بلینکن فشار لە ئیسرائیل بۆ دەستپێکردنەوەى ئاگربەست دەکات

بەرپرسێکى ئەمریکا بە رۆژنامەى وۆڵ ستریت جۆڕناڵى ئەمریکى گوتووە، ئەنتۆنى بلینکن، وەزیرى دەرەوەى ئەمریکا فشارى خستووەتەسەر ئیسرائیل بۆ دەستپێکردنەوەى ئاگربەستى مرۆیی.

رۆژى هەینیى ئاگربەستى نێوان ئیسرائیل و بزوتنەوەى حەماس کۆتاییهات و ئیسرائیل هێرشەکانى بۆ سەر غەزە دەستپێکردەوە، کە هەفتەیەک راگیرابوو. بەگوێرەى ئاژانسی هەواڵی فەڵەستین، تەنها رۆژى هەینیی لە غەزە لانیکەم 190 کەس کوژران و 600 کەس برینداربوون.

بەگوێرەى رۆژنامەکە سەرەڕای فشارەکانی سەر حکومەتی ئیسرائیل بۆ دەستپێکردنەوەی ئاگربەست و راگرتنی هێرشەکانی بۆ سەر غەزە، بەڵام بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل و تیمی حکومەتەکەی پێشنیازی راگرتنى هێرشەکانیان رەتدەکەنەوە.

بەرپرسە ئەمریکییەکە دەڵێت، بلینکین هەوڵیداوە بزانێت جەنگى غەزە چەند دەخایەنێت، بەڵام وەڵامێکی روونی لە بەرپرسانى ئیسرائیل وەرنەگرتووە.

رۆژنامەکە لە زارى بەرپرسانی ئەمریکاوە بڵاویکردووەتەوە، پێدەچێت بەهۆى فشارە نێودەوڵەتییەکانەوە ئیسرائیل ناچاربێت، پێش هاتنی سەری ساڵى تازە کۆتایی بە جەنگەکە بهێنێت، بەتایبەتی ئەگەر زیانە گیانییەکان لەنێو هاوڵاتیانی مەدەنیدا وەک ئێستا روو لە زیادبوون بێت.

بەرپرسە ئەمریکیەکە دەڵێت، “ئیسرائیل لەم رۆژانەی دواییدا بەڵێنی داوە ئۆپراسیۆنە سەربازییەکانی وردتر ئەنجام بدات، بۆ ئەوەی کەمترین زیان بە هاوڵاتیانی مەدەنى بگات و باڵەخانە و شوێنەکانیش بپارێزێت”.

بەرپرسێکی ئیسرائیل دەڵێت، “وڵاتەکەی ئامادەیە چاوخشاندنەوە بە ماوەی ئاگربەستدا بکات، بۆئەوەی ژمارەیەکی زۆرتری بارمتە ئازاد بکرێت، کە ئەوەش کاری لە پێشینەی وڵاتەکەمانە”.

حکومەتی ئیسرائیل دەیەوێت حەماس ژن و منداڵی زیاتر ئازاد بکات، بەڵام بزوتنەوەکە دەڵێت، بارمتەی ژن و منداڵی لا نەماوە و ئامادەیە تەرمی ئەوانە رادەست بکاتەوە، کە لە کاتى بارمتە بوونیاندا گیانیان لەدەستداوە.

عیران عتسیۆن، راوێژکاری پێشووی ئاسایشی نەتەوەیی ئیسرائیل دەڵێت، “حەماس توانی لە هێرشی یەکەمی ئیسرائیل رزگاری ببێت، رەنگە لەو باوەڕەدا بێت دەتوانێت بۆ هەمیشە رزگاری ببێت، ئەگەر فشاری زیاتر لە ئیسرائیل بکرێت”.

ئەو دەشڵێت، “ئەمریکا چەند هەفتەیەکی بۆ ئۆپراسیۆنەکەى ئیسرائیل دیاریکردووە، بەڵام بۆ ئیسرائیل زەحمەتە بتوانێت لە ماوەی چەند هەفتەیەکدا ئامانجەکانی جەنگ بەدەستبهێنێت”.

بەگوتەى دانیال هاگاری، گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل، هێشتا 136 بارمتە لای  حەماسن، کە 17 یان ژن و منداڵن.

ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس، سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتوەکان “نیگەرانی قوڵ”ـی لە دەستپێکردنەوەی جەنگەکە دەربڕی و گوتی، گرنگە ئاگربەست دەسپێبکاتەوە.

هەواڵی زیاتر

Back to top button