سوپاى ئیسرائیل دواى ئاگربەست هێرش دەکاتە سەر خان یوسن

زووم:

چاوەکان ڕوو لە شاری خان یونس دەکەن، دوای ئەوەی ناوەکەی لە ڕاپۆرتە ڕۆژنامەوانییەکاندا زۆر باس دەکرێت، بەوەى کاتێک ئاگربەستى غەزە کۆتایی دێت، سوپاى ئیسرائیل هێرش دەکاتە سەر ئەو شارە.

بە گوێرەى راپۆرتێکى کەناڵى سکاى نیوز، هەرچەندە بەدەستهێنانی سەرکەوتن لەو شەڕە بە قورس دەزانرێت، وەک ئەوەى شارەزایان باسى دەکەن، بەڵام سەرچاوە هەواڵییەکان جەخت دەکەنەوە، ئیسرائیل پلانى بۆ هێرشەکە داناوەو دواى ئاگربەست دەست بە هێرش دەکات.

ئاگربەستی مرۆیی، کە لە ڕۆژی هەینییەوە لە نێوان ئیسرائیل و بزووتنەوەى حەماسدا کاری پێدەکرێت، بۆ ماوەی دوو ڕۆژی دیکە درێژکرایەوە و بەرەبەیانی پێنجشەممەی داهاتوو کۆتایی دێت.

ڕۆژنامەی ئەمریکی وۆڵ ستریت جۆرناڵ بڵاویکردەوە، دوای کۆتاییهاتنی ئاگربەستەکە، چاوەڕواندەکرێت ئیسرائیل هێرشێکی گەورە بکاتە سەر شارى خان یونس، کە شوێنی لەدایکبوونی یەحیا سینوار، سەرۆکى بزووتنەوەى حەماسە لە غەزە.

دوای کۆتاییهاتنی ئاگربەستەکە، چاوەڕواندەکرێت ئیسرائیل هێرشێکی گەورە بکاتە سەر شارى خان یونس

سینوار گەورەترین داواکارى سوپاى ئیسرائیلە لە غەزە، کە بە گوێرەى ڕۆژنامە ئەمریکییەکە، ئیسرائیل پێیوایە ناوبراو لە تونێلەکانی ناو خان ​​یونسەوە لەگەڵ بەرپرسی باڵی چەکداری حەماس، محەمەد زەیف و چەند سەرکردەیەکی دیکەی باڵای بزووتنەوەکە ئۆپەراسیۆنەکان بەڕێوەدەبەن.

لای خۆیەوە بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، جەختی لەسەر درێژەدان و تەواکردنى شەڕی غەزە دوای ئاگربەستەکە کردەوە و لە میانی گەشتەکەیدا بۆ باکووری کەرتی غەزە ڕۆژی یەکشەممە رایگەیاند، ئێمە سێ ئامانجمان هەیە بۆ ئەم شەڕە، نەهێشتنی حەماس، گەڕاندنەوەی هەموو ئەو کەسانەی ڕفێندراون،  دڵنیابوون لەوەی، جارێکى تر غەزە مەترسی لەسەر ئیسرائیل دروستناکات”.

لەلایەکى تر، لەدواى گەڕانەوەى لە باکوورى کەرتى غەزە ناوبراو لەسەر پلاتفۆرمی “X” پەیامێکى بڵاوکردەوەو وتى: من لێرەم بۆ ئەوەى  بۆ هاووڵاتیانی ئیسرائیل دووبارەیبکەمەوە: تا کۆتایی بەردەوام دەبین لە شەڕ، تا… سەرکەوتن.”

هاوکات رۆژى سىێ شەممە، سوپای ئیسرائیل لە بەیاننامەیەکدا تەواوبوونی هەڵسەنگاندن و ئامادەکارییەکانى بۆ ئۆپەراسیۆنى سەربازی باشووری غەزە ڕاگەیاند، هەروەها پەسەندکردنی پلانەشى دووپاتکردەوە.

 

بۆچی خان یونس؟

سکۆت مۆرگان، توێژەری ئەمریکی تایبەتمەند لە کاروباری ئاسایشی نیشتمانی، ئەو هۆکارانەى روونکردەوە، کە سوپاى ئیسرائیل کردوویەتى بە بیانوو بۆ هێرشکردنە سەر شارى خان یونس.

بە قسەى ناوبراو، سوپای ئیسرائیل پێیوایە سەرکردەکانی حەماس بە سەرۆکایەتی یەحیا سینوار لە تونێلەکانی ژێر شارى خان یونس لە باشووری غەزەدان.

سوپای ئیسرائیل پێیوایە سەرکردەکانی حەماس بە سەرۆکایەتی یەحیا سینوار لە تونێلەکانی ژێر شارى خان یونس لە باشووری غەزەدان

ئەو روونیشیکردەوە، سەرەڕای کۆنترۆڵی سوپا بەسەر بەشێکی زۆری باکووری کەرتی غەزەدا، بەڵام ڕۆژانە موشەکەکان ئاراستەی تەلئەبیب و شارەکانى تر دەکرێن، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی، ئەو موشەکانە لەناوچەکانى خان یونسەوە ئاراستە دەکرێن.

باسى لەوەش کردووە، ناتانیاهۆ و سوپاکەى دەیانەوێت بە تەواوى توانا سەربازییەکانی حەماس لەناوبەرن، کە پێشیانوایە بە هێرشکردنە سەر خان یونس ئەوە بەدەست دێت.

 

هەواڵی زیاتر

Back to top button