دواى کۆتایی ئاگربەست ئەمڕۆ لە غەزە چى روویدا؟

زووم:

دوای چەند خولەکێک لە کۆتاییهاتنی ئاگربەستى مرۆیی، سوپای ئیسرائیل ئەمڕۆ هەینی بۆردومانی شوێنە جیاوازەکانی کەرتی غەزەی کرد و لە ئەنجامدا زیانی گیانی لێکەوتەوە، کە چەندین کەس کوژران و برینداربوون.

ئاژانسی هەواڵی فەلەستینی (وەفا) بڵاویکردەوە، رۆژی هەینی، دوای کۆتایی هاتنی حەوتەمین ڕۆژی ئاگربەستی کاتی، بۆردومانەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ناوچە جیاوازەکانى کەرتی غەزە دەستیپێکردەوەو بەهۆیەوە دەیان فەلەستینی کوژران و برینداربوون.

بەگوێرەی ئاژانسەکە، لە ئەنجامی بۆردومانی ئاسمانی بۆ سەر ناوچەی عەسقولە و حەى شەجاعییە لە شاری غەزە، دوو کچی ساوا کوژراون.

ئاژانسەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، لە ئەنجامی بۆردومانی بەردەوامی ئیسرائیل بۆ سەر چەند گەڕەکێکی دیکەى شاری غەزە، نزیکەی 20 بریندار گەیشتوونەتە نەخۆشخانەی مەعمەدانى.

هەروەها بڵاویکردەوە، کە لە ئەنجامی هەڵمەتێکى تردا چوار فەلەستینی کوژران و ژمارەیەکی دیکەش بریندار بوون، ئەوەش بەهۆى بۆردومانکردنى ماڵەکەیان لە بازاڕی ڕۆژئاوا لە ناوەندی شاری ڕەفەح لە باشووری کەرتی غەزە.

هاوکات لە ئەنجامی هەڵکوتانە سەر کەمپەکانى مەغازی و نوسەیرات و بوریج، لە ناوەڕاستی کەرتی غەزە، ژمارەیەک کەس کوژراو و چەندین برینداریش گەیەنرانە نەخۆشخانەی شەهیدانی ئەقسا.

ئەمە لەکاتێکدایە، سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، هەوڵدەدات خەڵکی مەدەنی نەکاتە ئامانج بەو پێیەی ئەوان لەم شەڕەدا ئامانج نین، بەڵام بەهۆى ئەوەى چەکدارانى حەماس خەڵکى مەدەنى دەکەنە قەڵغانى مرۆیی، بۆیە قوربانى لە بۆردومانەکان دەکەوێتەوە.

سوپاى ئیسرائیل لە بەیاننامەیەک راشیگەیاند، هەڵمەتەکانیان بەردەوام دەبێت، تا کۆتایی هێنان بەو پلانەى لە غەزە دایانناوە، ئەویش نەهێشتى مەترسى لەسەر ئیسرائیل و لەناوبردنى چەکدارانى حەماس.

 

 

هەواڵی زیاتر

Back to top button