کۆپ٢٨ی دوبەی چییە و بۆچی گرنگە؟

زووم:
ڕۆژی ٣٠ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٣، سەرکردەکانی جیهان گفتوگۆ لەبارەی گۆڕانی کەشوهەوا دەکەن لە لوتکەیەکی گەورەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە دوبەی کە بە کۆپ٢٨ ناسراوە.

کۆپ٢٨ چییە و لەکوێ بەڕێوەدەچێت؟
بیستوهەشتەمین لوتکەی ساڵانەی نەتەوە یەکگرتووەکانە لەبارەی گۆڕانی کەشوهەوا تیادا حکوومەتەکان گفتوگۆ لەبارەی ئامادەسازی بۆ داهاتووی گۆڕانی کەشوهەوا و سنووردارکردنی دەکەن.

لوتکەکە لە دوبەی پایتەختی ئیمارات لە ٣٠ تشرینی دووەم تا ١٢ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٣ بەڕێوەدەچێت.

کۆپ بە واتای (کۆنفرانسی لایەنەکان) دێت، لایەنەکان مەبەست لەو وڵاتانەن واژوویان لەسەر ڕێککەوتنی بنەڕەتیی نەتەوە یەکگرتووەکان کردووە لە پرسی گۆڕانی کەشوهەوا لە ساڵی ١٩٩٢.

بۆچی بەستنی لوتکەی کۆپ٢٨ لە دوبەی مشتومڕهەڵگرە؟
ئیمارات یەکێکە لە دە گەورەترین وڵاتانی بەرهەمهێنی نەوت لە جیهاندا.

سوڵتان جابر بەڕێوەبەری کۆمپانیای نەوتی نیشتمانیی ئیمارات وەک سەرۆکی گفتوگۆکانی کۆپ٢٨ هەڵبژێردراوە.

نەوت وەک گاز و خەڵووز سووتەمەنییەکی بەردینییە. ئەمانەیەش هۆکاری سەرەکیی گۆڕانی کەشوهەوان، لەبەرئەوەی ئەو گازە گەرمکەرانە دەردەدەن کە دەبنە هۆی گەرمبوونی هەسارەی زەوی، لەوانەیش دووەم ئۆکسیدی کاربۆن کاتێک بۆ وزە دەسووتێندرێت.

کۆمپانیای نەوتی نیشتمانیی ئیماراتیش نەخشەی داڕێژاوە کە توانای بەرهەمهێنانی نەوت فراوانتر بکات.

بەپێی بەڵگەنامە دزەپێکراوەکان، کە دەست بی بی سی کەوتوون، ئیمارات نەخشەی داڕشتووە بۆ ئەوەی ڕۆڵی خۆی وەک دەوڵەتی خانەخوێ لە لوتکەکەدا بەکاربهێنێت بۆ ئەنجامدانی گرێبەستەکانی نەوت و گاز.

بۆچی کۆپ٢٨ گرنگە؟
چاوەڕێی ئەوە دەکرێت کۆپ٢٨ یارمەتیدەر بێت لە ئامانجی سنووردارکردنی بەرزبوونەوەی پلەی گەرمیی جیهانی بۆ ماوەیەکی درێژخایەن بۆ ١.٥ پلەی سیلیزی، ئەمەش لە ساڵی ٢٠١٥دا نزیکەی ٢٠٠ وڵات لە پاریس ڕێککەوتنیان لەسەر کردووە.

دەزگای کەشوهەوای نەتەوە یەکگرتووەکان و پانێڵێ نێوان حکوومەتەکان لەبارەی گۆڕانی کەشوهەوا باوەڕیان وایە ئامانجی ١.٥ پلەی سیلیزی گرنگ و یەکلاکەرەوەیە بۆ دوورکەوتنەوە لە زیانبەخشترین کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا.

گەرمبوونی درێژخایەنی گۆی زەوی لەئێستادا لە نزیکەی ١.١ بۆ ١.٢ پلەی سیلیزیدا وەستاوە بە بەراورد بە سەردەمی پێش-پیشەسازی، ماوەی پێش ئەوەی مرۆڤ دەست بداتە سووتاندنی سووتەمەنی بەردین بە ڕێژەی زۆر.

خەمڵاندنە نوێیەکان ئەوە دەخەنەڕوو کە پلەی گەرمی جیهان تا ساڵی ٢١٠٠، نزیکەی ٢.٤ بۆ ٢.٧ پلەی سیلیزی بەرزتر دەبێتەوە.

نەتەوە یەکگرتووەکان، لە ئەنجامی ئەو خەمڵاندنانەوە، داوای کردووە بەرزبوونەوەی پلەی گەرمیی جیهان لە ١.٥ پلەی سیلیزیدا قەتیس بکرێت.

لە کۆپ٢٨ گفتوگۆ لەبارەی چی دەکرێت؟
سەرنجی سەرەکیی کۆپ٢٨ لەسەر خێراکردنی هەنگاوەکانە بۆ بەکارهێنانی سەرچاوە پاکەکانی وزە لەپێناو کەمکردنەوەی گازە گەرمکەرەکان پێش ساڵی ٢٠٣٠، گەیاندنی پارە بۆ پرسی گۆڕانی کەشوهەوا لە وڵاتانی دەوڵەمەندترەوە بۆ وڵاتانی هەژارتر، کارکردن لەسەر ڕێککەوتنی نوێ بۆ وڵاتە تازەگەشەسەندووەکان و گرنگیدان بە سرووشت و مرۆڤایەتی. هەروەها باسکردنی پرسەکانی تەندروستی، ئابووری، خۆراک و سرووشت.

کێ لە کۆپ٢٨ بەشدار دەبێت؟
زیاتر لە ٢٠٠ حکوومەتی جیهان بانگهێشت کراون. سەرۆکی ئەمریکا جۆ بایدن و سەرۆکی چین شی جینپینگ پێناچێت بەشدار بن، بەڵام وڵاتەکانیان نوێنەریان دەبێت. پاشا چارلسی سێیەمی شانشینی یەکگرتوو بەشدار دەبێت.

لە هەرێمی کوردستانیش، سەرۆکی هەرێم نێچیرڤان بارزانی و سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی بەفەرمی باگهێشتی لوتکەکە کراون.

بەگوێرەی کارنامەی لوتکەی کۆپ٢٨، لە ڕۆژی ٦ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٣ پانێڵێکی یەک کاتژمێری تەرخان کراوە بۆ پرسی “وەبەرهێنانی ژینگەیی لە هەرێمی کوردستان”.

 

هەواڵی زیاتر

Back to top button