ئیسرائیل دۆزینەوەی 800 تونێل لە ژێر غەزە رادەگەیەنێت

زووم:
سوپای ئیسرائیل رۆژی یەکشەممە رایگەیاند، هێزەکانیان 800 دەرگای کرانەوەیان دۆزیوەتەوە، کە دەچنە سەر تۆڕی تونێلی بەرفراوانی چەکدارانی فەڵەستین لە غەزە.

سوپای ئیسرائیل راشیگەیاند، لە سەرەتای دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی زەمینی لە ٢٧ی ئۆکتۆبەرەوە هێزەکانیان ئەو ژمارە زۆرە تونێلەیان لە ژێر ناوچەکانی کەرتی غەزە دۆزیوەتەوە، ئاماژەی بەوەشکرد، کە هێزەکان زیاتر لە نیوەی تونێلەکانیان لەناوبردووە.

بەر لە دەستپێکردنی شەڕی کەرتی غەزە، کە پێیناوەتە هەفتەی هەشتەمی شەڕکردنەوە، چەکدارانی فەڵەستین رایانگەیاندبوو، چەندین تونێلیان هەیە بە درێژایی سەدان کیلۆمەتر بەژێر غەزەدا بڵاوبوونەتەوە، کە قەبارەیان هاوتای میترۆی شارێکی وەک نیویۆرکی ئەمریکایەو بۆ پاراستنی خۆیان بەکاریدەهێنن.

سوپای ئیسرائیل لە بەیاننامەیەک وردەکاری زیاتری لەبارەی ئەو ژمارە تونێلە ئاشکراکرد، کە تائێستا دۆزیویانەتەوەو راشیگەیاند، دەرگای زۆربەی تونێلەکان لە ناوچە مەدەنییەکان دانراون و بەشێکی زۆریان لە نزیک، یان ناو بیناکان و شوێنی نیشتەجێبوو بوون، وەک قوتابخانە و باخچەی ساوایان و مزگەوت و گۆڕەپانی یاری.

سوپای ئیسرائیل ئەوەشی راگەیاند، هێزەکانیان تائێستا 500 دەرچەی تونێلیان لەناوبردووە، ئەوەش بە بەکارهێنانی ڕێگەی جۆراوجۆر، لەنێویاندا “تەقینەوە و داخستنی تەواوەتی و پڕکردنەوە”.

هەروەها ئاماژەی بەوەشکرد، “چەندین کیلۆمەتر” لە ڕێگا سەرەکییەکانی تونێلەکان لەناوچوون و ئێستا دڵنیابوونەتەوە لەوەی چەکدارانی غەزە ناتوانن بەکاریانبهێنن.

 

هەواڵی زیاتر

Back to top button