پێشبڕکێی هەڵبژاردنی حاکمى ویلایەتەکانی ئەمریکا

 

هاوکات لەگەڵ هەڵبژاردنەکانى ئەمڕۆى کۆنگرێسى ئەمریکادا، هەڵبژاردن بۆ حاکمى 36 ویلایەت دەکرێت لە کۆى 50 ویلایەت، 14 ویلایەتەکەى دیکە، لەگەڵ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا لە ساڵی 2024 هەڵدەبژێردرێن.

ئێستا دیموکراتەکان 22 حاکم و کۆمارییەکان 28 حاکمى ویلایەتەکانیان هەیە، لەو 36 ویلایەتەى کە ئەمڕۆ هەڵبژاردنیان بۆ دەکرێت، دوو ویلایەتیان یەکلابووەتەوە کە حاکمەکانیان دەگۆڕێن، ئەوانیش ویلایەتەکانی ماریلاند و ماسەچوسێتسن کە ئێستا لەلایەن کۆمارییەکانەوە بەڕێوەدەبرێن و دیموکراتەکان کورسییەکانیان دەگرنەدەست.

خەڵکی ئەم دوو ویلایەتە کە ماوەی حاکمەکانیان بەسەرچووە، پێدەچێت لایەنگریی سەرسەختی دیموکراتەکان بن، بەهۆی ئەوەی کۆمارییەکان دوو کاندیدیان داناوە کە لە ترەمپی سەرۆکی پێشووی ئەمریکاوە نزیکن و لای دەنگدەری کۆمارییەکان زۆر دڵخواز نین.

جگە لەم دوو گۆڕانکارییە بەرچاوە، لەکۆی سەرجەم 36 ویلایەتەکەی کە ئەمڕۆ هەڵبژاردن تێدا ئەنجامدەدرێت، یەک لەسەر سێی ویلایەتەکان واتە لە 12 ویلایەت، پێشبڕكێی ئاڵوگۆڕی پارتەکان هەیە، واتە لە 24 ویلایەت، هەمان پارت حوکمی ویلایەتەکەی دەگرێتەوە دەست.

لەو 12 ویلایەتەى کە کێبڕکێ هەیە، پێدەچێت کۆمارییەکان لە ویلایەتی ئۆکلاهۆما سەرکەوتن بەدەستبهێنن، لە شەش ویلایەتی دیکەدا وەکو: مەین، میشیگان، مینۆسۆتا، نیو مەکسیکۆ، نیویۆرک و رۆود ئایلاند پێدەچێت دیموکراتەکان بیبەنەوە.

هەرچی پێنج ویلایەتەکەی دیکەیە کە پێشبڕکێ تێیاندا بەدیدەکرێت، پێشبینی ناکرێت کە کام پارت حاکمى ویلایەتەکانیان دەبەنەوە، ئەوانیش بریتین لە: ئەریزۆنا، کانساس، نەڤادا، ئۆریگۆن و ویسکۆنسن، لەم پێنج ویلایەتەدا، ئێستا دیموکراتەکان خاوەنی چوار ویلایەتن.

هەواڵی زیاتر

Back to top button