وۆڵ ستریت جۆرناڵ: مۆساد پلانی تیرۆرکردنی سەرکردەکانی حەماسی لە دەرەوە داڕشتووە

رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ پلانێکی دەزگای هەواڵگریی ئیسرائیلی (مۆساد) ئاشکراکرد بۆ تیرۆرکردنی سەرکردەکانی حەماس لە سەرتاسەری جیهان، بەڵام دوای ئەوەی شەڕی غەزە کۆتایی دێت.

رۆژنامەکە ئەمریکییەکە لە زاری چەند بەرپرسێکی ئیسرائیلییەوە دەڵێت، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل فەرمانی بە هەواڵگری کردووە چەند پلانێکی ورد دابڕێژن بۆ تیرۆرکردنی سەرکردەکانی حەماس بە تایبەت لە لوبنان و تورکیا و قەتەر.

لە حەفتاکانی سەدەی رابردوو، ئیسرائیل دەستیکرد بە جێبەجێکردنی پلانێک بۆ تیرۆرکردنی سەرکردە فەلەستینییەکان و ماوەی چەندین ساڵی خایاند، ناو بە ناو پلانەکانی رادەگرت بۆ خۆبەدوورگرتن لە دروستبوونی ئاڵۆزی و تێکچوونی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئەو وڵاتانەی سەرکردەکانی حەماسی تێدایە.

بەپێی راپۆرتەکە، بەشێک لە ئیسرائیلییەکان داوای تیرۆرکردنی خالید مشعەل، سەرۆکی حەماس لە دەرەوە و چەند بەرپرسێکی دیکە دەکەن کە دەستیان هەبووە لە پلاندانان لە هێرشەکەی 7ی تشرینی یەکەم.

بەپێی وۆڵ ستریت جۆرناڵ، هەوڵدان بۆ تیرۆرکردنی ئەو سەرکردانە لە تورکیا یاخود قەتەر دەبێتەهۆی دروستکردنی ئاڵۆزی و داڕمانی دانوستانەکانی ئاڵوگۆڕی بارمتەکان، هەربۆیە پلانەکە دواخراوە بۆ دوای جەنگی غەزە.

پێشتر و لە کۆتاییەکانی مانگی رابردوو، ناتانیاهۆ لە گوتارێکدا ئاماژەیەکی دا بەو پلانە و رایگەیاند، “فەرمانم بە مۆساد کردووە هەنگاو بنێن دژی سەرکردەکانی حەماس لە هەرکوێیەک بن.”

وۆڵ ستریت جۆرناڵ باسی لەوەشکردووە کە “کردەکانی تیرۆرکردنی بەرپرسانی حەماس لە وڵاتانی دەرەوە پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکان و رەنگە ببێتەهۆی دروستبوونی هەڵوێستی دژ و توند لەلایەن ئەو وڵاتانەی کە تێیدا روودەدەن.”

 

هەواڵی زیاتر

Back to top button