دوای 17 ساڵ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی یەکێتی ژوورەکانی بازرگانی لە هەرێم ئەنجامدەدرێت

زووم:
سبەی 30 ی تشرینی دووەمی 2023، لە هەر چوار پارێزگاكەی هەرێمی كوردستان، هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی كارگێڕی یەکێتی ژوورەکانی بازرگانی بەڕێوەدەچیت.

لە هەڵبژاردنەكەدا 29 هەزار و 684 كەس مافی دەنگدانیان هەیە لە سەرجەم پارێزگاكان و لەهەمان كاتیشدا 95 سندوقی دەنگدانیش دابینكراوە بۆ پڕۆسەكە .

بەگوێرەی ئەو ئامارانەی، کە تایبەت دەست زووم کەوتووە، لە پارێزگای هەولێر، 11565 كەس مافی بەشداریكردنیان لە هەڵبژاردنەكەدا هەیە، 42 سندوق دابینكراوە بۆ هەڵبژاردنەكە، 33 كاندید كێبڕكێی دەكەن بۆ 17 كورسی ئەنجوومەنی كارگێڕی، بە جۆرێك 13 كەسیان سەرەكین و 4 كەسیشیان یەدەگن.

بۆ پارێزگاری هەولێر، لە هەڵبژاردنەكەدا هەركەسێك دەنگ بدات، پێویستە لە 7 دەنگ كەمتر نەدات و لە 13 دەنگیش زیاتر نەدات.

هەر بە گوێرەی ئامارەکە، لە پارێزگای سلێمانیش، 9617 كەس مافی بەشداریكردنیان لە هەڵبژاردنەكەدا هەیە، 20 سندوق دابینكراوە، 26 كاندید كێبڕكێی دەكەن بۆ 17 كورسی ئەنجوومەنی كارگێڕی، بە جۆرێك 13 كەسیان سەرەكین و 4 كەسیشیان یەدەگن.

بۆ پارێزگای سلێمانی، هاوشێوەی هەولێر، لە هەڵبژاردنەكەدا هەركەسێك دەنگ بدات ، پێویستە لە 7 دەنگ كەمتر نەدات و لە 13 دەنگیش زیاتر نەدات.

هەرچی تایبەتە بە پارێزگای دهۆك ئامارەکان ئاماژە بەوە دەکەن، کە 7700 كەس مافی بەشداریكردنیان لە هەڵبژاردنەكەدا هەیە، 30 سندوق دابینكراوە بۆ هەڵبژاردنەكە، 17 كاندید كێبڕكێی دەكەن بۆ 15 كورسی ئەنجوومەنی كارگێڕی، بە جۆرێك 11 كەسیان سەرەكین و 4 كەسیشیان یەدەگن.

لەپارێزگای دهۆکیش هەركەسێك دەنگ بدات، پێویستە لە 6 دەنگ كەمتر نەدات و لە 11 دەنگیش زیاتر نەدات.

لە پارێزگای هەڵەبجەش، 802 كەس مافی بەشداریكردنیان لە هەڵبژاردنەكەدا هەیە، 3 سندوق دابینكراوە بۆ هەڵبژاردنەكە، 10 كاندید كێبڕكێی دەكەن بۆ 9 كورسی سەرەكی و كورسییەكی یەدەگ هەیە.

دوای ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ئەندامانی ئەنجوومەنی كارگێڕی یەکێتی ژوورەکانی بازرگانی، لەلایەن ئەو كەسانەی لە هەڵبژاردنەكەدا دەرچوون هەڵبژاردنێك ئەنجامدەدەن و تییدا سەرۆكی ئەنجوومەن و دوو جێگرەكەی هەڵدەبژێرن .

كۆتا هەڵبژاردنی یەکێتی ژوورەکانی بازرگانی لە پارێزگاكانی هەرێمی کوردستان دەگەڕێتەوە بۆ مانگی نیسانی ساڵی 2006، کە لەوکاتەوە تائێستا هیچ هەڵبژاردنێک ئەنجامنەدراوە.

 

هەواڵی زیاتر

Back to top button