غەزە.. هاوسەرگیری بەبێ ئاهەنگ

زووم:

“لەسەرەتادا نەماندەویست بڕۆین و بڕیاری مانەوەماندا، هەروەها یاسەمینی دەستگیرانم بەهۆی بۆردومانی چڕی دەوروپشتی ماڵەکەیان لەگەڵماندابوو، بەڵام رۆژی 13ی ئۆکتۆبەر بۆردومانەکان زۆر ترسناک بوون، لەو باوەڕەدا بووین، کە بە زیندوویی هەڵناستینەوە، بۆیە بۆ رۆژی دواتر ئاوارەبووین و چووینە ماڵی ئامۆژنم لە باشوور یاسەمینیشمان هەر لەگەڵدا بوو”.

حەمادە حاجو، چیرۆکی هاوسەرگیری خۆی  بۆ رۆژنامەیەکی فەڵەستینی دەگێرێتەوە، کە بەهۆی جەنگی غەزەوە هیچ سیمایەکی دڵخۆشی پێوە دیارنەبووە، لە ئاوارەییدا لەگەڵ یاسەمین جەبری تەمەن 20 ساڵ هاوسەرگیری کردووە، کە بەهۆی چڕبوونەوەی بۆردومانەکان لەگەڵ دەستگیرانەکەی ئاوارەی باشور بوون.

حەمادە دەڵێت: “لەسەرەتای جەنگەکەوە غەزە بە بەردەوامی بۆردوماندەکرا، هەموو شەوێک لە ناوچەی شێخرەزوان گوێمان لە دەنگی تەقینەوە دەبوو، لە سوپای ئیسرائیلیشەوە ئاگادارییمان بۆ دەهات، کە ناوچەکە چۆڵ بکەین و بەرەو باشوور بڕۆین، بۆیە ئاوارە بووین”.

لەسەرەتای جەنگەکەوە غەزە بە بەردەوامی بۆردوماندەکرا، هەموو شەوێک لە ناوچەی شێخرەزوان گوێمان لە دەنگی تەقینەوە دەبوو، لە سوپای ئیسرائیلیشەوە ئاگادارییمان بۆ دەهات

حەمادە و یاسەمین سێ مانگ دەستگیرانداربوون، بڕیاربوو کۆتایی ئەمساڵ ئاهەنگى گواستنەوە سازبکەن، حەمادە دەڵێت: “کاتێک پێکەوە ئاوارە بووین، بینیمان بەشێکی زۆری غەزە خاپور بووە، کەسانێکی زۆر گیانیان لەدەستداوە، گەیشتینە ئەو باوەڕەی هەتا ساڵێکی دیکەش ناتوانین لەنێو شاردا ئاهەنگی گواستنەوە بکەین، بۆیە بڕیارماندا بەبێ ئاهەنگ و دەربڕینی خۆشی  هاوسەرگیری بکەین، لە کۆتاییدا بووینە دوو هاوسەر بەبێ ئاهەنگگێڕان”.

یاسەمین وەک هەر کچێکی دیکە ئاواتی پۆشینى جلی سپی بوکێنى بوو، کەسوکار و هاوڕێکانی بانگهێشتى ئاهەنگەکەى بکات، ئەو لە سەرەتای مارەبڕینیدا پلانی  زۆری دانابوو، بەڵام جەنگ هەموو پلانەکانی تێکدا، ئەوان هاوسەرگیرییان کرد، بەبێ ئەوەی هیچ کەسێک پیرۆزباییان لێبکات.

یاسەمین دەڵێت: “من دڵخۆش نیم بەوەی روویدا، بەڵام ئەمە ژیانی غەزەیە، هیچ شتێک لە شوێنی خۆی نەماوە، لە هەر چرکەیەکدا بێت ژیانمان دەگۆڕێت، ئەو جەنگە ژیانمانی بۆ ئەوپەڕی خراپی گۆڕی، ئاواتەکانمی تێکدا، ئاواتم بوو وەک هەر کچێکی دیکەی جیهان جلى سپی لەبەربکەم و خۆم شێوازی ئاهەنگەکە و کەلوپەلی ماڵەوە دیاری بکەم”.

دەشڵێت: “من لە ماڵی ئامۆژنی هاوسەرەکەم هاوسەرگیریم کردووە، نازانم کاتێک جەنگ کۆتایی دێت دەگەڕێینەوە یان نا، یان ماڵێک دەبینم، کە هەموومانی تێدا کۆبووینەتەوە، لە راستیدا هەستم بەشێوەیەکە وەسف ناکرێت، هەستێکە پڕە لە خەم و حەسرەت و ئازار بۆ ئەم رۆژانەی کە تیایدا دەژین “.

یاسەمین دەشڵێت: “من بووکی ئاوارەییم، لە ماڵیکدا نزیکەی 40 کەس دەژی، زۆر قەرەباڵغە هیچ شتێک بە ئاسانی دەستناکەوێت، نان و خۆراک و ئاومان بە زەحمەت دەستدەکەوێت، هەموو شتێک لێرە قورسە”.

تاریق حاجو، باوکی حەمادە دەڵێت: “من وەک هەر باوکێکى دیکە ئاواتم ئەوە بوو لە رۆژى هاوسەرگیریی کوڕەکەمدا ئاهەنگبگێڕم، بەڵام دۆخەکە ناچاری ئەمەی کردین، بینیمان یاسەمین لەگەڵماندایە، پرسمان بە کەسوکاری کرد و هەموومان رێککەوتین، کە هاوسەرگیرییەکە بەبێ ئاهەنگ ئەنجام بدەین”.

” هەستم کرد غەزە بۆ ماوەیەکی زۆر لە خەم دەرناچێت”

سالم عوەزی 30 ساڵ لە بەیت لاهیای باکووری کەرتی غەزەوە ئاوارەی خان یونس بووە، بەڵام هەر خۆی نا، بەڵکو لەگەڵ کەسوکار و ئەمەلی دەستگیرانی، کە هاوکات ئامۆزاشیەتی.

زۆر بە سەیری لە مردن رزگارمان بوو، باوەڕم نەدەکرد گەیشتووینەتە خان یونس، ماوەیەکی زۆر بەپێ رۆیشتین

ئەمەل دەڵێت: “زۆر بە سەیری لە مردن رزگارمان بوو، باوەڕم نەدەکرد گەیشتووینەتە خان یونس، ماوەیەکی زۆر بەپێ رۆیشتین، هیچ هۆیەکی گواستنەوەی لێنەبوو، نەمانتوانی هیچ شتێک لەگەڵ خۆمان بەرین، ئێمە لە خوێندنگاکانی ئۆنراوا ئاوارەبووین، چونکە ماڵەکەمان بۆردومانکرابوو”.

دەشڵێت: “فڕۆکەکان خوێندنگاکانی باکووریان بە ئامانج دەگرت، زۆر دەترساین کەسێکمان بپێکێت یان کەسێک لەدەستبدەین، بۆیە بەپێ لە باکوورەوە هاتین و بە بەردەم تانکەکاندا رۆشتین ئاڵای سپیمان بەرزکردبووەوە بۆ ئەوەی بزانن ئێمە هاووڵاتی سڤیلین، لەگەڵ خێزانەکەم و خێزانی دەستگیرانەکەم و خەڵکانێکی زۆر، کە زیاتر لە 50 کەس دەبووین رۆیشتین، رێگاکە دوور و زەحمەت بوو”.

ئەمەل دەڵێت، تێڕوانین لە چاوی غەمگینی خەڵک “ئەو هەستەی پێدام، کە غەزە تا ماوەیەکی زۆر لە خەم رزگاری نابێت، هیچ چانسێکیش نییە بۆ سازکردنی ئاهەنگی گواستنەوە، چونکە دەبێت رێز لە خەمی خەڵکی بگرین، بۆیە رازی نابم بە ئاهەنگی گواستنەوە و مۆسیقا، پێویستمان بە کاتێکی زۆرە تا ئەو ئازارە تێپەڕێنین، کە بەهۆی جەنگەوە توشمان هاتووە”.

ئەو هەستەی پێدام، کە غەزە تا ماوەیەکی زۆر لە خەم رزگاری نابێت، هیچ چانسێکیش نییە بۆ سازکردنی ئاهەنگی گواستنەوە

هەروەەها دەشڵێت: “بە تێڕوانین لە نەهامەتییەکان بیرۆکەی ئەوەم بۆهات، کە ئاهەنگی گواستنەوە هەڵبوەشێنمەوە، کە بڕیاربوو لەۆسەرەتای مانگی داهاتوودا سازبکرێت، بەڵام ئاهەنگ و سەمای نییە، خەنەبەندان و پۆشاکی بووکێنى بوونی نییە، ئێمە دڵخۆش نین، چونکە غەزە خەمبارە، بۆیە بڕیارماندا بەبێ ئاهەنگ هاوسەرگیری بکەین”.

سالمى دەستگیرانى ئەمەل دەڵێت: “ئەو ماڵە خاپور کرا، کە چەندین ساڵ تێیدا دەژیام، بە رۆژانەی نۆ دۆلار دروستم کردووە، بۆ ئەوەی ماڵێکی بچووک بنیاتبنێم، بەڵام نە ماڵەکە و نە دراوسێ و نەهاوڕێکانم لەو جەنگە رزگاریان نەبوو، جگە لە دەستگیرانەکەم هیچ شتێکم بۆ نەمایەوە، بۆیە بڕیارماندا هاوسەرگیری بکەین، بەڵام ئاوارەکان ناچاریان کردم پێبکەنم و دڵخۆش ببم، چونکە غەزە بە خەم و ئازار ناشکێت”.

هەواڵی زیاتر

Back to top button