ژمارەى کوژراوانى سوپاى ئیسرائیل لە کەرتى غەزە بۆ 75 سەرباز بەرزبووەوە

زووم:

سوپای  ئیسرائیل ئەمڕۆ دووشەممە ئاشکرایکرد، ژمارەی کوژراوانی سەربازانی وڵاتەکەى لە سەرەتای دەستپێکردنی هێرشە زەمینییەکانی بۆ سەر کەرتی غەزە بۆ ٧٥ سەرباز بەرزبووەتەوە، بێئەوەی ئاماژە بە ژمارەی بریندارەکان و بارودۆخی تەندروستی سەربازەکان بکات.

سوپاى ئیسرائیل رایگەیاند، رۆژى یەکشەممە، سێ سەربازی تریان لە باکووری کەرتی غەزە کوژراون، بەوەش ژمارەی کوژراوان لە سەرەتای دەستپێکردنی هێرشە زەمینییەکان گەیشتە ٧٥ سەرباز، کە لەناو ئەو سەربازانەدا سەربازى چالاکى سوپا و سەربازى یەدەگیش هەیە

هەرچەندە سوپاى ئیسرائیل لە بەیاننامەکەى ئەمڕۆ هیچ ئاماژەیەکى بە ژمارەى سەربازە بریندارەکانى لە شەڕەکانى غەزە نەکردووە، بەڵام ڕۆژنامەی هێرتەز لە راپۆرتێکدا ئاشکرایکردووە، ژمارەی ئەو سەربازانەی سوپای ئیسرائیل، کە لە سەرەتای شەڕی کەرتی غەزەوە برینداربوون، گەیشتووەتە نزیکەی هەزار سەرباز.

رۆژنامەکە ئاماژەى بەوەش کردووە، سوپای ئیسرائیل ڕەتیکردووەتەوە زانیارى لەبارەى ژمارەى بریندارەکان بدات، بەڵام بە گوێرەى بەدواداچوونەکان ئەوان بۆیان ساغبووەتەوە، نزیکەى هەزار سەرباز برینداربوون.

هەروەها رۆژنامەکە ئاشکراشیکردووە، جگە لەو ژمارە بریندارەى سەربازەکان، نزیکەى دوو هەزار سەربازى تر لە شەڕەکانى کەرتى غەزە تووشى تێکچوونى بارى دەروونى بوونەتەوەو ئێستا پێویستیان بە وەرگرتنى چارەسەرى تەندروستییە.

هاوکات کۆمپانیاى پەخشی ئیسرائیلی “کان” بڵاویکردەو، نزیکەی ٢٠٠ سەربازی ژن و پیاو لە سێ هەفتەی یەکەمی ئۆپەراسیۆنی زەمینیدا تووشى تێکچوونى بارى دەروونى بوون و رۆژ بە رۆژیش ئەو ژمارەیە روو لە زیادبوون دەکات.

 

 

 

هەواڵی زیاتر

Back to top button