توانا سەربازییەکانی کۆریای باکوور چین؟

زووم:

هەریەک لە ئەمریکا و وڵاتانی رۆژئاوا، کۆریای باکور وەک مەترسییەکی ئەمنی دەبینن، بەهۆی ئەوەی خاوەنی یەکێکە لە گەورەترین هێزە سەربازییەکانی جیهان، بەتایبەتى بەهۆى ئەوەى چەندینجار موشەکی بالیستی ئەتۆمی تاقیکردووەتەوە، سەرەڕای ئەوەش، هەڕەشە بەردەوامەکانی ئەو وڵاتە، یەکێکی دیکەیە لەو هۆکارانەی نیگەرانییەکانی لەسەر ئاستی جیهاندا زیاترکردووە.

کۆریاى باکوور تا ئێستاش وەک یەکێک لە هەژاترین وڵاتانی جیهان ماوەتەوە، کە نزیکەی چارەكێکی داهاتی گشتی ناوخۆی وڵاتەکەی لە کەرتی سەربازیدا خەرجدەکات، بە گوگێرەى راپۆرتێکى وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بە چوار ملیار دۆلاری ساڵانە مەزەندە دەکرێت.

هەروەها سیاسەتی دەرەوەی ئەو وڵاتە بەشێوەیەکە هەندێکجار دۆخەکان ئاڵۆزدەکات و بەردەام هەوڵە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان بۆ پاراستنی سەقامگیری و ئاسایش لەباردەبات، بۆیە  گفتوگۆکانیش بۆ داماڵینی ئەو وڵاتە لە چەکی ئەتۆمی لە شوباتی ساڵی 2019ـەوە بە هەڵپەسێردراوی ماونەتەوە.

هەرچەندە قەبارەی هێزیی جبەخانە ئەتۆمییەکانی کۆریای باکور بە نادیاریی ماوەتەوە، شرۆڤەکاران دەڵێن، پیۆنگیانگ شەش جار تائێستا چەکی ئەتۆمی تاقیکردووەتەوە و موشەکی بالیستی وەهای پەرەپێداوە، لەتوانایدایە بگاتە ئەمریکا و هەریەک لە وڵاتانی ژاپۆن و کۆریای باشووریش، کە هاوپەیمانی ئەو وڵاتەن.

لەلایەکى تر رێکخراوی ئەنجوومەنی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان ((CFR لە راپۆرتێک ئاشکرایکردووە، رژێمی کۆریای باکوور خاوەنی ئەو ‘ژیریی’ەیە، کە دەزانێت چۆن بۆمبی ئەتۆمی، یۆرانیۆم، یان پلوتۆنییەم بەرهەمدەهێنرێن، کە پێداویستی سەرەکی دروستکردنی چەکی ئەتۆمین.

بەرپرسانی دەزگای هەواڵگری ئەمریکاش، لە ساڵی 2017دا ئەوەیان خەمڵاند، کە کۆریای باکوور، پێکهاتەی سەرەکی بۆ دروستکردنی 60  کۆڵاوەى ئەتۆمی هەیە و لە هەر ساڵێکدا توانای بەرهەمهێنانی یۆرانیۆمی بۆ 12 کڵاوەى ئەتۆمی دیکە هەیە.

بەم پێیەش، وڵاتەکە تا ساڵی رابردوو توانای خاوەندارێتی زیاتر لە 100 کڵاوەى ئەتۆمی هەبووە، کە بەگوێرەی راپۆرتێکی دامەزراوەی ‘راند’ لە ساڵی 2021 تا ساڵی 2027، کۆریای باکوور دەبێتە خاوەنی 200 کڵاوەى ئەتۆمی، بەڵام هەندێک لە شارەزایانی ئەو بوارە دەڵێن: کڵاوە ئەتۆمییەکانی ئەو وڵاتە لە 40 بۆ 50 کڵاوە تێپەڕناکات.

ئەو شەش تاقیکردنەوە ئەتۆمییانەى کۆریای باکوور ئەنجامیداوە، لە تشرینی یەکەمی 2006، ئایاری 2009، شوباتی 2013، کانونی دووەم ، ئەیلولی 2016 و ئەیلولی 2017 ئەنجامیداون، کە لەو ماوەیەدا 160 موشەکی تاقیکردووەتەوە.

ئەوەی جێگەی سەرنجە، ئەو تاقیکردنەوانەی لە سەردەمی حکومڕانی کیم جۆنگ ئوندا ئەنجامدراون زۆر زیاترن لەو تاقیکردنەوانەی لە سەردەمی حکومڕانی باوک و باپیریدا لە ساڵی 1984ەوە ئەنجامدراون، بەشێوەیەک تەنها لە ژێر دەسەڵاتی سەرۆکی ئێستادا 160 موشەک تاقیکراونەتەوە، لەکاتێکدا لە سەردەمی دوو سەرۆکی پێش ئەو تەنها 31 موشەک هەڵدراون.

ئەوەی، کە نیگەرانی لای وڵاتانی رۆژئاوا دروستکردووە، لەگەڵ هەر تاقیکردنەوەیەکی نوێی چەکە ئەتۆمییەکانی کۆریای باکوور، هێزی تەقینەوەی ئەتۆمی چەکەکان ساڵ دوای ساڵ زیاتر دەبێت، بەشێوەیەک لە یەکەم تاقیکردنەوەی ساڵی 2006دا تەقینەوەیەک بە هێزی هاوتای دوو کیلۆ تۆن تی ئێن تی هاتە بەرهەم، لەکاتێکدا لە دوایین تەقینەوەدا هێزێک بەرهەمهاتووە، کە هێندەی 200 کیلۆ تۆن تی ئێن تی بووە، زۆری ئەم هێزەش وادەکات بە ئاسانی باوەڕ بەو دەنگۆیانەی کۆریای باکوور بکرێت، کە دەڵێت: بۆمبی هایدرۆجینی پێشکەوتوویان بەرهەمهێناوە.

هەروەها پیۆنگیانگ زیاتر لە 100 موشەکی بالیستی تاقیکردووەتەوە، کە سەرجەمیان توانای هەڵگرتنی کڵاوەی ئەتۆمییان هەبووە، ئەوانیش لە چەندین مەودای کورتخایەن، مامناوەند و کیشوەربڕدا تاقیکراونەتەوە، بەڵام موشەکی کیشوەربڕی هواسۆنگ-15 توانیویەتی 4,475 کیلۆمەتر بەرزبێتەوە، کە زۆر لە بەرزی وێستگەی نێودەوڵەتی بۆشایی ئاسمان بەرزترە.

شارەزایان دەڵێن: ئەگەر موشەکەکە بەشێوەی ئاسۆییتر هەڵبدرێت، توانا ئەتۆمییەکەی هێندە بەهێزە، دەتوانێت 13 هەزار کیلۆمەتر ببڕێت، بەشێوەیەک بگاتە هەموو شوێنێکی خاکی ئەمریکا.

لە ساڵی 2020 لە نمایشێکی سەربازییدا، موشەكیکی کیشوەربڕی دیکە، کە تا ئێستا ناوەکەی ئاشکرانەکراوە، نمایشکرا، کە زۆر لە هواسۆنگ-15 گەورەترە و توانای هەڵگرتنی چەندین کڵاوەی ئەتۆمیی هەیە، هاوکات دەتوانێت سەر لە سیستەمی بەرگریی وڵاتانیش بشێوێنێت.

لە بەهاری ساڵی 2022ـشدا، کۆریای باکوور موشەکێکی کیشوەربڕی هەڵدا، کە خۆی بە هواسۆنگ -17 ناوی بردووە و بە گەورەترین موشەکی ئەو وڵاتە دادەنرێت، کە توانای بڕینی دوریی 15 هەزار کیلۆمەتری هەیە، بەڵام کۆریای باشوور دەڵێت: ئەو موشەکە لە هواسۆنگ-15 بچوکتربووە.

بەگوێرەی راپۆرتەکەی ئەنجوومەنی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان، سەرەڕای چەکی ئەتۆمی، کۆریای باکوور خاوەنی چەندین جۆر چەکی کۆمەڵکوژی کیمیایی و بایۆلۆجییە، کە دەتوانرێت لەرێگەی موشەک، هاوەن و فرۆکەوە بەکاربهێنرێن.

لەبارەی ئامێرە سەربازییەکانیشەوە، وڵاتەکە خاوەنی 550 فڕۆکەی جەنگی، 290 هێلیکۆپتەر، 400 کەشتی جەنگی، 4,000 تانک و 2,500 ئۆتۆمبێلی گوللـەنەبڕە، سەرەڕای ئەوەش چەندین کەلوپەڵی سەربازیی دیکەی بچوک و مامناوەندیشی هەیە.

بەهۆی پەرەپێدانی ئەو چەکانەوە، کۆریای باکوور لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیی چەندینجار رووبەڕووی سزای ئابووری بووەتەوە لەوانەش قەدەغەکردنی فرۆشتنی چەک و پێداویستی تەکنەلۆژیی بەو وڵاتە، کە بتوانێت لە رێگەیانەوە موشەکی بالیستی دروستبکات، هاوکات چەندین سزاشی لەسەر بازرگانیکردن بە چەند کەلوپەلێکی گرانبەها لەگەڵ وڵاتانی بیانیدا سەپاندووە، لەگەڵ ئەوەشدا، دەبێت سەرجەم ئەو بارانە پشکنینیان بۆ ئەنجامبدرێت کە بۆ وڵاتەکە رەوانە دەکرێن.

لەبواری سەربازیشدا، کۆریای باکوور خاوەنی چوارەم گەورەترین سوپای جیهانە و یەک ملیۆن و 300 هەزار سەربازی چالاکی هەیە، ئەمەش دەکاتە لەسەدا 5ی سەرجەم ژمارەی دانیشتوانی وڵاتەکە، سەرەڕای ئەوەش زیاتر لە 600 هەزار سەربازی یەدەگی هەیە، چونکە بەگوێرەی مادەی 86ی دەستووری ئەو وڵاتە، دەبێت سەرجەم هاوڵاتییانی ئەو وڵاتە بەناچاریی خزمەتی سەربازیی بکەن.

هەرچەندە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی هەوڵیدا، لە ئایاری ساڵی رابردوودا سزاکانی سەر ئەو ڵاتە توندتربکات، بەڵام هەریەک لە چین و روسیا پرۆژەیاساکەیەن ڤیتۆکرد و رەتیانکردەوە، بیانوشیان بۆ ئەوکارە ئەوەبوو سزاکانی پێشوو کاریگەرییەکی ئەوتۆی لەسەر کۆریای باکوور نەبووە و ئەمریکاشیان بەوە تۆمەتبارکرد، کە پرسی کۆریای باکوور بۆ بەرژەوەندییەکانی خۆی بەکاردەهێنێت.

هاوشانی پێشکەوتنە سەربازیی و ئەتۆمییەکانی، کۆریای باکوور لەبواری ئاسایشی ئەلیکترۆنی (سایبەر سێکیوریتی)شدا لەماوەی چەند ساڵی رابردوودا بەشێوەیەکی بەرچاو پێشکەوتنی بەخۆیەوە بینیوە، بە شێوەیەک هاککەرانی ئەو وڵاتە لەڕێگەی بەکارهێنانی چەندین ئامرازی ئاڵۆزەوە دامودەزگە حکومی، میدیایی، تەندروستی، دارایی، بانکی و تایبەتییەکانی وڵاتانی دیکەیان لە سەرانسەری جیهاندا بەئامانجگرتووە.

بەهۆی ئەمەوە بەشێک لە شارەزایان پێانوایە ئەو مەترسییانەی ئاسایشی ئەلیکترۆنی کۆریای باکوور دروستیکردووە زۆر زیاترە لەوانەی توانا سەربازیی و ئەتۆمییەکانی دروستیانکردووە.

لەماوەی رابردوودا بنەما فەلسەفییەکانی کۆریای باکوور “پشت بەخۆبەستن” و “سیاسەتی سەربازیی لەپێشینەیە” بووە، کە بە گوێرەى ئەو سیاسەتەش کەرتی سەربازیی رۆڵیکی سەرەکی هەیە لەکاروبارە سیاسییەکانی وڵاتەکەدا و ئەم هەڵوێستەشی لە شانشینی کیمەوە بۆماوەتەوە.

سەرکردایەتی ئەو وڵاتە پێیوایە هێزە دەرەکییەکانی دوژمن، وەک کۆریای باشوور و ئەمریکا، دەتوانن لە هەر ئان و ساتێکدابێت هێرشبکەنە سەر وڵاتەکە، لە ئەنجامدا، لەچاوی پیۆنگیانگ، تەنها رێگە بۆ گرەنتیکردنی مانەوەی نیشتمانەکەی پەرەپێدانی سیستماتیکی توانا سەربازییەکانییەتی بۆ ئەوەی ئەو مەترسییانە لەسەر وڵاتەکەی پوچەڵبکاتەوە.

لەگەڵ ئەوەشدا بەهۆی سەپاندنی سزا و پەراوێزخستنی وڵاتەکە، دانیشتووانە 25 ملیۆن کەسییەکەی لەدۆخێکی هەژاریدا دەژین و لە ئابووری جیهان دابڕاون، بەشێوەیەک ژینگەی بەدەسهێنانی پارە لەو وڵاتەدا بەتەواوی سنوردارکراوە، بەڵام لەرێگەی پەرەپێدانی کەرتی سەربازییەوە کیم جۆنگ ئون وێنایەکی بەهێزی بۆخۆی لەسەر ئاستی نێوخۆیی و جیهانیدا دروستکردووە.

 

 

 

 

 

 

هەواڵی زیاتر

Back to top button