کاتى دەستپێکردنى ئاگربەستى مرۆیی لە کەرتى غەزە راگەیەنرا

زووم:

بەرپرسێکی ئیسرائیلی ئەمڕۆ چوارشەممە بۆ کەناڵی “سی ئێن ئێن” ئاشکرایکرد، کاتى دەستپێکردنى ئاگربەستى مرۆیی لە کەرتی غەزە کاتژمێر ١٠ی بەیانی رۆژى پێنجشەممە بە کاتی ناوخۆیی دەبێت.

ئەم ڕاگەیاندنە سەبارەت بە وادەی ئاگربەست هاوکاتە لەگەڵ لێدوانەکانی بەرپرسانى چەکدارانى فەڵەستینى لە کەرتى غەزە، کە پشتراستیانکردەوە رۆژى پێنج شەممە ئاگربەست دەستپێدەکات، لەکاتێکدا ئیسرائیل هێشتا بە فەرمی سەبارەت بە کاتی ئاگربەستەکە هیچ لێدوانێکى بڵاونەکردووەتەوە.

بەیانى رۆژى چوار شەممە، وەزارەتی دەرەوەی قەتەر لە بەیاننامەیەکدا ئاماژەی بەوەکرد، بە نێوەنگیرى ئەوان و بەهاوکارى و بەشدارى میسر و ئەمریکا ئیسرائیل و چەکدارانى فەڵەستینى گەیشتوون بە رێککەوتنى ئاگربەست.

وەزارەتەکە راشیگەیاند، لە ماوەى 24 کاتژمێردا ئاگربەست بۆ ماوەى پێنج رۆژ رادەگەیەنرێت و بۆ ماوەی پێنج ڕۆژ بەردەوام دەبێت و ئەگەرى درێژکردنەوەشى هەیە.

بە گوێرەى رێککەوتنەکە، بۆ ماوەى پێنج رۆژ ئاگربەستى مرۆیی لە کەرتى غەزە رادەگەیەنرێت، لە بەرانبەردا چەکدارانى فەڵەستینى ٥٠ بارمتە ئازاددەکەن، ئیسرائیلیش ١٥٠ زیندانی فەلەستینی ئازاددەکات، لەگەڵ رێگەدان بە ناردنى هاوکاریی مرۆیی زیاتر بۆ کەرتى غەزە بە سووتەمەنیشەوە.

 

 

هەواڵی زیاتر

Back to top button