییەکانەوە پەسەند نییە.

رۆژنامەی واشنتن پۆستی ئەمریکی لە راپۆرتێکدا باس لەوە دەکات بەرپرسانی ئەمریکا لە ئێستادا تاوتوێی ئەوە دەکەن کێ ئیدارەی غەزە بدات لەدوای کۆتاییهاتنی جەنگی نێوان حەماس و ئیسرائیل کە خەریکە بۆ دوو مانگ درێژەدەکێشێت و چۆن ئەو ناوچە خاپوورکراوە بنیادبنرێتەوە و ببێت بە بەشێک لە خاکی فەلەستین.

بەگوێرەی راپۆرتەکە، ئەمریکا پێی باشە پێداچوونەوەیەک بە سەرکردایەتی ئێستای فەلەستیندا بکرێت کە سەرۆکەکەی مەحمود عەباسە، ئاماژەی بەوەشکردووە هەمان سەرکردایەتی لەدوای جەنگەکە حکومڕانی غەزە بکات، بژاردەیەک رەنگە مەحمود عەباس قبوڵی بکات بەڵام وڵاتانی عەرەبی بەرهەڵستی دەکەن و بە ئەگەرێکی زۆرەوە هاوڵاتییانی فەلەستینیش ئەویان ناوێت.

 

هەفتەی رابردوو لە سەردانەکەیدا بۆ کەرتی رۆژئاوا، ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لەهەوڵدا بوو بۆ دەستکەوتنی وەڵامێک بۆ ئەم پرسە. هەرچەندە ئیدارەی بایدن پێی باشە پێداچوونەوەیەک بە دەسەڵاتەکەی مەحمود عەباسدا بکرێت و هەمان سەرکردایەتی ئیدارەی غەزە بدات، ئەمریکا روبەڕووی ئاڵنگاریی نارەزایەتی فەلەستینییەکان و ئیسرائیل دەبێتەوە. لەگەڵ ئەوەی بەرپرسانی ئەمریکا دان بەو کێشەیەدا دەنێت، بەبڕوای ئەوان سەرکردایەتی ئێستای فەلەستین باشترین و تەنها گرووپە لەنێو کۆمەڵێک بژاردەی دیکەی “خراپتردا،” کە لەنێویاندا داگیرکردنی ناوچەکەیە لەلایەن ئسیرائیلەوە.

لەوبارەیەوە بلینکن لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا لە تەلئەبیب رایگەیاند، “هیچ بەرچاوڕوونەییەکمان نییە ئەو پرسە هەروا ئاسان بێت.”، گوتیشی، “بەڵام بەدیلەکەی کە هێرشی دیکەی تیرۆریستی، توندوتیژی زیاتر و قوربانیی زیاتری بێتاوانەکانی بەدوادا دێت، مایەی قبوڵکردن نییە.”

The Palestinian Authority: On a Journey to Nowhere – The Jerusalem  Strategic Tribune

لەدوای هێرشەکەی حەماس لە 7ی تشرینی یەکەمدا، سوپای ئیسرائیل بەڵێنی دا کە تەواوی قەوارەی سەربازی و حکومیی غەزە لەناوبەرێت، بەڵام دوای زیاتر لە 15 ساڵ حکومڕانیی غەزە، حەماس و پشتیوانانی لەناو هەموو کایەیەکی کۆمەڵگای غەزەدا تواونەتەوە، بەشێوەیەک نەک تەنها لە وەزارەتەکانی ئەو ناوچەیەدا، بەڵکو لە رێکخراوە خێرخوازییەکان، دادگاکان، مزگەوتەکان، تیمە وەزرشییەکان، زیندانەکان، شارەوانییەکان و گروپەکانی گەنجانیشدا بوونیان هەیە.

دوای ئەوەی حەماس لە ساڵی 2007 دەسەڵاتی فەلەستینی لە غەزە وەدەرنا، لەوکاتەوە لە سەرجەم کەرتەکانی ئابوری، تەندروستی، ئاو، کارەبا، بازرگانی و ژێرخاندا، خۆی حکومڕانی ئەو ناوچەیە دەکات. لەبواری چەکداریشدا، حەماس تەنها سەرکردایەتی لیواکانی خۆی ناکات، بەڵکو دەسەڵاتی پۆلیس و پۆلیسی هاتوچۆشی لەدەستدایە.

بەڵام ئەوەی کە حەماسی زیاتر لای فەلەستینییەکان بەناوبانگ کرد هێرشەکەی بوو بۆسەر ئیسرائیل. هەرچەندە ئیدارەی ترەمپ و بایدن بەردەوام لەهەوڵدابوون بۆ ئەوەی پەیوەندییەکانی نێوان ئیسرائیل و وڵاتە عەرەبەکانی دراوسێی ئاسایی بکەنەوە و حەماس لە هاوکێشەکان دەربکەن، بەڵام بەهۆی هێرشەکەوە، حەماس و فەلەستینییەکان بوونەتە تەوەری سەرەکی پرسەکانی ئەو ناوچەیە.

بەگوێرەی راپۆرتەکەی واشنتن پۆست، ئاگربەسەتە یەک هەفتەییەکەی نێوان ئیسرائیل و حەماس لە بەرژەوەندی حەماسدا کۆتاییهات و پەسەندیی گروپەکەی زیاتر کرد لای فەلەستینییەکان، بەوپێیەی ژمارەیەکی زۆری فەلەستینی بەهۆی رێککەوتنی حەماسەوە لە زیندانەکانی ئیسرائیلدا ئازادکراون.

The Papers: 'Year-long Gaza war' and royal race row rumbles on - BBC News

هەرچەندە بەرپرسانی سوپای ئیسرائیل دەڵێن نایانەوێت غەزە داگیربکەن، لە ئێستادا خەریکی گفتوگۆکردنن لەبارەی چەند پێشکەوتنێکی ئەمنییەوە بەشێوەیەک بتوانن بەدرێژایی سنورەکانیان سوپای ئیسرائیل جێگیربکەن لەو قۆناغەدا، ئەمەش بەشێک لە سەربەخۆیی فەلەستینییەکان هەڵدەوەشێنێتەوە.

سەرکردایەتیی فەلەستین، کە لەلایەن ئیدارەی بایدنەوە وەک چارەسەرێکی درێژخایەن سەیردەکرێت، رۆڵیکی کەمی هەبووە لە بەرەوپێشبردنی دۆخی فەلەستینییەکان لەماوەی چەند ساڵی رابردوودا. مەحمود عەباسی سەرۆک تەمەنی بووە بە 88 ساڵ و وەک سەرۆکێکی ماندوو سەیردەکرێت و لەلای فەلەستینییەکان دڵخواز نییە، لەگەڵ ئەوەش ماوەی 18 ساڵە لەسەر حوکم ماوەتەوە.

لەوبارەیەوە، برایان کاتولیس، جێگریی سەرۆکی سیاسەتی پەیمانگەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست رایگەیاند، هەڵبژاردنی سەرکردایەتی فەلەستین “رەنگە باشترین بژاردەبێت لەناو کۆمەڵێک بژاردەی زۆر خراپدا.”

متمانەی هاوڵاتییانی فەلەستین بە سەرکردایەتییەکەیان بەهۆی رۆڵی هێزە ئەمنییەکانییەوە لە کەرتی رۆژئاوادا رووی لە لاوازبوونە بەشێوەیەک هێزەکانی پۆلیسی فەلەستین نەک بەوە تۆمەتبارن کە هاوڵاتیانی فەلەستینیان نەپاراستووە، بگرە رۆلیشیان هەبووە لە پشتیوانیکردنی داگیرکارییەکانی ئیسرائیلدا.

Gaza war: a better understanding of the violence on both sides might give  us a chance at a solution

شەوقی عیسا، چالاکوانی سیاسی و وەزیری پێشووی حکومەتەکەی فەلەستین رایگەیاند، “دەسەڵاتدارانی فەلەستین بە گەندەڵ سەیردەکرێن و پشتیوانی گەلی فەلەستین ناکەن.”

بەرپرسانی ئیدارەی بایدن پێیانوایە لەژێر دەسەڵاتی دەلام فەیاد، سەرۆکوەزیرانی پێشووی فەلەستین لەنێوان ساڵانی 2007 بۆ 2013دا دۆخی فەلەستین بەرەوپێشچوونی باشی بەخۆیەوە بینی لە بواری خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکاندا. ئەمریکا نە بە راشکاوی بە عەباس دەڵێت بڕۆ، نە سەرپەرشتی ئەوەش دەکەن کەسێکی دیکە بۆ شوێنەکەی دابنێن. ئەوان دەڵێن ئەو پرسە بۆ فەلەستینییەکان و پشتیوانەکانیان لەناوچەکەدا جێدەهێڵین. لەگەڵ ئەوەشدا چەندین بیرۆکەیان هەیە بۆ چاکسازیی بنەڕەتی بۆئەوەی ببێت بە بناغەی کارکردن بۆ کۆمەڵگەیەکی کراوە لە غەزەدا کە لە ساڵی 2006ەوە دەرفەتی ئەوەی نەبووە هەڵبژاردن ئەنجامبدات.

بە شێوەیەکی گشتی، بەرپرسانی ئیدارەی بایدن پێیانوایە دەوڵەتێکی جیا بۆ فەلەستین تاکە چارەسەرەی دۆخەکەیە و ئاسایشی درێژخایەن بۆ ئیسرائیل و فەلەستینییەکان دەستەبەردەکات. هەر بۆیەش بەردەوام لە هەوڵدان بەرپرسانی ئیسرائیل رازیبکەن بە پێداویستی ئەو بیرۆکەیەی خۆیان.

 

 

 

 

هەواڵی زیاتر

Back to top button