دابەشبوون و تەنگەژەیەکی بێپێشینە لەناو ئیدارەی جۆبایدن دروست بووە

زووم:

هێرشی 7ی تشرینی یەکەمی حەماس و پەرچەهێرشی ئیسرائیل بۆسەر غەزە دابەشبوون و تەنگەژەیەکی بێپێشینەی لەناو ئیدارەی جۆبایدن، سەرۆکی ئەمریکا دروستکردووە، ئەوەش بەپێی راپۆرتێکی واشنتن پۆست.

لە شەشەمین هەفتەی هێرشی ئیسرائیل بۆسەر غەزە، زیاتر لە 20 فەرمانبەری کۆشکی سپی کە واشنتن پۆست بە “توڕە و ناڕازی” وەسفیکردوون داوای چاوپێکەوتنیان لەگەڵ گەورە راوێژکارەکانی بایدن کردووە.

ئەو کۆمەڵە فەرمانبەرە کە پلە و پۆستی جیاوازیان هەیە داوایانکردووە سێ بابەت لەگەڵ جێفری زینتس و ئەنیتا دان، گەورە راوێژکارانی بایدن و جۆن فینەر، جێگری راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا گفتوگۆبکەن کە ئەمانەن؛

  • ستراتیژی ئیدارەی بایدن بۆ سنوردانان بۆ قوربانیانی مەدەنی لە غەزە
  • ئەو پلانەی لەبارەى ناکۆکی و جەنگەکەوە هەیەتی
  • بۆچوونی ئیدارەی بایدن بۆ ناوچەکە لەدوای کۆتاییهاتنی جەنگ

واشنتن پۆست لە زاری چەند بەرپرسێکی ئاگادارەوە دەڵێت، کۆبوونەوەی ئەو فەرمانبەرانە و سێ بەرپرسەکە بە داخراوی بەڕێوەچووە و زۆر بە رێزەوە گوێیان بۆ راو و بۆچوونی فەرمانبەرەکان گرتووە.

بەڵام، بەپێی واشنتن پۆست، بەشێک لە فەرمانبەران پێیانوایە ئەو سێ بەرپرسە خۆیان لە چەند بابەتێک دزیوەتەوە.

ئەو بەرپرسانەی کۆشکی سپی گوتوویانە کە پێویستە زۆر ئاگاداربن لەوەی بە ئاشکرای رەخنە لە ئیسرائیل نەگرن تاوەکو بتوانن بە نهێنی کاریگەری لەسەر سەرکردەکانی ئیسرائیل دابنێن.

بەپێی واشنتن پۆست، بەرپرسانی ئەمریکی هانی ئیسرائیلیان داوە کاربکات بۆ کەمکردنەوەی قوربانیانی مەدەنی لە غەزە.

گەورەترین قەیران کە تووشی بایدن بووبێت

واشنتن پۆست ئاشکراشیکردووە کە کۆبوونەوەکە تیشکی خستووەتەسەر چۆنیەتی مامەڵەکردنی ئیدارەی بایدن لەگەڵ گەورەترین قەیرانی مرۆیی کە تووشی ئیدارەکەی بووبێتەوە.

دابەشبوونی لەناو کۆشکی سپی

واشنتن پۆست ئاماژەی بەوەشکردووە، فەرمانبەرانی کۆشکی سپی بەهۆی هەڵوێستەکانیان لەبارەى پرسە هەستبزوێنەکانەوە، وەک ئاماژەیەک بۆ غەزە، هەست بە ئازاری ویژدان دەکەن.

دەشڵێت، زۆرێک لە کارمەندانی کۆشکی سپی بێزارن لە هەستیاری ئەمریکا بەرامبەر مامەڵەکردنی لەگەڵ ئیسرائیل و پشتگیریکردنی بێوچان و بەردەوام لە تەلئەبیب، ئەوەش دابەشبوونێکی بێوێنە و بێپێشینەی لەناو کۆشکی سپیدا دروستکردووە.

 

هەواڵی زیاتر

Back to top button