مێژووی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان توركیا و عێراق له‌ بواری نه‌وتدا

زووم..

مێژووی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان توركیا و عێراق له‌ بواری نه‌وتدا كه‌ ئێستا به‌ قۆناغێكی پڕکێشە و قه‌یراندا تێده‌په‌ڕێت، بۆ سه‌ره‌تای ساڵانی حەفتاکان ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، ئه‌وكاته‌ی كه‌ كۆبوونه‌وه‌ و دانوستانه‌كانی نێوان ئه‌نقه‌ره‌ و بەغداد بۆ بنیاتنانی هێڵی بۆری نه‌وت له‌نێوان هه‌ردوو وڵاتدا ده‌ستیپێكرد.

له‌ 27ی ئابی 1973دا رێككه‌وتننامه‌ی هێڵی بۆری نه‌وتی خاو له‌ نێوان كۆماری عێراق و كۆماری توركیادا واژۆكرا. له‌و چوارچێوه‌یه‌شدا ده‌ست به‌ بنیاتنانی هێڵی بۆری نه‌وتی نێوان كه‌ركوك- جه‌یهان كرا و پاش نزیکەى چوار ساڵ و بە دیاریکراوى لە ‌ 25ی ئایاری 1977 یه‌كه‌م بارە نه‌وتی خاو لە کەرکوکەوە گەیشتە بەندەرى جەیهان و لەوێشەوە بۆ بازاڕەکانى جیهان.

درێژی هێڵى بۆرى کەرکوک- جەیهان هەزار و 125 كیلۆمه‌تره‌ كه‌ 625 كیلۆمه‌تری ده‌كه‌وێته‌ نێو خاكی توركیاوه‌. ساڵی 1990 بۆرییەکە به‌هۆی ئه‌و سزایانه‌ی له‌ ئه‌نجامی داگیركردنی كوەیت به‌سه‌ر بەغداد سه‌پێندرابوو، به‌ڕووی گواستنه‌وه‌ی نه‌وتدا داخرا. ئه‌گه‌رچی بۆ ماوه‌یه‌كی كاتیی له‌ ساڵی 1991دا كرایه‌وه‌، به‌ڵام له‌ ساڵی 1996دا به‌شێك له‌ سزاكان هه‌ڵگیران و هه‌نارده‌ی نه‌وت بۆ توركیا ده‌ستیپێكرده‌وه‌، ئەویش لە چوارچێوەى پرۆگرامى نەوت بەرامبەر خۆراک.

مانگی ئازارى ساڵی 2012 هه‌نارده‌ی نه‌وتی عێراق بۆ توركیا لەرێگەى ئەم هێڵەوە گه‌یشته‌ به‌رزترین ئاست له‌ پاش ساڵی 1989ەوه‌ کاتێک دوو ملیۆن و 317 هه‌زار به‌رمیل لەو مانگەدا هەناردەکرابوو.

بەڵام لە ساڵانى دواتردا پەیوەندییەکانى عێراق لەگەڵ تورکیا لەبوارى نەوتدا رووى لە گرژیی کرد پاشئەوەى حكومه‌تی هه‌رێم مۆڵه‌تی كاركردنی دایه‌ كۆمپانیا ئه‌مریكی و توركییه‌كان تاوه‌كو بێن و له‌ کەرتى نەوت و وزەى هه‌رێمی كوردستاندا كاربكه‌ن.

سەربارى ناڕەزایەتى و هۆشدارییەکانى بەغداد، ساڵی 2014 هه‌نارده‌ی نه‌وتى هه‌رێمی كوردستان لەرێگەى بۆرییەوە بۆ توركیا ده‌ستیپێكرد کە بۆماوەى نزیکەى نۆ ساڵ بەردەوامبوو تاوەکو لە كۆتاییه‌كانی مانگی ئازارى ئەمساڵ بەهۆى بڕیارێکى‌ دادگای نێوبژیوانیی پاریس هەناردەى نەوتى هەرێم راگیرا و سزای ملیارێك و 400 ملیۆن دۆلاریش به‌سه‌ر توركیادا سه‌پێنرا بەتۆمەتى ئەوەى‌ پێشێلی رێككه‌وتنه‌كانی نێوان بەغداد و ئەنقەرەى کردووە.

ئه‌گه‌رچی توركیا نه‌یده‌ویست ئه‌و پێبژاردنه‌ بدات كه‌ دادگای نێوبژیوانیی پاریس به‌سه‌ریدا سه‌پاندبوو، به‌ڵام هۆكاری ده‌ستپێنه‌كردنه‌وه‌ی هه‌نارده‌ی نه‌وتی هه‌رێمی بۆ زیانمه‌ندبوونی هێڵی بۆری گواستنه‌وه‌ی نه‌وتی كه‌ركوك-جه‌یهان ده‌گه‌ڕانده‌وه‌ بەهۆى بومەلەرزەکانەوە لەکاتێکدا له‌ كۆتایی مانگی ئازاره‌وه‌ هه‌نارده‌ی نه‌وت راگیرابوو كه‌ ده‌كاته‌ نزیكه‌ی مانگ و نیوێك دوای روودانی بوومه‌له‌رزه‌كان.

ئێستا ماوه‌ی هه‌شت مانگه‌ پرسی راگرتنی هه‌نارده‌ی نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان خاڵی ناكۆكی نێوان هه‌ریه‌ك له‌ بەغداد، ئه‌نقه‌ره‌ و هه‌ولێره‌، ئه‌نقه‌ره‌ نایه‌وێت بچێته‌ ژێرباری سزا و پێبژاردنه‌كان و خوازیاره‌ به‌گوێرەى ئه‌و رێككه‌وتنه‌ی له‌گه‌ڵ هه‌ولێر كردوویه‌تی، سوودمه‌ند بێت له‌ گواستنه‌وه‌ی نه‌وت، هه‌روه‌ها بڕێكی پێویستی له‌ سووته‌مه‌نی پێبگات به‌تایبه‌ت كه‌ وه‌رزی سه‌رما و سۆڵه‌ له‌ توركیا ده‌ستیپێكردووه‌.

هه‌رچی بەغداده‌، قایل نییه‌ به‌ كرێی گواستنه‌وه‌ی نه‌وت له‌لایه‌ن توركیاوه‌ كه‌ پێشتر دیاریكراوه‌ و ئاماده‌ش نییه‌ تێچووی ده‌رهێنان و گواستنه‌وه‌ی نه‌وت بداته‌ كۆمپانیاكان بەو رێژەیەى کە پێشتر لەنێوان حکومەتى هەرێم و کۆمپانیا نەوتییەکان رێکککەوتنى لەسەرکراوە.

ئه‌وه‌ی ده‌مێنێته‌وه‌ هه‌ولێره‌ كه‌ به‌هۆی وه‌ستانی هه‌نارده‌ی نه‌وته‌وه‌ تووشی گرفتی گه‌وره‌ بووه‌ له‌ دابینكردنی مووچه‌ی مووچه‌خۆران و سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی ساڵی 2023، مانگێكی ماوه‌، حكومه‌ت چاوه‌ڕێیه‌ به‌و گوژمه‌یه‌ی كه‌ بۆ سێیه‌م جار به‌ قه‌رز له‌ بەغدادەوه‌ بۆ مانگی تشرینی دووه‌م دێت، موچه‌ی مانگی ئه‌یلول دابین بكات. جگه‌ له‌ وه‌ستانی پرۆژه‌كان و سستی ئابووری و بازاڕ.

دوێنێ وه‌زیری وزه‌ و سه‌رچاوه‌ سرووشتییه‌كانی توركیا به‌ سه‌ردانێك له‌ بەغداد بوو، بەگوێرەى راگه‌یه‌ندراوی وه‌زاره‌تی نه‌وتی عێراق، هه‌ردوولا گفتوگۆیان کردووە لەسەر بەهێزکردنی پەیوەندیی دووقۆڵییان و هەماهەنگییان لە بواری کەرتی نەوت و وزەدا. بڕیاره‌ سه‌ره‌تای مانگی داهاتووش شاندی هه‌رێم بۆ پرسی نه‌وت سه‌ردانی بەغداد بكه‌نه‌وه‌، تا ئێستا دیار نییه‌ كه‌ی هه‌نارده‌ی نه‌وتی هه‌رێم كه‌ نزیكه‌ی نۆ ساڵ له‌مه‌وبه‌ر به‌شێوه‌یه‌كی سه‌ربه‌خۆ ده‌ستیپێكرد، له‌ژێر چاودێریی و كۆنترۆڵی وردی كۆمپانیای سۆمۆی سه‌ربه‌ حكومه‌تی عێراق ده‌ستپێده‌كاته‌وه‌.

هەواڵی زیاتر

Back to top button