ماڵپەڕێکی ئەمریکی: لە هەرێم و عێراق و سوریا چەکی ئەمریکییەکان دزراوە

زووم:

لە دوو ساڵی رابوردوودا لە عێراق، هەرێمی کوردستان و سوریا چەندین موشەکهاوێژ، موشەک، درۆن و چەکی قورسی هێزەکانی ئەمریکا “دزراون”، ئەوەش بە گوێرەى راپۆرتێکی ماڵپەڕی ئینتەرسێپتی ئەمریکی.

ماڵپەڕەکەڕە، کە گرنگی بە هەواڵ و رووداوە سەربازییەکانی ئەمریکا دەدات لە راپۆرتەکەدا ئاشکرایکرد، ژمارەیەک بەڵگە و دۆکیۆمێنتیان دەستکەوتووە، دەیسەلمێنن چەندین چەکی هەستیار و کەرەستەی دیکەی سوپای ئەمریکا لەو دوو وڵاتە “دزراون”، کە رەنگە وەزارەتی بەرگری (پنتاگۆن)یش ئاگادارنەبن.

هەر بەگوێرەی راپۆرتەکە، چەندین دەستە و گروپی تاوانکاری رێکخراو، بەشێوەی بەرنامەبۆداڕێژراو چوونەتە نێو بنکەی هێزەکانی ئەمریکا و چەک و کەلوپەلە سەربازییەکانیان “دزیوە”.

بۆ دڵنیابوون لەبارەی “دزینی” چەک و کەلوپەلە سەربازییەکانی ئەمریکا، سەرەتای ئەمساڵ لە عێراق و سوریا، بەشێوەیەکی نهێنی لێکۆڵینەوەی سەربازی کرا و سەلماندوویەتی چەندین چەک و کەرەستەی دیکەی “هەستیار”ـی سوپای ئەمریکا “دزراون”.

لەنێوان ساڵانی 2020 بۆ 2023 بە بەهای سەدان هەزار دۆلار “دزی”ـیان لێکراوە

لە راپۆرتەکەدا هاتووە، لە عێراق “موشەکهاوێژ و موشەکی گەورە دزراون”، هەروەها ماڵپەڕەکە بە پشتبەستن بە وەزارەتی بەرگری ئەمریکا ئەوەى ئاشکرایکردووە، کە لەنێوان ساڵانی 2020 بۆ 2023 بە بەهای سەدان هەزار دۆلار “دزی”ـیان لێکراوە.

راپۆرتەکە روونیکردووەتەوە، هۆکاری راگەیەندراوی مانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق و سوریا شەڕکردنە لە دژی داعش، بەڵام “لە راستیدا بەهۆی مەترسییەکانی ئێران لەوێ ماونەتەوە”.

لە پاش هێرشەکەی 7ـی ئۆکتۆبەری چەکدارانى غەزە بۆ سەر ئیسرائیل و دواتر شەڕ و ئاڵۆزییەکانی نێوانیان، نزیکەی 60 هێرش کراوەتە سەر بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە عێراق و سوریا، ئەمریکاش وەڵامی هێرشەکانی داوەتەوە.

ماڵپەڕی ئینتەرسێپت باسى لەوەش کردووە، هێزەکانی ئەمریکا لەو ناوچانە توانای پاراستنی خۆیان و چەکەکانیان نییە و نازانن چۆن خۆیان بپارێزن.

راپۆرتەکە، کە ئاماژەی بە لێکۆڵینەوە سەربازییەکانی ئەمریکا داوە باسى لەوەش کردووە، “لێکۆڵینەوەکە سەلماندوویەتی ساڵی رابردوو لە بنکەی هێزەکانی ئەمریکا لە هەولێر بە بەهای 162500 دۆلار درۆن دزراوە و لێکۆڵینەوەکانیش نەگەشتوون بەوەی گومان لە هیچ کەس و دەزگایەک بکەن”.

لێکۆڵینەوەکە سەلماندوویەتی ساڵی رابردوو لە بنکەی هێزەکانی ئەمریکا لە هەولێر بە بەهای 162500 دۆلار درۆن دزراوە و لێکۆڵینەوەکانیش نەگەشتوون بەوەی گومان لە هیچ کەس و دەزگایەک بکەن

هەروەها روونیکردووەتەوە، لە بەغدادیش چەندین چەکی هەستیار و کەرەستەی دیکە، کە موشەکهاوێژی سەرشانیشیان تێدایە لە بنکەی یەکەی سێیەمی نێو بەغداد “دزراون”، نرخی ئەم چەک و کەرەستانە دەگات 480000 دۆلار.

ناوەندەکانی بەدواداچوونی تاوان دەڵێن، بەگوێرەی لێکۆڵینەوەکان گومان ناکەن دەستی ناوخۆیی نێو هێزەکان ئەم چەکانەیان “دزیبێت”، چونکە هیچ کەسێکی ئەمریکی لەو تاوانە تێنەگلاوە، بەڵکو کەسانێک دەستیان پێیان گەیشتووە، کە خۆیان خەڵکی ناوچەکەن و توانیویانە بەهۆی لاوازی ئاستی دابینکردنی ئەمنی دەوری بنکەکانەوە دەستی خۆیان بگەیەنن بەو چەکانە و بیانبەن.

هەواڵی زیاتر

Back to top button