ئەمڕۆ تەقەبەسی غەزە کۆتایی دێت بەڵام ئەگەری درێژکردنەوەی هەیە

ئەمڕۆ چوارشەممە کۆتا رۆژی ئەو ئاگربەستەیە کە بۆ ماوەی چوار رۆژ لەنێوان ئیسرائیل و حەماسدا راگەیەنراو و دواتریش دوو رۆژی دیکەی بۆ درێژکرایەوە، پێشبینی دەکرێت ئەمڕۆش ژمارەیەکی دیکە لە بارمتەکانی لای حەماس و زیندانییەکانی لای ئیسرائیل ئاڵوگۆڕیان پێبکرێت و ئازادبکرێن، ئەمەش لەکاتێکدایە هەوڵەکان بۆ راگەیاندنی ئاگربەستێکی درێژخایەن لە قەتەر بەردەوامن.

لەوبارەیەوە میدیا ئیسرائیلییەکان لەزاری سەرچاوەیەکەوە لە نوسینگەی سەرۆکوەزیرانی وڵاتەکە بڵاویانکردووەتەوە، ئیسرائیل لیستی ژمارەیەکی دیکەی لە بارمتەکان بەدەستگەیشتووە کە بڕیارە ئەمڕۆ چوارشەممە ئازادیان بکات، ئەمەش لەکاتێکدایە پێشتر ئیسرائیل رایگەیاندبوو دەکرێت تەقەبەس درێژتربکرێتەوە بەو مەرجەی حەماس رۆژانە لانیکەم 10 بارمتەی ئیسرائیلی ئازادبکات.

هەرچەندە ژمارەیەکی کەم لە بارمتەی ژن و منداڵی لای حەماس ماونەتەوە، درێژکردنەوەی تەقەبەس پێدەنێتە قۆناغێکی نوێوە کە رەنگە پێویست بکات ئیسرائیل داوای ئازادکردنی پیاوەکان بکات لەسەرەتادا.

هاوکات سەرچاوەیەکی ئاگادار بە کەناڵی سی ئێن ئێنی ئەمریکی گوتووە، ویلیام جەی بێرنس، بەڕێوەبەری دەزگای هەواڵگریی ئەمریکا (سی ئای ئەی) بەشدارە لە دانوستانەکانی دەوحە بۆ درێژکردنەوە و فراوانکردنی ئاگربەست تاوەکو بارمتە پیاو و سەربازەکانیش بگرێتەوە.

دەشڵێت، دانوستانکاران پێیانوایە حەماس ئەوەندە بارمتەی ژن و منداڵی دیکەی لایە بۆئەوەی ئاگربەست تاوەکو دوو رۆژی دیکە درێژبکرێتەوە.

ئاشکراشیکردووە کە بەرپرسانی ئیسرائیل، ئەمریکا، قەتەر و میسر رێککەوتوون لەسەر کارکردن بۆ درێژکردنەوەی ئاگربەست بۆ ئازادکردنی بارمتەی زیاتر.

شەوی رابردوو حەماس 12 بارمتەی دیکەی ئازادکرد کە 10یان هاوڵاتی ئیسرائیلی بوون، بەمەش ژمارەی ئازادکراوانی ئیسرائیل گەیشتە 81 کەس کە زۆینەیان ژن و منداڵن و لەنێویشیاندا هاوڵاتی بیانیی هەبوون. لەبەرامبەریشدا 30 هاوڵاتی فەلەستینی لەلایەن ئیسرائیلەوە ئازادکران، بەمەش ژمارەی ئازادکراوانی فەلەستین گەیشتووەتە 180 کەس.

ئەوەی کە لە ئێستادا چاوی میدیا جیهانییەکانی لەسەرە کۆبوونەوە و دانوستانەکانی قەتەرە. دوێنێ سێشەممە، هەریەک لە سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی سی ئای ئەی ئەمریکی و سەرۆکی دەزگای موسادی ئیسرائیلی گەیشتنە قەتەر بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی رێککەوتنێک کە بەهۆیەوە ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و حەماس بۆماوەیەکی درێژخایەن درێژبکرێتەوە، بەڵام تا ئێستا دانوستانەکان بەردەوامن و هیچ ئەنجامێکیان رانەگەیەندراوە.

هەواڵی زیاتر

Back to top button