ئێران لەبەرانبەر فراواننەکردنی شەڕى غەزە 10 ملیار دۆلار وەردەگرێت؟

زووم:

لەگەڵ هەڵگیرسانی جەنگی غەزە لە 7ی ئۆکتۆبەری مانگی ڕابردوودا، ئیدارەی ئەمریکا بڕیاریدا 6 ملیار دۆلاری ئێران لە قەتەر بلۆک بکات، ئەمە لە کاتێکدابوو لە مانگی ئەیلولی 2023دا ، ئەمریکا رێگایدابوو ئەوبڕە پارەیە بۆ تاران ئازادبکات.

بەڵام لە 14ی تشرینی دووەمی ئەم مانگەدا، ئیدارەی ئەمریکا بڕیاریدا ئەو ماوەیە درێژبکاتەوە، کە رێگا بە عێراق دەدات بڕی 10 ملیار دۆلاری ئەمریکی بۆ ئێران بنێرێت، وەک شایستەی دارایی لە بەرامبەر دابینکردنی وزە بۆ ماوەی چوار مانگ، کە بۆ عێراقى دابینکردووە.

 

ئەو رێکارە چ پەیوەندییەکى بە شەڕى غەزەوە هەیە؟

لە چەند هەفتەی رابردوودا چەند جارێک میدیا جیهانییەکان باسیان لەو زانیارییانە دەکرد، کە ئەمریکا ئاسانکاری بۆ ئێران دەکات تا پارەکانی وەربگرێتەوە، ئەو کارەشی لەبەرامبەر فراواننەکردنی جەنگی غەزەدا ئەنجامداوە.

سەرچاوەیەکی سیاسی لە ئوردن بۆ ماڵپەڕی “دەرەج” ئاشکرایکردووە، ئەو بڕە پارەیە و ئاسانکارییەکانی ئەمریکا  بۆ ئەوە بووە، بەرەکانی جەنگ فراوان نەکرێت و جەنگ نەگاتە لوبنان و ئەو بەرەیە “سارد” بکرێتەوە.

کەواتە ئەمریکا لە کاتی جەنگی غەزەدا ڕازی بووە ئەو 10 ملیار دۆلارە رادەستی ئێران بکرێتەوە، بەڵام 6 ملیار دۆلار لە قەتەر چارەنووسی دیار نییە.

 

بەرەی لوبنان و پرسیاری کراوە؟

سنورەکانی لوبنان ڕووبەڕوبوونەوە و جەنگی  بەخۆیەوە بینی، کە بووە هۆی کوژرانی کەسانى مەدەنى و چەکدارانی حزبوڵڵا، هاوکات ئیسرائیلیش زیانی گیانی و مادی بەرکەوت، بەڵام هەردوو لایەن واتە حزبوڵڵا و ئیسرائیلیش، هەروەها ئەوەی لە پشتیانەوەن واتە ئێران و ئەمریکا، هیچیان جەنگێکی فراوانیان ناوێت.

ئێران پێشتر روونیکردووەتەوە، کە نایەوێت جەنگەکە پەرەبسێنێت، کە لەو بارەوە حسێن عەبدول لەهیان وەزیری دەرەوەی ئێران لە 29ی ئۆکتۆبەردا وتی: ئێران نایەوێت رووبەری جەنگەکە فراوان ببێت، هەروەها ئەمریکاش چەندین جار لەسەر زاری ئەنتۆنی بلینکین وەزیری دەرەوە، دووپاتی کردەوە، نایانەوێت جەنگەکە فراوان ببێت، هۆشداریشى بە حزبوڵڵا و ئێراندا، کە جەنگەکە فراوان نەکەن.

هاوکات، بابەتی جەنگەکە لە دیداری نێوان جۆبایدن سەرۆکی ئەمریکا و شی جینگ بینگ سەرۆکی چین باس کرا، لەو دیدارەدا بایدن داوای لە چین کردبوو، کە هانی ئێران بدات بەوەی جەنگ فراوان نەکات.

لەلایەکی دیکەوە، گۆڤاری واشنتن پۆستی ئەمریکی لە 12ی ئۆکتۆبەری 2023دا رێکەوتنێکی نێوان بەرپرسانی ئەمریکی و قەتەری بڵاو کردەوە، کە تایبەتە بە بلۆککردنی پارەی ئێران لە قەتەر، کە لەو کاتەشدا نوێنەری ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان لە بەیاننامەیەکیدا رایگەیاند، ئەو بڕە پارەیە مافی گەلی ئێرانە، بۆ ئەوەی لە کاتی پێویستیدا بەئاسانی دەستی بگات بە هەموو پێداویستییەکانی، بۆیە ئەو بڕە ناکەوێتە ناو سزاکانەوە.

بەڵام ئاژانسی هەواڵەکانی ئێران لەسەر زاری بەندەر بن محەمەد بن سعود ئالسانی پارێزگاری بانکی ناوەندی قەتەر بڵاویکردەوە، کە قەتەر پابەندییەکانی بەرامبەر بە ئێران جێبەجێدەکات و هیچ لەمپەرێک بەدیناکات، کە رێگری بکات لە پتەوکردنی پەیوەندییە بانکییەکانی نێوان هەردوو وڵات.

هەروەها محەمەد رەزا فەرزین پارێزگاری بانکی ناوەندی ئێران دووپاتیکردەوە، ئێران دەتوانێت ئەو پارانە بەکاربهێنێت، کە لە قەتەر بلۆک نەکراون، گفتوگۆ لەگەڵ 6 بانکی قەتەریش هەیە، کە پەلە بکەن بۆ ئەوەی ئێران خێراتر دەستی بە پارەکانی بگاتەوە.

 

چیرۆکی 10 ملیارەکە چییە؟

لە 14ی تشرینی دووەم 2023دا ئەمریکا لێخۆشبوونێکی دیکەی بۆ عێراق دەکرد، کە ماوەی 120 رۆژە، بەهۆیەوە عێراق بەرامبەر وەرگرتنی وزە پارە بە ئێران بدات.

دەکرێت ئەو لێخۆشبوونە چەند لایەنێکی لێبخوێندرێتەوە، کە دەتوانرێت وا سەیر بکرێت ئەمە ئاسانکاری و پاداشتی ئەمریکایە بۆ ئێران، بۆ ئەوەی دەستوەردان لە جەنگەکەدا نەکات، یان گروپە چەکدارییەکانی نزیک لە تاران بەشێوەیەکی راستەوخۆ نەچنە ناو جەنگەکەوە، بەڵام رەخنەگرانی ئەم رێکەوتنە رانەگەیەندراوە ئاماژە بەوە دەکەن ئەم ئازادکردنە رێگا بە ئێران دەدات بە داهاتە ناوخۆییەکانی خۆی گروپەکانی وەک حەماس و حزبوڵڵا و حوسییەکان پارەدار بکات، کە دژ بە ئەمریکا و ئیسرائیلن.

هەواڵی زیاتر

Back to top button