مستەفا چاوەڕەش دەستی لە فەرماندەیی هێزەکانی حەفتا هەڵگرت

مستەفا چاوەڕەش دەستی لە پۆستی فەرماندەی هێزەکانی حەفتای یەکێتی هەڵگرت و بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان خەڵاتی رێزلێنانی پێ بەخشی.

 

چی روویدا؟ ئەمرۆ چوارشەممە، 29ی تشرینی دووەمی 2023، مستەفا چاوەڕەشی تەمەن 77 ساڵ بە رەزامەندی خۆی دەستی لە پۆستی فەرماندەی هێزەکانی حەفتای یەکێتی هەڵگرت کە زیاتر لە 60 هەزار پێشمەرگەی هەیە، ناوبراو لە ساڵی 2019ـەوە پۆستەکەی وەرگرتووە.

 

چۆن بوو؟ ماوەی زیاتر لە ساڵ و نیوێکە، مستەفا چاوەڕەش بە رەزامەندی خۆی نامەی دەستلەکارکێشانەوەی بۆ بافڵ تاڵەبانی ناردووە و ئەمڕۆ بە فەرمی قبوڵکرا، وەک پێشتر بۆ زوومی ئاشکراکردبوو، چاوەڕەش لە نامەکەیدا هۆکاری دەستلەکارکێشانەوەی بۆ هەڵکشانی تەمەنی دەگەڕێنێتەوە.

 

هیچ کێشەیەک هەبوو؟ مستەفا چاوەڕەش رەتیکردەوە دەستلەکارکێشانەوەی بەزۆر یاخود بەهۆی ناکۆکییەکانەوە بووبێت، ئەو لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا گوتی، “من بەردەوام دەبم لە ناو یەکێتی، ئەوەش وەڵامێکە بۆ ئەوانەی دەڵێن لایانبردووە یاخود دەرکراوە.”

گوتیشی، ئەوە یەکەمجارە لە مێژووی یەکێتیدا دەستاودەستکردنی خۆویستانە لە هێزێکی سەربازیدا روودەدات.

 

دواتر چی دەکات؟ بە قسەی خۆی، چاوەڕەش لەناو یەکێتیدا دەمێنێتەوە و وەک ئەندامی ئەنجومەنی باڵای بەرژەوەندییەکانی یەکێتی بەردەوام دەبێت لە کار و چالاکییە حزبییەکان لەناو یەکێتیدا، ئەنجومەنەکە لەدوای کۆنگرەیەکی پێنجەمی یەکێتییەوە دامەزراوە و ئەندامەکانی دیاریکرا، بەڵام تاوەکو ئێستا پەیکەرەکەی دروستنەکراوە.

 

جێگرەوەکەی کێیە؟ تاوەکو ئێستا هیچ کەسێک بۆ وەرگرتنی پۆستەکە ئاشکرانەکراوە، وەستا رەسوڵ کە فەرماندەیەکی سەربازیی یەکێتییە و ئەندامی سەرکردایەتییەتی بە رۆژنامەنووسانی گوت، “من نازانم جارێ چی دەبێت دوای ئەمە، بەڵام کاک بافڵ خۆی سەرۆکی گشتی هێزی چەکداری یەکێتیە و خۆی کەسێک دیاری دەکات بۆ فەرماندەی هێزەکانی حەفتا.”

 

لە دوای رێورەسمی رێزلێنان، بافڵ تاڵەبانی راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، “یەکێتی دڵسۆزی و قارەمانێتیی هەڤاڵ مستەفا چاوڕەش و تێکۆشەرەکانی تری لەیادناکات، ئەوان رەمزی ئازایەتی و نموونەی باڵای خەبات و تێکۆشانن لەپێناو کوردستان و سەرفرازیی خەڵکەکەیدا.”

هەواڵی زیاتر

Back to top button